10/4/2020 05:07 PM

باخچەکانی سەرۆک


باخچەکانی سەرۆک سێیەمین ڕۆمانی نووسەری عێراقی موحسن ئەلڕەملییە، پاش هەریەکە لە ڕۆمانەکانی وردوخاشی پەرتەوازە و خورمای سەر پەنجەکان. هەرچەند دەربارەی ئەم ڕۆمانە بنووسرێت کەمە. ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠١٣ چووەتە لیستی درێژی خەڵاتی بوکەر بۆ ڕۆمانی عەرەبی. پاش وەرگێڕانی بۆ ئینگلیزی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی  وەک یەکێک لە باشترین کتێبەکانی ساڵی ٢٠١٧ هەڵیبژارد. باخچەکانی سەرۆک ڕۆمانێکی واقعییە و مێژووی زیاتر لە چل ساڵی عێراق لە فۆرمێکی ئەدەبیدا دەگێڕێتەوە، تێیدا  لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و دەروونییەوە مێژووی عێراق تۆمار دەکات. نووسەر ڕەتی دەکاتەوە قوربانیانی جەنگەکان بە ژمارە بێنە بەر باس، بەڵکو ئەوان کەسانێکن خاوەنی مێژوو، خێزان، خەون و چەندین وردەکارین. هەر تاکێکیان بۆ خۆی جیهانێکە. ئەگەر هەر یەکێک لەو قوربانیانە کتێبێک بووایە، عێراق دەبوو بە کتێبخانەیەک تەنانەت پێڕستکردنیشی ئەستەم دەبوو. نووسەر هەر لە پێشکەش کردنی ڕۆمانەکەیەوە بەمجۆرە دەست پێدەکات: پێشکەشە بە:
ڕۆحی ئەو نۆ خزمەم، کە لە سێیەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠٠٦ز سەربڕدران
هەموو ستەمدیدەکانی عێراق:
ئەی مردووان .. لە خەمە تاڵەکانمان بۆ ئێوە بمانبەخشن.. بەئارامی سەر بنێنەوە.
ئەی زیندووەکان.. ئەوەی پێتان دەکرێت بیکەن بۆ لێبوردەیی، بۆ ئاشتی.
ئەم ڕۆمانە باسی سێ هاوڕێ دەکات لە دێیەکدا، لە پێش لەدایکبوونیان هەتا ئەو کاتەی پیر دەبن. ئەوانیش تارقی سەرسام، ئیبراهیمی قسمەت و عەبدوڵڵای کافکا، کە منداڵی و هاوڕێیەتی کۆی کردنەوە و جەنگ لەیەکتری جیا کردنەوە. نووسەر لە ڕێگەی ژیاننامەی کۆمەڵایەتییانەوە مێژووی عێراق دەگێڕێتەوە هەر لە جەنگی عێراق – ئێران، جەنگی کوێت، ڕاپەڕین، ئابڵۆقەی ئابووری، هەژاری، دیکتاتۆرییەتی ڕژێمی پێشوو، دیلەکانی ئێران، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دواتر ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣.
نووسەر دەڵێت سەرەنجام هەموو جەنگەکان هەر نەریتین، بەو پێیەی ئامانج لێیان ئەوەیە کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان، کۆمەڵێکی دیکەیان بکوژن.
ئەم ڕۆمانە شایستەی ئەوەیە لە هەموو ماڵێکی عێراقیدا بوونی هەبێت.
نووسەر: موحسن ئەلڕەملی
وەرگێڕ: ڕەنجدەر جەبار
چاپی یەکەمی خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی چوارچرا لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوی کردووەتەوە و چاپی دووەمی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ئامادەیە بۆ چاپکردن




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved