8/4/2020 01:23 PM

ولیەم فۆکنەر

ولیەم کاتبێرت فۆکنەر، رۆماننوسی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبییە. فاکنێر لە بوارەکانی رۆمان، کورتەچیرۆک، شانۆنامە، شیعر و وتاری ئەدەبییدا چالاکی بووە. ناوبانگی ئەم نووسەرە زیاتر بەهۆی رۆمان و چیرۆکە کورتەکانیەتی کە زۆرینەیان لە شاری "یۆکناپاتافا/ Yoknapatawpha" روو ئەدات، واتە ئەو ناوچەیەیە کە فاکنێر زۆرترین کاتی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە.
فۆکنەر یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی ئەمریکا و بەتایبەتی ئەدەبیاتی باشووری ئەمریکایە. ئەگەرچی زۆرینەی بەرهەمەکانی فاکنێر تا دەیەی 30 بڵاوبوونەوە بەڵام تا ئەو کاتەی لەساڵی 1949 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا زۆر بەناوبانگ نەبوو. "حەکایەت" و رۆمانی "تاڵانچیەکان" خەڵاتی ئەدەبی پۆلیتزەریان دەستەبەر کرد. لەساڵی 1988ـدا رێکخراوی "کتێبخانەی نوی" رۆمانی "هەرا و تووڕەیی" خستە ناو لیستی باشترین رۆمانە ئینگلیزییەکانی سەدەی بیستەم و لەم لیستەدا لە پلەی شەشەمدایە. رۆمانی "گۆڕبەگۆڕ" و "رووناکی لە مانگی ئاگۆست"ـیش هەر لەم لیستەدان. رۆمانی "ئابشالۆم، ئابشالۆم!" زۆر جار لە ریزبەندییەکاندا پلەی باش بەدەست دەهێنێت. فاکنێر بە گەورەترین رۆماننووسی ئەمریکیی نێوان دوو شەڕی جیهانی دێتە ئەژمار.
رۆمانی "هەرا و تووڕەیی" لەلایەن مامۆستا محەمەد رەمەزانی، نووسەر و وەڕگێڕی بۆکانییەوە کراوەتە کوردی و چاپەمەنی گۆتار چاپی کردووە.
فاکنێر 25ـی 9ـی 1897 لە "می‌سی‌سی‌پی" لەدایکبووە و 4ـی 7ـی 1962 لە هەر زێدەکەی خۆی کۆچی دوایی ئەکات.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved