11/4/2020 02:50 PM

قەڵای مێژوویی زێویە

قەڵای مێژوویی زێویە لە 55 کیلۆمێتری باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندی زێویە و لە سەر گردێک ھەڵکەوتوە.
ڕووبەری ئەم قەڵایە زیاتر لە 16 دۆنمە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری 90 بۆ 110 مەتر دەبێت و ھەر ئەم ئاستی بەرز بوونە وایکردوە کە بەتەواوی بە چوار دەوری خۆیدا بڕوانێت و دیمەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی ھەیە.
زێویە یا ئیزیپیە یا زیپیا لە سەدەی ھەشتەمی پێش زایینەوە یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری ھۆزی ماننا بووە و لە کتێبە ئاشوورییەکان بە ناوی گەلی "مێننی" ناوی هاتووە و باس لەوە کراوە کە ئەم شوێنە زۆر جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ئاشوور و ئورارتۆوە ھێرشی کراوەتە سەر، بەڵام ئەم گەلە ھیچکات نەبەزیوە و قەڵاکەی بە دەستەوە نەداوە. شایانی باسە کە یەکەم جار ناوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووھەمدا تۆمار کراوە.
گرینگی و ناوبانگی جیھانی قەڵای زێویە بۆ کاتێک دەگەڕێتەوە کە ساڵی 1947 بە ھۆی باران و لافاوەوە بەشێک لە قەڵاکە داد‌‌ڕووخێت و خۆی دەردەخات و بەم ھۆیەوە سەدان پارچە ئاسەواری دەگمەن و بە نرخ لەم قەڵادا دۆزرایەوە. پاش ئەو ڕووداوە کەسێک بە ناوی ئەیووب ڕبنۆ کە د‌‌ەگوترێت جوولەکە بووە، ئیزنی دەرھێنان و گەڕان بە دوای ئاسەوارەکانی ئەم قەڵا لە دەسەڵاتدارانی رژیمی پەھلەوی وەردەگرێت و ناوبراو 8 ساڵ بە شێوەی بەردەوام 95٪ـی قەڵاکە و زەوییەکانی دەوروبەر و گۆڕستانی مێژوویی زێویە ژێر و ژوور دەکات و ھیچ ئاسەوارێک لەم قەڵا و لە پارچە ئاسەوارە بە نرخ و بێ وێنەکانی ئەم شوێنە ناھێڵێتەوە.
ھەنووکە ئاسەوارەکانی قەڵای مێژوویی زێویەی سەقز، ڕازێنەرەوەی مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهانە، بۆ نموونە: مۆزەخانەی "لۆڤەر"ـی فەڕەنسا، مۆزەخانەی لەندەن، مۆزەخانەی "ئاڕمیتاژ" لە لینینگراد و مۆزەخانەی ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل و مۆزەخانەی نیویۆرک، فیلادێلفیا و دەیان مۆزەخانەی گرینگی دیکە لە جیھاندا و تەنھا بەشێکی بچووک و کەم لە ئاسەوارە زێڕەکان، زێوەکان و قوڕینەکان لە دەست ڕێکخراوەی میراتی کولتووری کوردستاندایە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved