10/4/2020 05:17 PM

سەکۆی مەککە


ڕەنجدەر جەبار
ئەمڕۆ سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕۆمانی دکة - مکة بووم، کە بەرهەمی نووسەری عیراقی زید_عمران ساڵی ٢٠١٨ بڵاو بووەتەوە. وەرگێڕ شێرزاد هەینی کردوویەتی بە کوردی و بە ناوی سەکۆی مەککە بڵاوی کردووەتەوە و لە کتێبخانەکان بەردەستە. بەهۆی بەهێزی چنین و جوانی تێمای ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانی هەر ئەمڕۆ لە خوێندنەوەی بوومەوە.
تێمای سەرەکی ڕۆمانەکە دەربارەی سیستمی کۆیلایەتی و وردەکاری و نهێنی و ڕاستییەکانی لە وڵاتی سعودییە دەخاتە ڕوو، کە تا ساڵی ١٩٦٢ بەرکار بووە و دواتر بە فەرمانی شاهانە لە سەردەمی شا فەیسەڵ کوڕی عەبدولعەزیز هەڵوەشێنرایەوە. نووسەر بە شێوازێکی هونەری جوان و لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیدا ئەو ڕاستییە مێژووییانەی خستووەتە ڕوو. هەرچەندە ئەم سیستمە پێشتر لە وڵاتە عەرەبییەکان و درەنگوەختێک لە سعوودییەش لەکار خرا، بەڵام لەو دیو یاسا و لە چوارچێوەی سیستم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و خێڵەکییەکاندا ئەم دیاردەیە بوونی هەیە. بۆ نموونە لە ناو هەندێک لە هۆزەکانی عێراق تیرەیان هەیە بە ناوی (العبید)، کە سەرۆک هۆزە دەسەڵاتدارەکان هەر وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن و هەمان تێڕوانینی پێشوویان هەیە بۆیان، ئەوانیش لە لای خۆیانەوە ئەم سەردارانە بە خاوەنی ڕۆح و جەستەی خۆیان دەزانن و لە ماڵەکانیان و ئەو شوێنانەی ئەم سەردارانە بیانەوێ خزمەتیان دەکەن، جا لە هەر شوێن و پێگەیەکدا بن.
ئەم دۆخە لە وڵاتانی کەنداویش بە هەمان شێوەیە. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەو کرێکارانەی لە وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە دێن بۆ کارکردن لە وڵاتانی کەنداو و لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە هەمانجۆر ئەو ڕێکارانەی بەرامبەریان پیادە دەکرێت بە شێوەی کۆیلە و نیمچەکۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە لێرە بواری تیشک خستنە سەر ئەو یاسا بەرکارانە نییە.







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved