20/4/2020 10:51 AM

کتێبی «ژیان و جیھانبینی»م چۆن ساز دا


هەڵۆ بەرزنجەیی

“ژیان و جیهانبینی بە هەقیقەت مەبەستم ئەوە نییە کە پەسنی خۆم بکەم،ئەوەی نووسیومە لەو کتێبەدا،بە کەڵکی هەموو کەسێک دێت، هەتا بۆ ئەوانەی هەوازیشن.چونکە من خۆم چوومەتە ناو ئەو بابەتانەوە و دەمێکە و چاکیشی تێدەگەم. دەزانم چاکە چییە و خراپە چییە،ئەگەر بێت و ڕێنوێنی بکرێت،ئەو کتێبە شتێکی چاک دەردەچێت”.مەسعوود محەمەد لە وەڵامی ڕۆژنامەی بەردخان دا.
ڕەنگبێ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو چاوپێکەوتنەی بەندە لەتەک زانا و بیرمەندی گەورە مامۆستا مەسعوود محەمەد، بۆ خوێنەر بەهۆی بارودخۆ جاران و هەلومەرجی قورسی پەیوەندیکردن و کۆمەڵێ هۆکاری دیکەوە، بڕەک درێژدادڕی تێکەوێ.. بەڵام بۆ ئەوەی وێنەیەکی نزیک لە واقیع و ئەو ھەلومەرجەی ئەم کتێبەی تێدا بەرھەم ھاتووە پێشکەش بکەم.. ناچاریم بە کورتیش بێت، ھێڵە گشتییەکانی ئەو کارە بخەمە بەرچاو…دوای ڕاپەڕین دەم بیست کەوا مامۆستا مەسعوود دێتە کوردستان. گەلێ بەم ھەواڵە زۆر خۆشحاڵ بووم. ئیدی لە بیری ئەوەدا بووم جێ و ڕێی پێ بزانم و گەر بکرێ دیداری لەگەڵدا ساز بکەم. ئاخر لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ـ ١٩٨٠ەوە من بە دنیای نووسینی مامۆستا ئاشنا و سەوداسەر ببووم. یاخود بە جۆرێ لە جۆرەکان پەیوەندی پێوە بکەم. ئەم حەزەم لای کۆمەڵێ ھاوبیر و دۆست و برادەری کۆیی و ھەولێری باس کرد.. پێشنیاز کرا کە چیم ھەیە بە نامەیەک بینووسم و بۆم بگەیینە دەستی مامۆستا. من لەگەرمەی ئەم بیر و خەیاڵەدا بووم کتێبی «گەشتی ژیانم »ی مامۆستا دەرچوو. ئیتر تەواوی خەیاڵەکەمی ھەم لە جێبەجێکردن نزیک کردەوە و ھەمیش بە جۆرێکی تر ھەڵگێڕایەوە. سەرەتا بە وردی و تامەزرۆییەوە کەوتمە خوێندنەوەی گەشتی ژیانم. لەوێشدا کۆمەڵێ زانیاری تری وردم لەسەر مامۆستا بەدەستھێنا. بەم شێوە و باشم لەبیر نییە یەکەم نامەم بە کێدا بۆ نارد… لێ ھێندەم لەیادە نامەکە بە ٢٣ پرسیارەوە گەشتێکی درێژی لەنیوان شارەکانی ھەولێر و سلێمانی وکۆیە و بەغدادا کرد تا گەیشتە مامۆستا. ئەوەشم لە یادە ئەم گەشتە نزیکەی ساڵێک زیاتری خایاند. ١٩٩٤/٤/١٨ نامەم ناردووە لە ١٩٩٥/١٠/٧ بەدەست مامۆستا گەشتووە.
بۆ وەڵامی نامەکەم سەرەتا من لای خۆمەوە نائومێد بووم لەوەی گەشتبێ و لەوەشی، مامۆستا وەڵامم بداتەوە..ڕۆژێ لە ھیکڕا دیم لەناو بۆکسی پۆستەکەمدا زەرفێکی گەورەی تێدایە. کاتێ کردمەوە سەرم سووڕما و حەپەسام… نامەیەکی نزیکەکەی ٣٨ لاپەڕە بوو. بە خەتێکی وردی جوان نووسرا بوو. کە تەماشای کۆتایی نامەکەم کرد، ناوی مامۆستام بەرچاو کەوت.
ڕەنگە ئێستاش نەتوانم باسی ئەو چرکەساتە بکەم… خۆشم نازانم چەند شادمان بوو. باوەڕم بە خۆم نەدەکرد. لە بارودۆخێکدا بووم بەھیچ وشەیەک ناتوانم گوزارشتی لێ بکەم… بە ڕێگاوە بۆ ماڵەوە ھەر ئەمدیواودیوم دەکرد و شادی و خۆشیم لێ دەباری. بەڵام ئەوەی زۆر زۆر ناڕەحەتی کردم، نامەکە لاپەڕەی یەکەمی لەگەڵدا نەبوو. ئەوەی بۆی ناردم «ئاسۆ عەبدوڵا» ناوێک بوو لە پاریسەوە نێردرا بوو. ھەر زوو نامەیەکم بۆ ئەم بەڕێزە نووسی، دەربارەی ئەو لاپەڕەیە، ھیچ وەڵامی نەبوو.
ئیدی کەوتمە حاڵێکی ناخۆشەوە وەرە چارەسەری ئەم کێشەیە بکە. جارێکی تر بە خێرایی پەیوەندیم بە مامۆستاوە کردەوە و چیرۆکەم تێگەیاند. ماڵی ئاوا بێت بە گەورەیی خۆی کەوتە سۆراخی…ماوەیەکی پێچوو، ڕۆژێک وەک ئاسمانی کوونی تێبوو بێت، لاپەڕەی یەکەمیش لە زەرفێکدا بێ ڕوونکردنەوە و سڵاو و ھەواڵ پرسین، گەشتە دەست. چۆن ھات و کێ ناردی نازانم!..
ئەودەم بەرپرسی گۆڤاری خوێندکاری کورد بووم. لە ژمارە ٢١/١٩٩٥ دا جارێک ٨  لاپەڕەم  بە وێنەیەکی مامۆستاوە بڵاو کردەوە..لە ژمارە ٢٢/١٩٩٦ دا ١١ لاپەڕەی ترم لێ بڵاوکردەوە و گفتم دابوو، لەبەرەوە پاشماوەکەی تری بە زنجیرە بڵاو بکەمەوە.
ئەوە بوو گەلێ دەستخۆشیم بۆ ھاتەوە، لەنێوانیاندا ھاوبیر و برای ئازیزم ڕەوانشاد کاک دکتۆر کوردۆ عەلی ئاگاداری کردم کەوا کارێکی ترسناک دەکەم. چونکە مامۆستا ھێشتا ملی لەژێر چەقۆی بەعسدایە . پێشنیازەکەم پەسەند کرد و وازم لە بڵاو کردنەوەی بەشەکانی تر ھێنا. دواتر برای ھێژا کاک فەرھاد شاکەلی مشوری خوارد و بە چاپی گەیاند لە دووتوێی «پەرژینی بێدەنگی» دا و پێشوازییەکی باشی لە ناوەوە دەرەوەی وڵات لێ کرا.
نامەی یەکەمم کۆمەڵێ پرسیار و باری سەرنجی لەخۆ گرتبوو. ڕاستت دەوێت بە ھەناسەیەکی ڕۆژنامەوانیش نەم نووسیبوون. نێتێکی سەد دەر سەدی چاوپێکەوتنیش لە ئارادا نەبوو. وەلێ وەڵامە تێروتەسەلەکەی مامۆستا لە لایەک و ڕستەیەکی نامەکەی کە دەڵێ: ” دەتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵتدا خەریک بم”. بۆم بوونە ھاندەرێکی گەورە. ، حەزم دەکرد بیروڕای مامۆستا لەمەڕ باسە گرنگ و ھەستیارەکانی جیھانبینی و گەلێ لایەنی تری ژیان و نووسینەکانی بزانم.
دیارە دوای دامەزراندنی سەرەتای پەیوەندیمان ئیدی ژمارەی تەلەفون و ناونیشانی بەغدای خۆی بۆ ناردم… چەند جارێ بەتەلەفون باسەکانمان بەسەر کردوە – دیارە ئەوەندەی دەرفەتی باسکردن بوو بێت – دەنا مامۆستا ھێشتا لە بەغدا بوو. بەھەرحاڵ بە ھاندان و پشتیوانی کاک فەرھاد شاکەلی و ھاوبیرانی ڕەوانشادم کاک کوردۆ عەلی و شەماڵ عەزیز جارێکی تر چەردەیەک پرسیاری ترم ناردە خزمەتی مامۆستا. زۆری نەبرد وەڵامی ئەوانیش ھاتنەوە ئەمجارە پەیوەندییەکان باشتر بوون. دواجار بەشی سێیەمی کۆمەڵە پرسیارێکم بۆ نارد ئیدی وەڵامی ئەوانیشم لە کاتێکی باشدا بەدەست گەشتەوە. سەرئەنجام کۆمەڵە پرسیاری یەکەم کتێبی پەرژینی بێدەنگی، لەتەک ھەردوو بەشە پرسیارەکانی تر بەسەر یەکەوە بوونە کتێبی « ژیان و جیھانبینی» و لە بەرلین ساڵی ١٩٩٩چاپم کرد… جارێکی تر ساڵی ٢٠٠٠، لە سلێمانی چاپم کردەوە، ساڵی ٢٠٠١ لەسەر داخوازی شاعیری گەوەرەی کورد ڕەوانشاد مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەزگای سەردەم لە سلێمانی چاپ و بڵاوی کردەوە. دواجار ساڵی ٢٠١٤ دەزگای ئاراس بە دەست پێشخەری کاک بەدران چاپ کرا و ئێستا لە بازاڕدا دەست ناکەوێت.
کۆمەڵە پرسیار و وەڵامی دوو توێی کتێبی «ژیان و جیھانبینی» لە ھەلومەرجێکی زۆر جیاواز لە ئێستادا ئەنجام دراوە.پرسیارەکانت ھەمەلایەن و گشتگیرن و ناتوانم لە وەڵامدانەوەدا بە ئاسانی دەستیان لێ ھەڵگرم..
تەوەری پرسیارەکان فرە لایەنن: ھەر لەسەر ژیانی مامۆستا و بەرھەمەکانی و شێوازی نووسین و نووسینە عەرەبییەکانی و زیندانی بوونی و کێشە و ململانێکانی لەگەڵ نەیارانیدا، تا دەگاتە باسی سیاسەت و بارودۆخی نێودەوڵەتی و بیری نەتەوەیی و ڕۆشنبیر و زمان و فکر و سیاسەت و فەلسەفە و دیموکراسی و سۆسیالیزم و دەسەڵات و شۆڕش و یەکسانی و مرۆڤایەتی و عەقڵی کوردی و ئازادی و مارکسایەتی و چەپی کورد و ھەستیارترینیان لەسەر ئایین و سەربەخۆیی و دەوڵەت لە خۆ گرتووە.
دەبێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەم، کە زۆر پرسیاری دیکەش ھەبوون، مامۆستا وەڵامی نەداونەتەوە، بەھۆی ئەوەی خەتەکەمی بۆ نەخوێندراوەتەوە و باش تێی نەگەشتووە.
ئەم کارە لە ماوەی نزیکەی ٥ ساڵ دا ئەنجام دراوە. گەر ئێستا مامۆستا لە ژیاندا بوایە، بەم ئەقڵ و تێگەیشتنەی ئێستام و ئەو دەرەتان و کەرەسە و ئامڕازانەی ئێستا فەراهەمن، زۆر تێروتەسەلتر و گشتگیرتر و قوڵتر و ئازادانەتر پرسیارم لێ دەکرد .چ ئەوسا و هەتا هەنووکەش،بە ڕادەیەک  حەزم دەکرد بیروڕای بزانم،تەنانەت لەسەر نرخی یەک کیلۆ تەماتە لە ھەولێر چەندە و رۆژنامەیەک لە بەغداچۆن دەفرۆشرێ و  بۆ خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدێ و زۆر شتی وردتری تریش.
 بەداخەوە مامۆستا هێشتا دەهێندەی لەوە زیاتر پێمابوو،کە پێشکەشی کردووین.
سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved