9/4/2020 02:32 PM

ئازادی بەرزترە لە ژیان

"پاپیۆن/ Papillon" ناوی فیلمێکە بە دەرهێنەری "فرانکلین. ج. شافنەر" کە لەڕاستیدا لە رۆمانێک هەر بەو ناوە وەرگیراوە لەنووسینی "ئانری شاریر". ئەم فیلمە بەرهەمی ساڵی 1973ـیە کە لە فەڕەنسا و ئەمریکا بەرهەمهاتووە. لەم فیلمەدا دوو ئەکتەری بەناوبانگ دەور ئەگێڕن واتە "ستیو مەک‌کوین" و "داستین هۆفمان". Papillon لە زمانی فەڕەنسیدا واتە "پەپوولە".
کارەکتەری سەرەکی رۆمانەکە لەڕاستیدا خودی نووسەرەکەیە و لە فیلمەکەدا بە ناوی خوازراوی "پاپیۆن" دەردەکەوێت. ئەم کارەکتەرە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک داداگایی ئەکرێت و زیندانی تاهەتایی بۆ ئەبڕنەوە و رەوانەی "ناوچەی گوویان" ئەکرێت کە یەکێکە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئەمریکای لاتین(باشووت) لەلایەن فەڕەنساوە. لەم دوورخرانەوەیەدا لەگەڵ "لویس دێگا" کە "داستین هۆفمان" رۆڵەکەی ئەگێرێت ئاشنا ئەبێت. دێگا بە تاوانی ساختەکاری لە بەڵگە و تاپۆ حوکمییەکاندا دەستبەسەر کراوە. دێگا پارەیەکی زۆری پێ دەبێت و زۆرینەی زیندانییەکان ئەم بابەتە ئەزانن و هەر بۆیە بەتەمان بیکوژن، بەڵام پاپیۆن پارێزگاری لە دێگا ئەکات و هەر ئەمەش ئەبێتە دۆستایەتییەکی قووڵ لەنێوان ئەم دووانەدا.
لەماوەی تێپەڕ کردنی دەورانی زینداندا، پاپیۆن چەندین جار بەهۆی پارێزگاری لە دێگاوە دوور ئەخرێتەوە و رەوانەی زیندانی تاکەکەسی دەکرێت. لە کۆتایی چیرۆکەکەدا پاپیۆن پلانێک دائەڕێژێت بۆ ئەوەی خۆی و دێگا و چەند کەسی دیکە رابکەن بەڵام سەرکەوتوو نابن و هەردوکیان دوور ئەخرێنەوە بۆ "دورگەی شەیتان". پاپیۆن لەوێش پلانێکی دیکە بۆ راکردن و رزگاربوون دائەڕێژێت بەڵام دێگا بە قسەی ناکات و بەناچاری بەتەنها خۆی ئەخاتە ناو دەریاوە و دەرباز ئەبێت و دێگاش هەر لەو دوورگەیەدا ئەمرێت.
ئەم فیلمە یەکێک لە شاکارەکانی مێژووی سینەمایە و لەگەڵ دەرخستنی رەفتاری نامرۆڤانە و توندوتیژی لەڕادەبەدەری حکومەتی فەڕەنسا بەرامبەر بە زیندانیان، ئەوەمان بۆ روون ئەکاتەوە کە هەمیشە مەجال و دەرفەت بۆ رزگاری و ئازادی هەیە، بەو مەرجەی خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایین بین. هەر بۆیە پاپیۆن ژیانی کۆیلەیی جێدەهێڵێت و خۆی ئەدا بە دەریادا و دواجار وەک مرۆڤێکی ئازاد دەست دەکاتەوە بە ژیان.

 

خاک _ پشکۆ کامەران 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved