15/4/2020 03:35 PM

میسباحولدیوانی ئەدەب

ئەدەبی‌ شاعیر ناوی‌ تەواوی‌ عەبدوڵڵا کوڕی‌ ئەحمەد بەگی‌ برایم بەگی‌ رۆستەم بەگی‌سەیفەدینە.‌ بە "میسباحولدیوان" ناسراوە، گۆیا حاکمی ئەو کاتی تەورێز ئەم نازناوەی پێداوە. ساڵی‌ 1859  لە گوندی‌ ئەرمەنی‌‌بڵاغی‌ سەر بە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی‌ خوێندەواردا لەدایک بووە.‌ ھەر لەمنداڵیەوە خراوەتە بەر خوێندن و مامۆستای‌ تایبەتی‌ بۆ تەرخان کراوە و فێری‌ خوێندنەوە و نووسینی فارسی‌ و عەرەبی‌ بووە . پیاوێکی دەس‌ڕۆیشتوو و بەدەستەڵات بووە.
ئەدەبی‌ شاعیر لە تەمەنی‌ بیست ساڵیدا باوکی‌ رەوانەی شاری‌ تارانی دەکات بۆ خوێندن. لە تەمەنی‌ 35 ساڵیدا تووشی‌ نەخۆشی‌ لەرزۆکی‌ دەبێت و بۆ چارەسەر دەچێتە وڵاتی‌ روسیا و  پاش چاکبوونەوەی‌ لە ساڵی‌ 1910ـدا دێنە ناوچەی‌ شارەزور و ماوەیەک دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە موکریان و نەخۆشیەکەی‌ سەری‌ لێ‌ ھەڵدەداتەوە و تەواو ئیفلیج دەبێت.
ئەم شاعیرە شارەزایی‌ باشی‌ ھەبووە لە کاری‌ پزیشکی‌ و وێنەگری‌ و مۆسیقای‌ بەباشی‌ زانیوە . شیعرەکانی‌ ئەدەب بە شێوازی غەزەلی غەرامی‌یە . ھیچ خەیاڵ‌ و ئارەزوویەکی‌ دیکەی نەبووە، جگە لەوەی‌ کە لەگەڵ‌ خۆشەویستەکەیدا ھەموو کات پێکەوە بن و گفتوگۆ بکەن . خۆشەویستیی ئەدەب بۆ نوسرەت‌خانمی خێزانی بۆتە نەقڵی مەجلیسان.
دیوانی‌ شیعرەکانی‌ ئەم شاعیرە ساڵی‌ 1936  لە شاری‌ ڕەواندز لە چاپخانەی‌ زاری‌ کرمانجی‌ بۆ جاری‌ یەکەم لەچاپ دراوە. دیوانە شیعریەکەی‌ ساڵی‌ 1939  بۆ جاری‌ دووەم لە شاری‌ بەغدا و بۆ جاری‌ سێ‌یەم ساڵی‌ 1966 لە ھەولێر لە چاپ دراوە، د. مارف خەزنەدار چەند لێکۆڵینەوەیەکی‌ لەسەر شیعرەکانی‌ ئەدەب کردوە و ساڵی‌ 1970 بڵاوی کردۆتەوە.
ئەدەبی‌ شاعیر لە تەمەنی‌ 53 ساڵیدا و لە ساڵی‌ 1912  بە نەخۆشی‌ کۆچی‌ دوایی‌ کردوە و لە گۆرستانی‌ گوندی باخچەی فەیزوڵڵابەگی بۆکان بەخاک سپێردراوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved