13/4/2020 03:10 PM

هەوڵەکانی لیڤەرپۆل بۆ کڕینی "جادۆن سانچۆ"

"جادۆن سانچۆ"ـی هێرشبەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند لەگواستنەوەکانی هاوینەی 2020ـدا بەردەوام بە یانەی لیڤەرپوڵەوە دەبەسترێتەوە و یانە ئینگلیزییەکە کۆتا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا دەکات.
جادۆن سانچۆ لەم وەرزەدا لە ڕیزەکانی بروسیا دۆرتمۆند ئاستێکی ئەفسانەیی پێشکەشکردووە و سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنها 20 ساڵە، بەڵام سەرنجی یانە زەبەلاحەکان بۆ نموونە یانەی لیڤەرپوڵی راکێشاوە.
ماڵپەڕی گۆڵ ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی یانەی بروسیا دۆرتمۆند بەرامبەر گواستنەوەی یاریزانەکەیان داوای بڕی 100 ملیۆن پاوەند دەکەن، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانەی لیڤەرپوڵ هەرگیز ئامادەنییە پێشکەشی بکات.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەر ئیدارەی یانەی دۆرتمۆند بەردەوامبن لە داواکارییەکانیان و نرخی یاریزانەکە کەمتر نەکەنەوە، ئەوا لیڤەرپوڵ بەفەرمی لەگفتوگۆکان دەکشێتەوە و لەبری کڕینی سانچۆ، ئەو بڕە پارەیە لە کڕینی دوو تا سێ یاریزانی تردا بەکاردەخات.
بۆندی سانچۆ تا 2022 بەردەوامی هەیە و لەم وەرزەدا لەکۆی 35 یارییدا 17 گۆڵی تۆمار کردووە و 19 گۆڵی دروستکردووە، بووەتە یەکێک لە باشترین باڵە هێرشبەرییەکانی جیهان.
لەحاڵی کشانەوەی لیڤەرپوڵدا، تەنها یانەی مانچستەر یونایتد لەناو هاوکێشەکەدا دەمێنێتەوە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە هاوینی 2020 ڕوو لە یانە سوورە زەبەلاحەکەی شاری مانچستەر دەکات.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved