11/4/2020 02:08 PM

پاراستنی باری دەروونی لە دەورانی کەرەنتینەدا

تا چەند مانگ لەمەوبەر کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە رۆژێک دەستەواژەیەکی وەکو "کەرەنتینە" یان "قەدەغەی هاتوچۆ" ببێتە سەردێری رۆژنامە و میدیاکان. ئێستا گرنگ نییە لە کام سووچی گۆی زەویدا ئەژین، چونکە "مانەوە لە ماڵەوە" بۆتە یاسایەکی گرنگ بۆ پاراستنی تەندروستی خۆمان و دەوروبەرمان. بەڵام لە دەورانی کەرەنتینەدا بەهۆی مانەوە لە ماڵەوە باری دەروونیمان لەوانەیە تێک بچێت و هەر بۆیە دەبێ هەندێک رێنمایی بۆ ئەم مەبەستە بگرینە بەر. لەدرێژەدا ئاماژە بە چەند دانە لەم رێنماییانە ئەکەین.

پلانی رۆژانە
هەموو رۆژێک کە لە خەو هەڵدەستن بەر لە هەر شتێک لیستێک لەو کارانەی کە بەتەمان ئەنجامی بدەن بنووسن. بە ئەنجامدانی ئەم کارە هەست ئەکەن دۆخەکە ئاساییە و کاتەکانتان بەفیڕۆ ناچێت.

ئاگاداری لە جەستە

خواردنی تەندروست بخۆن، بەڕادەی پێویست بخەون و وەرزش بکەن. بەگشتی هەوڵ بدەن جەستەتان جوڵەی هەبێت، چونکە دانیشتنی زۆر هەم کێشتان زۆر ئەکات هەم کاریگەری نەرێنی لەسەر باری دەروونیتان ئەبێت.

یارمەتی گەیاندن بە خەڵک
ئەوەی کە یارمەتی خەڵک بدەیت رێکارێکی باشە بۆ پاراستنی باری دەروونی لە کاتی کەرەنتینەدا. بۆ نموونە ئەتوانن پێداویستی رۆژانەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن بێنە دەرەوە دابین بکەن. هەر لە کڕینی کەلوپەلی رۆژانەوە هەتا پاککردنەوەی دەرکە و بان و شتی لەم چەشنە.

راگرتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ خەڵک
لەکاتی کەرەنتینەدا ئەگەرچی ناتوانن راستەوخۆ لەگەڵ خەڵک لە پەیوەندیدا بن، بەڵام  سۆشیاڵ میدیا مەجالێکی باشە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان درێژەی هەبێت. هەوڵ بدەن ناوبەناو پەیوەندی بە دۆست برادەر و خزمانەوە بگرن.

 

سەرچاوە: cnbc

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved