17/4/2020 09:28 AM

مەستوورە ئەر‌دەڵان

مەستوورە ئەر‌دەڵان  شاعیر و مێژوونووسی کوردە. دەوروبەری ساڵی 1804 لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەدا، کە ئەو کات زۆر لای والییەکان بەقەدر بوون، لە شاری سنە ھاتە دنیا.
باوکی، ئەولەسەن بەگ (ئەبولحەسەن بەگ)، لە پیاوە رەسەنەکانی سنە بووە و بە ماھ شەرەف خانمی خوێندووە تا وەھای پێ گەیاندووە کە ناو دەرکا. لە زەمانی خو‌سرەو خانی ئەردەلان، والیی سنە، کە بە ناکام ناو براوە، خان و ماڵە قادرییەکان لە یەکتر رەنجاون و ئاشت بوونەوە و بوونە خزم. مەستوورە بۆتە خێزانی خوسرەو خان. خانیش لە شیعرداناندا لە خانم نزیک بۆتەوە. لە دیوانی ھەردووکیان زۆر شیعریان بەسەر یەکدا هەڵکوتووە.
مەستوورە لە شیعردانان، چ بە کوردی و چ بە فارسی، زۆر خاوەن دەستەڵات بووە. بەداخەوە زۆربەی شیعرەکانی لە ناو چوون و تەنیا دووھەزار بەیتێکی ماوەتەوە کە ساڵی 1926 میرزا ئەسەدوڵڵا خانی کوردستانی، سەرۆکی دایرەی فەرھەنگی سنە، لە تاران چاپی کردوون. ژمارەی ھۆنراوە کوردییەکانی کەمترن لە فارسییەکانی بەڵام لە قەسیدەیەکیدا کە بەم بەیتەوە دەست پێ دەکا:
گرفتارم بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت بریندارم بە نێشی سینەدۆزی تیری موژگانت
پێدەچێ شیعرە کوردییەکانی زۆر رەوان بووبێتن. نووسەری کتێبی "حەدیقەی ناسری"، کە ئامۆزای مەستوورە بووە، دەڵێ شیعرەکانی مەستوورە کە بریتین لە: قەسیدە و غەزەڵ و وردە بابەت، نزیکەی 20هەزار بەیتە. بەڵام "توحفەی ناسری" کە ئەویش باسی مێژووی کوردستانە، دە ھەزاری لەو بیستە کەم کردۆتەوە و دەڵێ 10ھەزار بەیتی ھۆندۆتەوە.
مەستوورە  ساڵی 1848 و لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و ھەر لەوێش نێژراوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved