5/4/2020 02:57 PM

جیهانی ڕۆحانی لەڕۆمانی ماڵی پشیلەکان

پێشەوا کاکەیی
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بە کورتی باسی بکەم، نە توێژینەوەیە، نە ناوی لێدەنێم خوێندنەوە لەسەر بنەمای میتۆد، چۆن ئەمە کاتێکی زیاتر و خوێندنەوەی وردتری دەوێت، کە ئەوە لێرەدا کاری من نییە، بگرە خوێندنەوەی خۆمە بۆ ئەو ڕۆمانە، لە یەک گۆشەنیگاوە؛ ئەویش ئەوەیە کە پێم وایە ئەم ڕۆمانە: ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانیی و بە سەنتڕاڵبوونی بوونە. ئەم ڕۆمانە، خوێندنەوەی جیاواز و وردتریش هەڵدەگرێت لە ڕووی ڕووداو و شوێن و کارەکتەر و پێکهاتەی دەقەوە، کە ئەوە بۆ لێکۆڵەران و ڕەخنەگران جێی دەهێڵم.
لێرەدا باس لە ڕۆڵی شاشتین، کارینا، ئاغای شەریفی، فریشتە، زیبا، گۆنیللا، پیا و کاللێ، سۆفی و نەنکی و پیا کۆرپ و خۆشەویستەکەی و لوسیفەر و هتد... ناکەین، کە باسێکی دیکەی نێو گێڕانەوەی ڕۆمانەکەن. ئەم ڕۆمانە، کارەکتەرەکانیان لە جوگرافیایەکی ڕۆژاوادایە، لە وڵاتی سویدە. دیسانەوە، نووسەر لە جوگرافیایەکی دیکە ڕۆڵەکان دابەش دەکات. ئەو جوگرافیایە بۆ هەردوو شوێنەکە لە ڕووبەرێکی بچووکدا خوانەکان دەگێڕدرێنەوە. نووسەر لە سلێمانی، باس لە کارەکتەرەکان دەکات کە شوێنیان لە سوید، ئەویش ماڵێکە کە پشیلە کۆیان دەکاتەوە. پشیلە، سەرگوزەشتەی عیشقی پیاو کاللێ هەڵدەداتەوە و لە ڕووتییەوە دەڕوانێت بۆ جەهەری عیشق. لەو ڕۆمانەدا، پشیلەکانن کە هەریەکە ڕووداوێکی وە ئەستۆی خۆی گرتووە، پشیلە خۆشەویستیی و کینەی کارینا و گۆنیللامان لە کۆتاییدا بۆ باس دەکات کە گۆنێللا و کارینا دایک و کچن، لە ئەنجامی چییەوە ئەو کینەیە سەری هەڵداوە. بەهەرحاڵ، لێرەدا خوانی چل ڕۆژەکە ناگێڕینەوە و دابەشی ڕۆڵی کارەکتەر و شوێن و ڕووداوەکان بکەم، وەک لەسەرەوە گوتم ئەمە بۆ خوێندنەوە و کەسانی دیکەی جێدەهێڵم.
ئەم ڕۆمانە، پێش هەموو شتێک دەتوانم بڵێم ماڵێکە، دوور لەو ماڵەی کە ڕۆمانی کوردی بیناسازیی تێدا دەکات. بەو واتایەی بیناسازیی کوردی، کەرەستەکانی وە کارهێنانی لە مێژووی خانوودروستکردندا، کەرەستەکانی خۆماڵی بوون. لەم بیناسازییەدا، جۆرێکی تر ماڵی کوردی لە ڕۆمانی کوردیدا بونیاد نراوە، کە وەستاکەی کوردە، بەڵام کەرەستەکانی جیهانین؛ ئەمیش مانای ئەوە نییە، ماڵەکە دوورە لە ماڵی کوردی، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، لەم ماڵەدا کوردێک دەبێتە بونیادی گێڕانەوە. ئەم ڕۆمانە، فەزاسازیی نوێی دروست کردووە بۆ ڕۆمانی کوردی. لێرەدا دەمەوێت بڵێم، دەگمەن قسەم لەسەر ڕومانی کوردی کردووە، چۆن ڕۆمانی کوردی هەمووی لە فەزایەکدا دەخولێتەوە، یەک مەکینەیە بۆ بەرهەمهێنانی گێڕانەوە. مانای ئەوە نییە قسەکەم ڕووی لەوە بێت بڵێم ڕۆمانی کوردی فەزاسازیی تێدا نەکراوە، کرچوکاڵە، نا، ڕۆمانی کوردیش پێشڕەوییەکی باشی بە خۆوە بینیوە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بیر و ڕامان و مێژوو و شکستی سیاسیی حیزبیی کوردی و سەراوبنکردنەوەی مێژوو بە دەست کورد خۆیەوە و جوانی عیشق و دەرهاویشتەکانی، هتد... لە ڕۆمانەکانیدا بناغە هەیە، بەڵام زۆرینەی ڕووداوەکان و کەرەستەکان لە نێو ماڵێکی کوردیدایە و بناغەیەکی بۆ ئەندێشەکاری خوێنەری کوردی خوڵقاندووە. لای خۆم ئەوانە پێشەنگی ڕۆمانووسی کوردن بەختیار عەلی و عەتا نەهایی و عەتا محەمەد و جەبار جەمال غەریب و بەیان سەلمان و سەید قادر هیدایەتی و هتد... لێرەدا نامەوێت ناوی ڕۆمانووسەکان ڕیز بکەم چۆن قسەمان لەسەر بەراوردکاری ڕۆمانی کوردی نییە، بەڵکوو ڕۆمانی کوردی لە ئاستێکدا باس دەکەم، کە کەرەستەی جیهانیی و کەرەستەی کوردییە لە ڕۆماندا. گەر وردتر قسە بکەم و بە خاڵێک قسە بکەم، لە ڕۆمانی کوردیدا، کێڵگەیەک هەیە کە بۆ گێڕانەوەی سیاسیی و مێژوو و شکستی خۆشەویستی و هتد...ە، ئەم ڕۆمانەی هیوا قادر، ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانییە، بە زمانێکی کوردی. بە زمانێکی زۆر سادە و پاراوی کوردی، بەڵام قووڵ و جوان. بۆچی دەڵێین جیهانی ڕۆحانی؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە نووسەر زۆر ڕۆحانیانە کێشەی مرۆڤ و پشیلە، کێشەی بوون و بوونێکی تر دەکاتەوە بە هەمان کێشەی بوون؛ بە واتایەکی دی، جەوهەری کێشەکە، هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی جیهانی بوون. ئێمە لە کوێی بوونداین. لە چ ئێستایەکی گێڕانەوەداین. ئەم ڕۆمانە، بیرکردنەوەمان بۆ خوێندنەوە دەگۆڕێت، ئەگەرچی لە دۆخێکدا هاتۆتە بەرهەم کە بە دەست کێشەی سیاسیی و ناتەبایی و قەیرانی فیکر و هتد... کورد خوێندنەوەکانی بۆ ڕووداوەکان هەیە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا سەرباری ئەوەی کە نووسەرەکە خۆی کوردە، بەڵام دەتوانێت لە کێشە ناوخۆییەکاندا بێتە دەرەوە و شەپۆلی ئەندێشەکانی بباتە دەرەوە و لە کێشەی دیکەش قووڵتر وردبێتەوە کە کێشەی خودی بوونە، بۆ تێڕوانین دەیکاتەوە کەرەستەی نووسین. مانای ئەوە نییە، نووسەر خەیاڵی خۆی لە کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژگار بدزێتەوە کە بەرهەمی خودی سیاسییەکانە، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکە بەوە دەست پێ دەکات، کە: یووسف موهەمەد، کە تاکە کارەکتەری کوردی نێو ڕۆمانەکەیە، دەزانێت کورد بوونی چ کێشەیەکە، بەڵام ناتوانێت لێ ڕاکات، هەربۆیە شەوێک لە باڕمەنێکدا لەگەڵ نەژادپەرستێکی تورکدا بە نێوی «ئۆزدن» لە کاتی مەستیدا تووشی دەمەقاڵەیەک دەبێت و گاڵتە بە کێشەی کوردبوونی دەکات و دەڵێت تۆ نیت، بەم هۆیەشەوە یووسف پەلاماری دەدات و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات و لێی دەدات، تا وای لێ دەکات کە تورکەکە بڵێ: کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان هەیە و کوردیش لە تورکیا دەژی، بە بەرچاوی هەموو خەڵکانی ناو باڕمەنەکەدا. بەو هۆیەوە سزای چڵ ڕۆژ بەسەریدا دەسەپێندرێت و لەو چل ڕۆژەدا، گێڕانەوەکانی لە ڕۆمانێکدا یادداشت دەکات. لێرەدا من هیچ ڕووداوێک ناهێنم شی بکەمەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتیی لێی دەدوێم.

دەمەوێت بڵێم، بۆیە سەرەتا باسی ئەو خاڵە دەکات، کە کوردستان نەک لەسەر نەخشەی جیهان نییە، بەڵکوو کورد دەتوانێت ڕۆمانی جیهانییش بخوڵقێنێت. خاڵێکی سەرەکی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کە یووسف موهەمەد لە قەزیەی ناسیۆنالیزمەوە بڕوانێتە قەزیەی جیهانی، بەو واتایەی کە یووسف سەرباری ئەوەی کە کوردبوون شووناسێکی وجوودیەتی، دەتوانێت شووناسی تر لە خۆیدا بخوڵقێنێت. سیحری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە یووسف موهەمەد لە ناسیۆنالیستێکەوە دەبێتە پیاوێکی ڕۆحانی و میهرەبان. تێڕوانینی بۆ بوون دەگۆڕێت، بەڵام دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت کە کوردبوونییەتی، چۆن سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، بگرە لەپاڵ غەمی بوونی کوردبوونی غەمێکی دی دەسازێنێت کە کێشەی بوونی مرۆڤ و گیاندارە، مرۆڤ و ئەوی دیکەی ڕۆح. ماڵی پشیلەکان، ڕۆمانێکە بۆ تێڕوانین لە بوون بە سەنتەر، نەک مرۆڤ سەنتەر. ماڵێکە، جێی هەموو جۆرە پشیلەیەکی ئەفریقیی، ئێرانی، ژاپۆنی، تورکی، سویدی، ئوستڕاڵی، کەنەدی، ڕووسی، هیندی و هتد... دەبێتەوە، ئەمەش جوانی ئەو ڕۆمانەیە کە نووسەر توانیویەتی لەو چڵ ڕۆژەدا، یادداشتەکانی لە کاتی خۆیدا بگێڕێتەوە. ماڵێک بکاتە سەنتەری بوون، کە پشیلەی وڵاتەکانی دی، لە ماڵێکدا جێی بێتەوە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ڕۆحلەبەرمان بۆ بگێڕێننەوە، کێشەیەکەمان بۆ کەشف دەکات ئەویش ئەوەیە پشیلە چۆن کولتووری نەتەوەکان دەخوێنێتەوە و تێڕوانینیان لە ڕۆحلەبەری دیکە چییە. چۆن کورد لەو بە سەنتڕاڵی بوونە دەڕوانێت. سیحری پشیلە لە ناو لم و دەرەوەی لم، لە بۆمبای بۆ ڕووسیا بۆ ئەفریقا تا دوایی، جۆرییەتی ڕەنگ و ڕەگەزی پشیلەکان، ناڕاستەوخۆ چیرۆکی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە.
ئەگەر بڕوانینە ئەو شیعرانەی کە سۆفیا بۆ یووسفیان دەخوێنێتەوە لەمەڕ پشیلەکان، ڕاستییەکەی زمانی پشیلەیە بۆ مرۆڤ کە کەوتۆتە جەنگ و ئاگای لە خۆی نییە، چ جای گیانداری دی.
پشیلە، خۆی دوو جۆری هەیە: پشیلەی ماڵی و پشیلەی کێوی. لەم ڕۆمانەدا، نووسەر بە جوانی کاری لەسەر خاڵی یەکەمی کردووە کە ماڵی پشیلەکانە؛ کە مرۆڤ چۆن لە ماڵی پشیلەکاندا گوێ لە کێشەکانی مرۆڤ دەگرێت کە پشیلە ڕایەڵێکە بۆ کەشفکردنی ئەو نهێنیانە، ئینجا چۆن لە کێشەی ئەوی دیکەی ڕۆح بڕوانێت کە پشیلەیە. خاڵی دووەم، زۆر شارەزایانە نووسەر گرنگی داوە بە پشیلە، کە پشیلەی کێوی غیابە تێیدا؛ بۆیە پشیلەی ماڵی، مرۆڤ وەک پشیلەیەکی کێوی سەیر دەکات و چۆن لە بونیادی مرۆڤ دەڕوانێت و چۆن مرۆڤ دەکاتە بە ڕۆحگەرایی. ئەم ڕۆمانە، هەڵوەشاندنەوەیەک دەکات لە تێڕوانیمان کە جارێکی دی خوێندنەوەی ترمان هەبێت بۆ بوون نەک ڕەنگ و ڕەگەزی بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە پیاو سەگی خۆشدەوێت و ژنیش پشیلە، لێ ئەم ئەو دیدەمان دەگۆڕێت، چۆن لە ماوەی چل ڕۆژدا یووسف مامەڵە لەگەڵ پشیلەدا دەکات، حکایەتەکانی مرۆڤانی دیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ڕێی پشیلەوە. لە کۆتاییدا دەڵێم، هێڵێکی گشتی هەیە لەو ڕۆمانەدا، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ لە میهرەبانیی و ڕۆحی پشیلەوە، دەتوانێت کەڵک لە جوانی بوون وەرگرێت. بۆیە مرۆڤ ئەو سەنتەرە نییە، کە جوانیی و میهرەبانی خۆی بەسەر ڕۆحلەبەری دیکەدا سەپێنێت، چۆن مرۆڤ خۆی لە کێشەدایە، پشیلەش هەست بە کێشەی وجوودیی و دەستکردەکانی دەکات و دەتوانێت ئارامیی بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. گەر مرۆڤ بیهەوێت بێ ڕۆحلەبەری دیکە سەنتڕاڵ بێت، ئەوا جیهانی ڕۆحلەبەریی دیکەش دەتوانێت بێ مرۆڤ سەنتڕاڵ بێت. ئەوە زمان و پەیوەندییە، چۆن دەگەڵ بوون و جیهانی بووندا خۆ دەسازێنیت. گەر زمان لای ڕۆحلەبەری دیکە نەبێت، ئەوا پەیوەندیی خێرا و خۆشەویستیی وای کردووە خۆی زمان بسازێنێت.
"هەر کەسێک بە ویژدانەوە ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، دەزانێت قۆناغێکی نوێیە لە ڕووبەری ڕۆمانی کوردیدا."




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved