18/4/2020 03:33 PM

رکابەرایەتی پۆرشە و تێسلا

تایکان یەکەم هەنگاوی گەورەی کۆمپانیای پۆرشەیە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی. ئەم ئۆتۆمبێلسازە ئەلمانییە کە خەریکە خۆی ئامادە ئەکات بۆ پێشکەشکردنی مۆدێلی کارەبایی زیاتر، "تایکان کراس تۆریسمۆ" و وەشانی تەواو کارەبایی ماکان و 718ـەش لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەخاتە ناو سەبەتەی بەرهەمە سەوزەکانی خۆیەوە.
هەر لە یەکەم رۆژەکانی نمایشکردنی تایکانەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی کۆمپانیای پۆرشە، زۆر کەس و لایەن ئەم ئۆتۆمبێلسازە ئەلمانییەیان بە رکابەری راستەوخۆی کۆمپانیای تێسلا زانی و لەگەڵ ئەو براوردیان دەکرد. بەڵام وادیارە ئەم بابەتە بە دڵی کۆمپانیای پۆرشە نەبووە، چونکە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پۆرشە رایگەیاندووە کە هیچ رکابەرییەکیان لەگەڵ تێسلا نییە.
میشێل شنایدێر، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی پۆرشە لە گفتوگۆیەکدا گوتوویەتی: "ئەگەرچی خەڵک حەز دەکەن ئێمە و تێسلا بخەنە بەرامبەر یەک، بەڵام ئێمە تێسلا بە رکابەری راستەوخۆی خۆمان نازانین."
دیاریکردنی نرخ بۆ تایکان ئەوەمان پێ دەڵێ کە پۆرشە لە بەستێنێکی دیکەدا خەریکی یاری کردنە و لانیکەم لەئێستادا نایهەوێ لاسایی تێسلا بکاتەوە. نرخی تایکان لە ئەمریکا لە 103,800 دۆلارەوە دەست پێ ئەکات و لە مۆدێلی تۆربۆ و تۆربۆ Sـدا دەگاتە 150,900 بۆ 180,000 دۆلار. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بە 39,990 دۆلار ئەتوانی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی تێسلا بکڕیت.
جگە لە نرخ، پۆرشە لە بواری تەکنەلۆژیای باتریشەوە رکابەرایەتی لەگەڵ تێسلا ناکات. پۆرشە بەشوێن ئەوەوەیە کە باترییەک بۆ ئەم ئۆتۆمبێلانە بەرهەم بێنێت کە قەبارەیان بچوک بێت و بەخێرایی شەحن ببنەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی کواڵتی باتری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا و پۆرشە ئەبێ بزانن لە باشترین مۆدێلی پۆرشە تایکان بە یەک جار شەحن بوونەوە ئەتوانێ 323 کیلۆمەتر بڕوات، بەڵام مۆدێلی Long Rangerـی تێسلا بە یەک جار شەحن بوونەوە ئەتوانێ 600 کیلۆمەتر بپێوێت.

 

سەرچاوە: motor1

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved