17/4/2020 09:32 AM

قەڵای دمدم

قەڵای دمدم ، قەڵایەکی مێژووییە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ. قەڵای دمدم بەر لە ھاتنی ئیسلام بونیاد نراوە و دواتر لە ساڵی 1609 بە دەستی ئەمیرخانی لەپزێڕین میری ناوداری برادۆست نۆژەنکراوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەسەردەمی "شا عەباسی سەفەوی" شای ئێرانیەکان، قەڵای دمدم لە لایەن "خانی لەب زێڕین"ـەوە لە سەر بناغەی قەڵایەکی کۆنی رووخاودا، بونیادنراوەتەوە . لە شەرەفنامەدا باس لە (قلعە داود) کراوە کە ئەو کات واتە لە ساڵەکانی  1595 بەم لاوە بەدەست میرانی برادۆستەوە بووە. ئێستا ئاسەواری قەڵاکە نزیکەی ١٥ کیلۆمیتر دوورە لە شاری ورمێ و لەسەر گردێک لە دۆڵی قاسملوو ھەڵکەوتووە. چیرۆکی خۆڕاگریی قەڵای دمدم لە نێو شێعری شاعیران و بەیتبێژاندا رەنگی داوەتەو و بۆتە ھەوێنی شێعری شاعیرە بەناوبانگەکان. جگەر خوین بە چەندین شیعر لەسەر خۆراگریی و قارەمانیەتیی خانی لەپزێڕین و کوردانی دمدم شیعری ھۆنیوەتەوە. ھەتا ئێستا 2 رۆمان لەلایەن 2 رۆمان نووسی کورد عەرەب شەمۆ و جان دۆست سەبارەت بە رووداوی قەڵای دمدم و خۆڕاگریی خانی لەپ زێرین نووسراوە و لەو 2 رۆمانەدا بەگشتی باس لە نەھامەتی و کوشتاری خەڵکی کورد بەدەستی سوپای شا عەباس کراوە.
قەڵای دمدم لە پێنج بەش پێکھاتبوو:بەشی (سەرەکی و خواروو، ژووروو، ناوەند و دەروازەی ڕۆژھەڵات).
لە بەشی ڕۆژھەڵاتی قەڵاکە لە کۆتایی دۆڵەکەدا شاخێکی زۆر بەرز بوونی هەیە کە بەتەواوی پێش قەڵاکەی گرتووە. لە بەشی باکوری قەڵاکە چەند کانیەکی ئاوی لێیە کە زۆر کەمە و ئاوەکەیان بە جۆگە ھێنراوە بۆ ناو قەڵاکە و ئەڕژێتە  ناو ئەستێڵێکەوە. لە بەشی باشوری قەڵاکە ئەستێڵێک دروست کراوە، لەکاتی زستاندا بەفری تیا کۆدەکرایەوە و لەکاتی بێ ئاویدا بەکار دەھێنرا.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved