15/4/2020 03:36 PM

گیڤارا و کۆرۆنا!

هەر وەک  دەزانین، "گیڤارا" یەکێک لە ناسراوترین روخسارەکانی بەرەی چەپ و سوشیالیزمە. ئەم پزیشکە ئەرجەنتینییە هەموو ژیانی خۆی کە تەمەنێکی کورت بوو، تەرخانی کرد بۆ لەناوبردنی ستەمی چینایەتی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کاپیتالیزمی جیهانی. گیڤارا بۆ ئەو مەبەستە داری دارستانەکانی کووبا و بۆلیڤی نەما کە نەیکات بە سەنگەر و قوڕ و لمی کەناراو و روبارەکان قاچیان ئازار ئەدا. بەگشتی رێبازەکەی "گیڤارا" زۆر سەخت و ئەستەم بوو. بۆ بەردەوامبوون لەم رێبازەدا دەبوو شاخێک لە ورە و دەریایەک سەبر و ئارامیت لەدڵدا بوایە. رێبازەکەی گیڤارا سەخت بوو سەخت.
گیڤارا دواجار بوو بو سیمبول و هێمای خەبات و بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ستەم لە هەموو جیهاندا. لەم نێوەندەدا ئەو جیهانه کاپیتالیستییەی گیڤارا بەرەنگاری دەبووەوە، لە هەمووان زیاتر کەڵکی لە "ئەفسانەی گیڤارا" وەرگرت. نموونەکیان ئەوەیە کە وێنەی خەباتکارە ئازاکەی لەسەر "جل و بەرگ"ـە مۆدەکانی ئەو کاتدا نەخشاند و کاسپی پێوە کرد. روخساری گیڤارای کردە کاڵا و پێی فرۆشتینەوە.
بەڵێ، جیهانی کاپیتالیزم ئەوەیە؛ نەیارەکەی ناکوژێت بەڵکوو دەیکات بە کاڵا بۆ ئەوەی هەم داهات کەڵەکە بکات و هەمیش هەموو رۆژێک بینەری مردن و زیندوو بوونەوەی "قارەمانە شۆڕشگێڕ"ـەکە بێت.
گۆیا خانمە دیزاینەرێکی کوردیش لەم رۆژانەدا "دەمامک"ـی بەشێوەیەکی تایبەت دیزاین کردووە بۆ ئەوەی خانمەکان هەم بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە و هەمیش مۆدە و فەشنەکەیان تێک نەچێت. لەوانەیە هەلسەنگاندنی کەیسی "گیڤارا" لەگەڵ ئەم حاڵەتەی ئێستا باسمان کرد، هەندێک نامۆ بێت، بەڵام میکانیزمی کاپیتالیزم  لە هەموو کەلێن و قوژبنەکان ئامادەیە بۆ بەکاڵاکردنی هەموو شتێک. سەدەی رابردوو "شۆڕش"ـی کرد بە کاڵا و ئێستاش "هێماکانی تەندروستی".

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved