7/4/2020 12:59 PM

بۆرخێس

خۆرخە لویس بۆرخس ساڵی 1899 لە "بۆینس ئایرس"ـی پایتەختی ئەرجەنتین لەدایکبووە و یەکێکە لە گەورە نووسەرانی ئەمریکای لاتین(باشوور). ناوبانگی ئەم نووسەرە زیاتر بەهۆی ئەو شۆڕشەوە بوو کە لە ژانری "کورتە چیرۆک"ـدا هێنایە ئاراوە.
ئەم نووسەرە تا تەمەنی 11 ساڵان هەر لە ماڵەوە خوێندوویەتی و فێری زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی بووە. سەرجەم بنەماڵەکەی لەساڵی 1914ـدا بۆ چارەسەری کەم بینایی باوکیان رۆیشتن بۆ جینەڤی سویسڕا و تا کۆتایی دەیەی 20 لە ئەوروپا مانەوە. بۆرخێس لەوێ چووە قوتابخانە و زمانەکانی فەڕەنسی و ئەڵمانی فێر بوو. لە 1921ـدا گەڕانەوە بۆ "بۆینس ئایرس" و بۆرخێس یەکەم دیوانە شێعری خۆی بەناوی "سۆزی بۆینس ئایرس"ـی لە تەمەنی 24 ساڵاندا بڵاو کردەوە. دوای چەندین ساڵ بۆرخێس بوو بە مامۆستای ئەدەبیاتی ئینگلیزی لەزانکۆی بۆینس ئایرس و پێشتریش سەرۆکی کتێبخانەی نەتەوەیی ئەرجەنتین بوو.
بۆرخێس تەمەنی هەرزەکاری خۆی لە جینەڤ و ئیسپانیا تێپەڕ کرد. تا ساڵی 1930 توانی شەش بەرگ لە کتێبەکانی بڵاوبکاتەوە واتە 3 کۆمەڵە شێعر و 3 کۆمەڵە وتار. لەنێوان ساڵەکانی 1939 بۆ 1949 ئەم نووسەرە سەرجەم کارە ئەدەبییەکانی خۆی نووسی و بڵاوی کردەوە و دواتر زۆر باناوبانگ بوو.
بۆرخێس هەرگیز رۆمانی نەنووسی بەڵام کورتەچیرۆکەکانی شۆڕشێکی گەورەیان لەم ژانرەدا بەدی هێنا. رەخنەگران لایان وایه بۆرخێس یەکێک لە دەسپێشخەرانی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرنە. بۆرخێس ئەگەرچی چەندین جار بوو بە کاندیدای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بەڵام ئەم خەڵاتەی پێ نەبەخشرا. ئەم نووسەرە لە کۆتایەکانی تەمەنیدا نابینا بوو و لە ماوەی سەرۆکایەتی کتێبخانەی نەتەوەیی ئەرجەنتیندا ئەم کێشەیەی هەبوو.
بەشێک لە کتێبەکانی بۆرخێس بریتین لە: کتێبخانەی بابڵ، ئۆلریکا و هەشت چیرۆکی تر، بیرگەی شەکسپیەر و لابیرێنتەکانی بۆرخێس و هتد. بۆرخس ساڵی 1986 کۆچی دوایی کرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved