5/4/2020 03:13 PM

کەرەنتینە لە سوید جیاوازە

ئەوروپا چەندین هەفتەیە بە هۆی کۆرۆناوە لە کەرەنتینەدایە. شەقامە قەرەباڵغ و رازاوەکانی ئەم کیشوەرە چۆڵن و تەنانەت لەهەندێک شوێن ئاژەڵە کێوییەکان لەشەقامەکاندا پیاسە ئەکەن. بەڵام سوید وەکو وڵاتێکی ئەوروپی لەم دۆخەدا نییە و هاووڵاتیان بەشێوەی ئاسایی ژیان دەبەنە سەر.
ئەم وڵاتە شێوازێکی جیاوازی گرتۆتە بەر و لەوێ کەرەنتینە، داخرانی فرۆشگە و پارک، داخرانی سنوور و قەدەغەی هاتوچۆ لەئارادا نییە. بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەجیاتی دانانی یاسای لەم چەشنە، پشتیان بە هاوکاری خەڵک بەستووە و داوایان لێکردوون کە خۆیان لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 50 کەس بپارێزن و هەروەها داوای لە بەساڵاچووان کردووە لەماڵەوە بمێننەوە.
ئەم وڵاتە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەنها تەرکیزی کردۆتە سەر کەرەنتینە کردنی کەسانی نەخۆش و بەساڵاچوو و هەوڵی داوە کاروپیشەکان دانەخات بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی تووشی زیان نەبێت. بەگوتەی کارناسان مەبەست لەم کارە ئەوەیە کە لەدرێژخایەنیشدا بتوانێ رێوشوێنە گونجاوەکان بە رێگری لەم نەخۆشییە درێژە بدات، چونکە سیاسەتی کەرەنتینە لە دوارۆژدا هیچ کاریگەرییەکی نییە و خەڵک ماندوو ئەکات.
ئەو کەسانەی داکۆکی لەم شێوازانە ئەکەن لەسەر ئەو بڕوایەن کە بە پابەندبوون بە رێنماییەکان، هەم ئابووری و هەم سیستەمی تەندروستی بە سەلامەتی لەم قەیرانە دەرباز دەبن و وەکو وڵاتانی دیکە ئابوورییەکەیان تووشی زیانی قورس نابێت. بەم حاڵەوە بەشێک لە خەڵک لەم شێوازە بەگومانن. بەپێێ ئامارە فەرمییەکانی سوید، ژمارەی تووشبووان بە کۆڤید-19 لەم وڵاتە 6078 حاڵەتە و 333 کەسیش بەم هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. هەر بۆیە کۆمەڵێک لە پسپۆڕان لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسان کردووە هاتوچۆ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان سنووردارتر بکەنەوە.

 

سەرچاوە: forbes

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved