20/4/2020 02:07 PM

جەلادەت بەدرخان

میر جەلادەت بەدرخان (لەدایکبووی 26ـی نیسانی 1893– کۆچکردووی ساڵی 1951) سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەڤان و زمانناسی کورد بوو. میر جەلادەت کوڕی ئەمین عالی کوڕی بەدرخان پاشایە، 26ـی نیسانی ساڵی 1893 لە ئەستەنبۆڵ لەدایکبووە. ھەر لە پایتەختی ئەوسای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و فێرگەی بەرزی یاسای تەواو کرد. پاش سەرکەوتنی بزووتنەوەی کەمالیزم، ئەمین پاشاو سێ کوڕی ناچار بوون بچنە میسرو لەوێ نیشتەجێ ببن. جەلادەت و کامەران-ی برای چوونە ئەڵمانیا و ئەو ماوەی ھەشت ساڵەی ئەوێی بەفێرۆ نەداو خۆی فێری زمانی ئەڵمانی کرد. جەلادەت خۆی گەیاندە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران و دوای شکستی شۆڕشەکە دیسانەوە تورکیای جێھێشتەوە. ڕۆژی 25ـی ئابی 1930 لە سوریا باوکی مرد. جەلادەت ھەر لەوێ سەرقاڵی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی بوو. لە 15ـی ئایاردا گۆڤاری ھاواری دەرکرد کە تا 5ـی تەموزی 1943 بەردەوام بوو. پێشتر گۆڤاری رۆناھیی ھەفتانەی دەردەکرد، جەلادەت بەتەنیا ئەم گۆڤارەی بەرێوەدەبرد بەنووسین‌و پیت چنین‌و چاپ‌و بڵاوکردنەوەشی.
بەناوی (نھێنی) نووسینەکانی بڵاودەکردەوە. لە پێشەنگی ئەو کەسانەیە کە پیتی لاتینی-یان بۆ نووسینی کوردی بەکارھێنا، زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی، یۆنانی، ئەڵمانی، فەرەنسی، ئینگلیزی‌و ڕووسی زۆر بەباشی زانیوە.
کتێبێکی لەسەر ڕێزمانی کوردی نووسیوە کە تەنیا بەشێکی چاپکراوەو بەشەکانی دیکەی ھێشتا ھەر دەستنووسن. فەرھەنگێکی بەکوردی‌و یەکێکی دیکەی کوردی - فەرەنسی ھەیە. ژمارەیەکی زۆری ڕووناکبیرانی کورد لە دەوری جەلادەت بەدرخان‌و گۆڤارەکانی کۆببوونەوە.
جەلادەت ئەمین عالی بەدرخان ڕۆژی 15ـی تەموزی 1951 لە شام کۆچی دوایی کرد.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved