18/4/2020 03:36 PM

ئینتەرنێت و مناڵان

کاتێک باسی بەکارهێنانی ئامرازه نوێیەکان ئەکرێت لەلایەن مناڵانەوە، دایک و باوکەکان ڕا و بۆچوونیان جیاوازە.
ھەندێک پێیان وایە مناڵ بەھۆی ئینتەرنێت و شاشە زیرەکەکانەوە بێبەش دەبێت لە چێژ وەرگرتن لە خۆشییەکانی ژیان، ھەندێکی تر پێیان وایە سوودی خۆی ھەیە وەک وەرگرتنی زانست و زانیاری لە تەمەنێکی کەم‌دا.
لەو بارەیەوە "ئێلیس کاشمور" زانای کۆمەڵناسی لە زانکۆی ئەستونی بیرمەنگام ڕایدەگەیەنێت، شاشە زیان بە مناڵ ناگەیەنێت، ھۆشداریش دەدات بەو دایکان و باوکانەی کە لە ماڵدا کەڵک وەرگرتن لە ئینتەرنێت لە مناڵان قەدەغە دەکەن ئەم کارە وەک بەکارھێنانی توندوتیژی لە بەرامبەریان‌ بەم چینە دێنێتە ئەژمار.
ئەو شارەزایە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کاتێک ئامێرێکی زیرەک لە مناڵێک وەردەگریت، تۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری لێ وەردەگریت، بێ بەشی دەکەیت لە سەرچاوەیەکی گرینگی پەیوەندی. ئەمەش وا دەکات لەلایەن مناڵانی دیکەوە گاڵتەی پێ بکرێت و توندوتیژی بەرامبەر بکرێت و متمانەی بەخۆی نەمێنێت.
ئەو شارەزایە پێی وایە شاشە زیرەکەکان چەندین چالاکی جۆراوجۆری تێدایە وەک یارییەکان کە قەدەغەکردنی گەشەی کۆمەڵایەتی مناڵیش دوا دەخات.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەو زانایە دەڵێت: "گریمانەی ئەوە دابنێ مەھێڵە مناڵەکەت تێکەڵی مناڵی دیکە بێت، یاری نەکات، وێنە نەکێشێت، یان سەمایەک نەکات لەسەر گۆرانییەکی مناڵان، ھەموو ئەم شتانە لە شاشە زیرەکەکانەوە مناڵ دەتوانێت ئەنجامی بدات، ئەگەر لێی قەدەغە بکەیت، وەک بەکارھێنانی توندوتیژی وایە کە لێرەدا ڕێگری لە گەشەی ئەو مناڵە دەکەیت".
لەبەرامبەردا ئەو شارەزا کۆمەڵایەتییە، دەڵێت: پێویستە دایک و باوکەکان مەترسی ئینتەرنێت بۆ مناڵەکانیان ڕوون بکەنەوە، ھەروەھا نابێت زیاد لە پێویست بەکاری بهێنن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved