18/4/2020 03:35 PM

ئینتەرمیلان گرێبستێکی گرنگی یەکلاکردەوە

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی ئیتاڵی دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسانی یانەی ئینتەرمیلان سەبارەت بە گواستنەوەی هێرشبەرێکی یەدەگ بۆ پێگەی ڕۆمێلۆ لوکاکۆ گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و گواستنەوەکە تەنها ڕاگەیاندنی فەرمی ماوە.
لوچیانۆ مودجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی یانەی یوڤانتۆس لەپڕۆگرامی "گۆڵ 7"ـی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، ئینتەرمیلان بۆ گواستنەوەی ئۆلیڤەر جیروی فەرەنسی گەیشتوونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی و لە گواستنەوەکانی هاوینەدا گرێبەستەکەی ئاشکرا دەکرێت.
بەڕێوەبەرەکەی پێشوی یوڤانتۆس ڕایگەیاندووە: "ئینتەرمیلان سەرکەوتوو بووە لە کڕینی هێرشبەرێکی یەدەگ بۆ ڕۆمێلۆ لوکاکۆ، ئۆلیڤەر جیروی فەرەنسی بە دڵنیاییەوە لە وەرزی داهاتوو جلوبەرگی یانەی ئینتەرمیلان دەپۆشێت و ئەو یاریزانە دەبێتە شوێنگرەوەی لوکاکۆ، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ شتێک ئاشکرا نەکراوە و تەواوی ئەو بابەتە بۆ هاوینی 2020 هەڵگیراوە."
مودجی بەدووری نازانێت یانەی ئینتەرمیلان جگە لەم هێرشبەرە هێرشبەرانی دیکەی وەک درایس مێرتینز لە یانەی ناپۆلی یاخود یاریزانی تر دابین بکەن، بەڵام ئەو زانیارییانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاماژە بە کڕینی پاولۆ دیبالا دەکەن لەلایەن یانە شینەکەی میلانۆوە.
بەڕێوەبەری پێشووی یوڤانتۆس دەڵێت: "دیبالا سەلماندویەتی کە یەکێکە لە باشترینەکانی یوڤانتۆس و گرنگی بۆ یانەکە هەیە، پێموایە یوڤی بەهەموو توانایەوە هەوڵی بەردەوامبوون بە یاریزانەکەی دەدات و نوێکردنەوەی پێشکەش دەکەن."
لوچیانۆ مودجی بەڕێوەبەری پێشوی یوڤانتۆس و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ پیپی ماروتای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینتەرمیلاندا هەیە، پێدەچێت زانیارییەکانی لە هاورێکەیەوە بەدەستهێنابێت.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved