14/4/2020 10:27 PM

ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك شامپۆی منداڵدا ده‌گیرێت

به‌هۆی خراپبوون و نه‌شیاوی بۆ به‌كارهێنان، له‌لایه‌ن لیژنه‌‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك‌ شامپۆی منداڵ و هه‌ویری ددان شتندا ده‌گیرێت.

هاوڕێ محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، له‌ كۆگاكانی ناوچه‌ی ژاڵه‌و به‌هۆی خراپبوونیانه‌وه‌،‌ ده‌ست به‌سه‌ر (102) كارتۆن شامپۆی منداڵ و (25) كارتۆن هه‌ویری ددان شتندا گیراوه‌‌.

وتیشی: شامپۆ ده‌ست به‌سه‌ردا گیراوه‌كه‌‌ له‌ دوو هه‌زارو (448) دانه‌و هه‌و‌یری ددان شتنه‌كه‌ش له‌ سێ هه‌زار و (600) دانه‌ پێكهاتوون كه‌ سه‌رجه‌میان ماوه‌یان به‌سه‌رچووه‌و شیاوی به‌كارهێنان نین.

روونیشيكرده‌وه‌:‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان جه‌خت له‌ به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و خۆراك و مادده‌ پاككه‌ره‌وانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ماوه‌ی به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچووبێت، چونكه‌ پێكهاته‌كانیان ده‌گۆڕیت و ده‌بێته‌ ماده‌یه‌كی زیانبه‌خش و زیان به‌ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.

هاوڕێ محه‌مه‌د داوا له‌ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات، له‌كاتی كڕینی پێداویستییه‌كانیان به‌وردی سه‌رنج بده‌ن له‌ به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونیان و له‌كاتی هه‌بونی هه‌ر كاڵاو شمه‌كێكی خراپ و ماوه‌به‌سه‌رچوو، له‌ڕێی ژماره‌ (07708677777) و په‌یجی فه‌رمی (قائیمقامیه‌تی سلێمانی) لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی سه‌رجه‌میان له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved