13/4/2020 03:08 PM

ولیەم بلەیک

ولیەم بلەیک، شاعیر و شێوەکاری بەریتانییە و داهێنەرێ شێوازێکی شێعری تایبەتە لە ئەدەبی ئینگلیزیدا.
بلەیک ساڵی 1757 لە بنەماڵەیەکی ئاساییدا لەدایک بوو. تا تەمەنی 10 ساڵان نەچووە قوتابخانه و لە ماڵەوە ئەیخوێند. پاشان رەوانەی قوتابخانه کرا و لە بەشی "نەخشە کێشانەوە"ـدا دەستی کرد بە خوێندن. هەر لە سەرەتای مناڵییەوە رۆحێکی هونەری داهێنەرانەی هەبوو و سۆزێکی تایبەتی بۆ شێعر دەنواند. هەر لەو ساڵانەدا بلەیک رووی کردە خوێندنەوەی کتێبە فەلسەفی و ئەدەبییەکان. ئەزموونە سێحراوەییەکانی ژیانی، بوون بە هەوێنی نووسینی شێعر لە داهاتوودا.
ولیەم بلەیک کۆمەڵە شێعرێکی لە ساڵی 1789ـدا بڵاو کردەوە بەناوی "سروودەکانی پاکی/ Songs of Innocence" و پاشان کۆمەڵە شێعری "سروودەکانی ئەزموون/ Songs of Experience"ـی لە ساڵی 1794 و بە دیزانێکی تایبەتەوە چاپ کرد. ئەم بەرهەمانە لەگەڵ پێشوازی خەڵک رووبەڕوو بوونەوە و بلەیک بوو بە یەکێک لە شاعیرە بەناوبەنگەکانی سەردەمی خۆی. ناوەرۆکی شێعرەکانی بلەیک زیاتر بە دەور و پشتی "دژایەتی لەگەڵ سیستەمی کڵێسا"، "چەمکی ئازادی"  و "عیرفان"ـدا ئەسووڕێتەوە. رەخنەگری بەتوانای کەنەدایی "نۆرترۆب فرای" لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا بەناوی "شرۆڤەی رەخنە" بە چڕی باسی شێعرەکانی بلەیک ئەکات.
ئەم ئەدیب و شاعیرە ئینگلیزییە ساڵی 1827 کۆچی دوایی کردووە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved