15/4/2020 08:02 PM

چەند بەساڵاچوویەك لە ژیانێكی خراپ رزگاردەكرێن

بە سەرپەرشتی ‌‌و چاودێری‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌، بەساڵاچوویەك لە دۆخی‌ خراپی‌ ژیان لەناو بازاڕ رزگاركراو بەدواداچوون بۆ كەیسی‌ دوو بەساڵاچووی‌ تر لەنێو گەڕەكێكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كراو دۆسیەیەكی‌ هەڕەشەی‌ كوشتنیش چارەسەر كرا.

بەپێی‌ ئەو زانیارییانەی‌ رۆژانە دێنە بەردەست یەكەی‌ راگەیاندنمان، تیمەكانی‌ بەدواداچوونی‌ كێشەكانی‌ پەیوەست بە مافی‌ مرۆڤ ‌و بەساڵاچووان سەر بە بەشی‌ پارێزگاری‌ خێزان لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، لە هەردوو رۆژی‌ چوارشەممەو پێنجشەممە، بە هاوڕێیەتی‌ پۆلیسی‌ ئینزیباتی‌ ناوشار، بەدواداچوونی‌ پێویستیان كرد بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ لەنێو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ بە هۆكاری‌ جیاجیاو لە شوێنی‌ جیاجیا دەمێننەوە، لە ئەنجامیشدا بەساڵاچوویەك رزگاركرا كە لە شوێنێكی‌ نەگونجاو بۆ ژیان دەمایەوە.

هەروەها بەدواداچوون بۆ كەیسی‌ دوو بەساڵاچوو لە یەكێك لە گەڕەكەكانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كرا كە لە دۆخێكی‌ خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، ئەو دوو هاوسەرە كە تەمەنیان رێگەیان پێنادات خۆیان خزمەتی‌ خۆیان بكەن ‌و گرنگی‌ بە ژیانی‌ خۆیان بدەن‌و پێداویستییەكانیان دابینبكەن لە یەكێك لە گەڕەكەكانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و لە شوێنێك ژیان بەسەردەبەن كە مەرجەكانی‌ سەلامەتی‌ و تەندروستی‌ تێدا نییە، لەوبارەیەوە بەدواداچوونەكان بەردەوامن‌و گونجاوترین رێوشوێن بۆ ژیانی‌ ئەو دوو هاوسەرە بەساڵاچووە هەڵدەبژێردرێت.

هەروەها ماڵی‌ داڵدەدانی‌ ژنانی‌ هەڕەشەلێكراوی‌ سلێمانی‌ كاری‌ پێویستی‌ ئەنجامدا بۆ گەڕاندنەوەی‌ ژنێك بە سەلامەتی‌ بۆ ناو خانەوادەكەی‌ ئەوەش لە چوارچێوەی‌ بنەماكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌ و یاساو رێنماییە پەیڕەو لێكراوەكان.

خاك - پوكمیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved