21/4/2020 11:58 AM

حیکمەتی ژیان لای شۆپنهاوەر



خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی حیکمەتی ژیان
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
یەکێک لە فەیلەسووفە ناسراوەکانی ئەڵمانیا ئارسەر شۆپنهاوەرە. ئەم فەیلەسووفە چ لە رووی فکرو فەلسەفەو تێڕوانین بۆ مرۆڤ و ژیان و سروشت، تەواو لە فەیلەسووفانی سەردەمەکەی خۆی جیاوازە. هەروەها لە رووی نوسینیشەوە، لەوانی تر جیاوازە.
ئارسەر شۆپنهاوەر لە ساڵی 1788 لەدایک بووەو لەساڵی 1860 کۆچی دواییکردووە. باوکی بازرگانێکی دەوڵەمەند بووە، دایکیشی لە بنەماڵەیەکی ئەدەب دۆست و  نەجیبزادە بووە، پاشتریش دایکی ساڵۆنێکی ئەدەبی دەبێت و یەکێکشە لە ژنە نووسەرەکانی سەدەی هەژدە، پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی نووسەرانی ئەڵمانیا هەبووە، بەتایبەتی شاعیری ناسراوی ئەڵمانی، گۆتە.  بەڵام پەیوەندییەکی زۆر خراپی لەگەڵ شۆپنهاوەری کوڕی دەبێت، ئەمەش دەبێتە گرێیەکی دەروونی گەورە بۆ ئەم فەیلەسووفە ئەڵمانییە.
هەرچەندە شۆپنهاوەر بەوە ناسراوە کە هەڵگری بیرێکی رەشبیینە بەرامبەر بە مرۆڤ و ژیان و دەرووبەر، بەڵام لەم کتێبەیەدا باسی حیکمەتی ژیان دەکات، زەحمەتیشە  مرۆڤ حیکمەتی ژیان لە کەسێکی رەشبینەوە فێر بێت، بەڵام شۆپنهاوەر لەم کتێبەیدا کۆمەڵێک تەوەری گرنگی ژیانی وروژاندووە لەوانە " بەختەوەریی، بەدبەختی، لوتبەرزی، پلەو پۆست، کەسایەتی مرۆڤ" هەربۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە جێژبەخشە و سوودی هەیە بۆ  تێگەیشتن لەحیکمەتی ژیان.
خۆشبەختی
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە، قسەکردنە لە بارەی خۆشبەختی لای مرۆڤ، شۆپنهاوەر پێی وایە پێش هەموو شتێک خۆشبەختی مرۆڤ لە ناخی خۆیەوەیەتیی و لە دەرەوە دەستی ناکەوێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ راستیەکەی فاکتەری هەموو ژیانێکی مرۆڤ، ئەو شتەیە کەلە ناخی ئەودایە یان لەبوونی ئەودایە ،ل13
شۆپنهاوەر زۆر جەخت لەسەر بڕوابوون بە بوونی خۆت یان خودناسی دەکاتەوەو بە سەرچاوەی هەموو خۆشبەختیی و بەدبەختی مرۆڤیشی دادەنێت. لەمبارەیەوە دەڵێت"
_ بەدڵنیاییەوە سەرەکیترین فاکتەری خۆشبەتی ئێمە لە ژیانی خۆماندا بریتییە لەوەی کە هەین، واتە کەسێتیمان، چونکە هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەیە.ل 21

خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر جەختی لێدەکاتەوە ، مەسەلەی رازیبوون بە بەشی خۆتە لە ژیاندا، ئەو ئەمە بەسەرچاوەی خۆشبەختی دادەنێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ کەسایەتی هاوسنەگ دەتوانێت لە بارودۆخی ناخۆشیشدا دڵخۆش بێت، بەپێچەوانەوە مرۆڤی چاوچنۆک و ئێرەییبەر و ڕقن، تەنانەت ئەگەر دەوڵمەندترین مرۆڤی سەرزەمینش بێت، ناتوانێت  خۆشبەخت بێت، هەر کڵۆڵ و داماوە. ل 20




لەشساخی سەرچاوەی بەختەوەری
نووسەر زۆرخەجت لەسەر لەشساخی دەکاتەوە، پێی وایە سەرچاوەی سەرەکی هەموو خۆشبەختییەکی مرۆڤ ، پێش هەموو شتێک لەشساخییە. هەربۆیە دەڵێت:
_ نەوەد لەسەت، بەختەوەریمان پەیوەستە بەلەشساخیمانەوە،  لەشساخی هەموو شتێکە و سەرچاوەی هەموو جێژ و خۆشییەکە، بەبێ لەشساخی، هیچ بەخششێکی دەرەکی نییە جێژبەخش بێت، ل36
_دەتوانین بڵێین هەژارێکی دەستکورتی لەشساخ، زۆر لە پاشایەکی نەخۆش بەختەوەرترە. ل 19

سەربەخۆیی دارایی و بەختەوەری
جگە لە لەشساخی ،  شۆپنهاوەر باسی خاڵێکی گرنگی تری خۆشبەختی مرۆڤ دەکات کە ئەویش، بوونی سامانێکی کەمە  کە بتوانێت سەربەخۆیی داراییت هەبێت، ئەمەش بە فاکتەری بەختەوەری دادەنێت.
_ گومانی تێدانییە کە هیچ شتێک هێندەی سەروەتی کەم و  لەشساخی زۆر ، مایەی شادی نین ، ل33

بەدبەختیی
هەروەک خۆشبەختی دەبێتە تەوەری سەرەکی ئەم کتێبە، لەبەرامبەریشدا نووسەر باس لە دوژمنەکەی بەختەوەری دەکات کە ئەویش بەدبەختییە. لەمبارەیەوە شۆپنهاوەر دەڵێت:
_ نیگایەکی گشتی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دوو دوژمنی بەختەوەری مرۆڤ بریتییە  لە:  ژان و وەڕەسیی. ل 41
دواتر قسەی زیاتر لەمبارەیەوە دەکات و مەبەستەکانی روون دەکاتەوەو دەڵێت:
_ هەژاریی و نەداری، ژان و ڕەنجیان لێدەکەوێتەوە، لەکاتێکدا مرۆڤ  زیاد لە پێویست لە دۆخێکی خۆشگوزەراندا بژی، ئەوە بێزاریی و وەڕەسی لێدەکەوێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، مادام چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە لە ململانێییەکی نەبڕاوەدان لەگەڵ پێویستی و ژان و دەستکورتیدا ، ئەوە چینە دەوڵەمەندەکان، ململانێیان لەگەڵ وەڕەسیدایە ،،ل 41
واتە ئەو پێی وایە چینی هەژار بەهۆی سەختی ژیانیەوە ناتوانێت خۆشبەخت و ئاسودە بژی، لەهەمانکاتیشدا چینی دەوڵەمەند بەهۆی بێکاریی و بوونی کاتی زۆر و وەڕەسی، ئەویش ناتوانێت خۆشبەخت بێت.
بلیمەتیی و رەشبینی
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێدا، شۆپنهاوەر بەوە ناسراوە کەسێکی ڕەشبین بووە و گەشبینی لە مەزهەبیدا نەبووە. بگرە ئەو پێی وایە رەشبینی شتێکی باشە، چونکە زۆربەی بلیمەتەکان، رەشبین بوون . ئەو پێی وایە مرۆڤی بلیمەت ئەو کەسەیە کە  هێزە دەماریی یا هەستیارەکانی زۆر باڵابن. دواتر هانا بۆ وتەیەکی ئەرستۆ دەبات بۆ شیکردنەوەی ئەم قسەیەی  و دەڵێت:
_ ئەو تێبینەی ئەرستۆ سەبارەت بەوەی مرۆڤە ناسر و پایەدارەکان مرۆڤگەلی خەمۆکین زۆر راستە. " ئەو مرۆڤانەی لە فەلسەفە یا هونەر یا سیاسەت یا شیعر دیار و بەرچاون، مرۆڤگەلی رەشبینن، هەموو بلیمەتەکان رەشبینن. ل 37
دیارە ئەم بۆچونەشی مایەی سەرنجە دوایی قسەی لێوە دەکەم.


گرنگی کات لای کەسی بلیمەت و گەمژە
شۆپنهاوەر پانتاییەکی باشی بۆ قسەکردن لەبارەی کاتەوە داناوە، هەروەها باسی گرنگی کاتی  لای کەسانی بلیمەت  و کەسی ئاسایی کردووە، چۆن هەردووکیان دوو روانگەی جیاوازیان بۆ مەسەلەی کات هەیە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت:
خەڵکی ئاسایی هەمیشە خەمی ئەوەیەتی چۆن کاتەکانی خۆی بەسەر بەرێت ، بەڵام مرۆڤی بلیمەت خەمی ئەوەیەتی چۆن سوود لەکاتەکانی وەربگرێت.l46
پاشان دەڵێت:
_ هۆکاری ئەوەی بۆچی هەمیشە کەسانی کەمهۆش  هەمیشە وەڕەس و نیگەرانن ئەوەیە، هیچ شتێکیان لە مێشکدا نییە جگە لەو کەرەستانە نەبێ کە هێزی ئیرادەیان دەبزوێنێت، جا بۆئەوەی سەرقاڵ بن پێویستە شتێکی دەرەکی بێ بیبزوێنێت،ل47
لەلایەکی ترەوە شۆپنهاوەر زۆر دژی یارییەکانی کات بەسەربردن  و جگەرە کێشانیش بووە، ئەمەی بەکاری گەمژەکان داناوە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ مرۆڤی کەمهۆش هیچی دەستنەکەوێت خۆی پێوە سەرقاڵ بکا، دەچێ جگەرە دەکێشێ وەکو قەرەبوویەک بۆ راهێنانی و چالاکردنی بیر و مێشکی.،،لەبەرئەوە دەبینین زۆرینەی خەڵکی وڵاتان خۆیان بە یاری کاغەزێنەوە سەرقاڵ دەکەن، ئەمەش بۆ خۆی نیشانەی بەهای ئەو خەڵکە و ئیفلاسی فیکر و هۆشیانە،چونکە کاتێک خەڵکی بیرو هۆشێکیان نییە ئاڵوگۆڕی پێوە بکەن ، دەچن یاری کاغەز دەکەن و هەوڵ دەدەن پارە لەیەکتری ببنەوە، ئاه، چەندە گەمژە و گەلۆن.ل 47
نازانم گەر شۆپنهاوەر ئێستا لە ژیاندا بایە، چی دەگووت بەرامبەر بە فەیسبووک، ئیتنەرنێت و یاری پلەی ستەیشن و شتی تریش.

خەڵکی گەمژە
خاڵێکی سەرنجراکێشی تر رقی شۆپنهاوەرە لە خەڵکی گەمژە، ئەو نەک لەم کتێبەیدا بەڵکە لە زۆربەی کتێبەکانی تریشیدا، دژی خەڵکی گەمژە دەوەستێتەوە.  ئەو پێی وایە سەدان گەمژە ، جێگەی هاونشینی یەک حەکیم و دانا ناگرێتەوە. هەربۆیە بوونی کەسانی گەمژە لە جیهاندا، بە شتێکی خراپ دادەنێت  لەمبارەیەوە دەڵیت:.
قسەکەی سەنیکا تەواو راستە کاتێک دەڵێت : گەمژەیی بۆ خۆی بارقورسییە.
هەروەها ئەم قسەیەی یەسوعی کوڕی سیراجیش تەواو دروستە کە دەڵێت: ژیانی گەمژە لە مەرگ خراپترە، ل 45
پاشان لەبارەی ئەمەشەوە قسەی خۆم دەکەم.

خۆیبوون و خۆشبەختی
شۆپنهاوەریش وەکو سوقرات بە دوای ناسینی مرۆڤەوە بووەو ئەویش پێی وایە، پێویستە مرۆڤ سەرەتا خۆی بناسێت، هەموو خۆشبەختییەکی مرۆڤیش لەو خۆناسینەیە.  لەمبارەیەوە دەڵێت:
خۆیبون،  باشترین و مەزنترین سەرچاوەیە کە مرۆڤ بتوانێت پێشکەش بە خۆی بکات، تا لەم خۆبوونەش بەردەوام بێ ، زیاتر سەرچاوەی ئەو بەختەوەرییە لە ناخی خۆیدا بدۆزێتەوە، ئەوە بەختەوەرتر دەبێت، ئەوە راستییەکی گەورەیە کە ئەرستۆ دەڵێت: بەختەوەربوون واتە پشت بە خۆبەستن. هەموو سەرچاوەکانی دیکەی بەختەوەری بە سروشتی خۆیان جێگای گوومانن، کاتی،پەیوەستن بە بەخت و جانسەوە، تەنانەت لە باوردۆخی زۆرباشیشدا ئەگەری وشكبوویان هەیە. گۆتە زۆر بە جوانی گوزارشتی لێکردوە کە دەڵێت: دواجار هەموو مرۆڤێک خۆی خۆی دروست دەکات. یان وەکو گۆڵد سمیس دەڵێت: ئارامی ئێمە وا لەو شوێنەدا کە لێمان داناوە، بەختەوەری خۆمان ، خۆمان دروستی دەکەین یا دەیدۆزینەوە.ل 50
کام دەوڵەتە خۆشبەختە
دواتر شۆپنهاوەر لە مرۆڤ تێدەپەڕێت و باسی خۆشبەختی دەوڵەتان دەکات، کە بە بۆچوونی ئەو،  ئەو دەوڵەتانەی پشت بە خۆیان دەبەستن و کاڵا هاوردە ناکەن، خۆشبەخترین وڵاتن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_وڵاتێک  کە بە کەمترین رادە پێویستی بە کەرەستەی هاوردەکراو یان هەر پێویستی نییە، خۆشبەخترین وڵاتە،ل49


خۆبەکەمزانین و ماستاوچێتی
خاڵیکی سەرنجراکێش بەلامەوە ، شۆپنهاوەر لەم کتێبەیدا باسی ئەو کەسانە دەکات، کە خۆیان بەکەمدەزانن لەبەرامبەر کەسانی تردا، ماستاوچێتی دەکەن و  خۆیان سووک دەکەن. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ ئەو کەسەی بتوانێ سەری دانەوێنێ و  بە تەواوەتی بچەمێتەوە، ئەوە ئەو کەسەیە کە هەموو شتێکی پێ دەکرێ و تەنها هەر خۆیشی بێ بایەخی و نا لێهاتوویی خزمەتەکەی دەزانێ. ئەگەر ئاغاکانی شتێک دەنوسێ یان قسەیەک دەکا، تەنانەت ئەگەر ئاغاکانی شتێکی پوچیشیان کردبێ، ئەوە ئەمانە ئامادەن وەکو شاگردێک وردو درشتی بخەنە بەر باس  و لێکۆڵینەوە.  دواجار دەگەیەنە ئەو دەرئەنجامەی کە ڤۆلتێر  لەمبارەیەوە دەڵێت: ژیان پێنچ و دوو رۆژێکە ، هەق نییە بە رێزدانان و ماستاوچێتی بۆ هەندێ خوێڕێ و هیچوپوچ  و قێزەون  بە فێڕۆی بددەین. ل 88

بۆچوونی خەڵکی
بەلای شۆپنهاوەرەوە پێویستە مرۆڤ هێندە گرنگی بە بۆچوونی ئەوانی تر نەدات، بگرە زیاتر خۆی بەلاوە گرنگ بێت.  بگرە ئەمە بە خەوشێکی گەورەی کەسایەتی مرۆڤیشی دادەنێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ سروشتی مرۆیی خاڵێکی لاوازی تیدایە، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی گرنگییەکی زۆر بە دید و بۆچوونی ئەوانی دیکە لەبارەی خۆیەوە دەدات، هەر روبوونەوەیەکی سادە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو دید و بۆچوونانەی خەڵكی ، جا هەرچییەک بێ، هیچ کاریگەریان بەسەر بەختەوەری ئێمەوە نییە، واوەتر لەوەش، لەبیرو خەیاڵی خەڵکی دیکەدا چی دەگوزەرێ ، شتێکە  کەهیچ بایەخێکی بەلای ئێمەوە نییە ،ل94
کاتێک دەبینین کۆمەڵێک کەسی گەمژە وئەحمەق، سووکایەتی بە مرۆڤە مەزنەکان دەکەن، ئەو کات تێدەگەین هەر کەسێک بەهایەکی زۆر بە قسەی خەڵکی بدات، ئەوە بەها و شکۆیەکی زۆری پێبەخشیون، ل91

خۆبەزلزانی
خاڵێکی گرنگی تر کە نووسەر ئاماژەی پێداوە مەسەلەی خۆبەزلزانینە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ پێموایە خۆبەزلزانی رەفتاری ئەو کەسانەیە کە هیچ شتێکیان نییە شانازی پیوە بکەن.
دواتریش لەبارەی خۆبەلزانی گەلانەوە زۆر قسەی جوان دەکات و  دەڵێت:

_پووچترین جۆری خۆبەلزانی بریتییە لە خۆبەزلزانی نەتەوەیی،ئەگەر مرۆڤ خۆی بەنەتەوەوە هەڵكێشا، ئەوە بزانە هیچ شتێکی دیکەی نییە کە خۆی پێهەڵبکێشێت، ئەگەر نا ناچار نەدەبوو، پەنا بۆ شتێک بەرێت، کە ملیۆنان مرۆڤی دیکەی نەتەوەکەی تێیدا هاوبەشن، بەپێچەوانەوە ئەو کەسانەی تایبەمەندی تایبەت لەکەسایەتیاندا هەیە، هەڵە و کەموکورتی میللەتەکەی روونتر لەوانی دیکە دەبینی، چونکە شكستی نەتەوەکەی بۆتە بەربەرستی بەردەم ئەم. هەر داما و کڵۆڵێک کە هیچی نییە شانازی پێوە بکات، ناچار وەکو دوایین ئومێد پەنا بۆ نەتەوەکەی دەبات کە خۆی یەکێکە لەو نەتەوەیە. ئەم جۆرە کەسانە ئامادەن بە نیکۆک و ددان داکۆكی لە هەڵە و پەڵە و گەمژەیی نەتەوەکەیان بکەن ل108

شۆپنهاوەر جگە لەم باسانەی سەرەوە، باسی کۆمەڵێک باسی گرنگی تری کردووە لەوانە : ئابڕو پلەو پایە  و ناوبانگ،،هتد.



چەند سەرنجێک
لەپەنا ئەم بۆچوونە باشانەیدا، شۆپنهاوەر کۆمەڵێک بۆچوونی مایەی سەرنج  و رەخنەشن، لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێکیش بخەمە سەر ئەو لایەنە.
بۆچوونی راسیزم
دیارە هزری راسیزم لە ئەوروپادا مێژووییەکی دێرین و قێزەونی هەیە بەتایبەتی لەئەڵمانیادا، وەکو ئێمیل زۆلای نوسەری ناوداری فەرەنساش دەڵێت: نووسەر بەرهەمی ئەو هەلومەرەجەیە کە تێیدا لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت. شۆپنهاوەریش لەو سەردەمەدا کەم تا زۆر، کەوتۆتە ژێرکاریگەری هەندێک بۆچوونی راسیزمانەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە رەشپێست و گەلانی تری ئەوروپاوە هەیە. بۆ نموونە لەکاتی باسکردنی زۆربڵێی و کۆمەڵایەتی بوونی خەڵکی  دەڵێت:
_رەشپێستەکان  کۆمەڵایەتیترین میللەتن، لەبەرئەوەیە دەبینین لەڕووی فکرییەوە لە دواوەن. لە رۆژنامەیەکی فەرەنسیدا خوێندمەوە، رەشپێستەکانی باکووری ئەفریقا، بە ئازاد و کۆیلەکانیشیانەوە، دەخزێنە ژوورێکی بچووکەوەو لەوێ گرد دەبوونەوە، چونکە لە دیتنی لووتە پانەکانی یەکتر تێرنابن، ل45
کاتێک کە ئەم وشانە دەخوێنیتەوە، پڕیەتی لە هەستی راسیزم و بەئاشكرا قسەو سووکایەتی بە رەشپێستەکان دەکات.
هەروەها لەکاتی باسکردنی لوتبەرزی نەتەوەییشدا هێرشێکی ناڕەوا دەکاتە سەر هەموو فەرەنسییەکان و  دەڵێت:
­_ فەرەنسییەکان پەتایەکیان لەنێودا هەیە کە هەندێکجار لە پوچترین نیاز و پێکەنیناویترین خۆبەزلزانی نەتەوەیی و بێ شەرمانەترین لافلێدان خۆی دەنوێنێ ، لەبەرئەوە دەبنە جێی گاڵتەجاری گەلانی دیکە و بە گاڵتەوە پێیان دەڵێن"  نەتەوە مەزنەکە" ل 100
پێدەچێت هەستی لووتبەرزی لەبەشێکی فەرەنسییەکاندا هەبێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە تۆ هەموویان بخەیتە یەک سەبەتەوەو بە ئارەزوی خۆت قسەیان پێبڵێیت، دیارە لەم دێرانەدا دەردەکەوێت کە ڕقێکی ئەستوور لە دڵی نووسەردا هەیە بەرامبەر بەفەرەنسییەکان، ئەمەش دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئێستا لەناخی بەشێكی ئەڵمانییەکان بەرامبەر بە فەرەنسا هەیە.

دژایەتی خەڵکی گەمژە
خاڵێکی تر کە نووسەر جەختی لێدەکاتەوەو بەزەقیش دیارە لە بۆچوونەکانی، دژایەتیکردنی خەڵكی عەوام یان ئەوانەی کە ئاستی زیرەکیان کەمە. مەسەلەی خەڵكی گەمژە و سەیرکردنیان وەکو بارقوورسی بۆ خەڵکی ، بیرێکی ترسناکە، چونکە لەم بیرەوە راسیزم و نازیەتیش پەیدا بوو. نازییەکانی ئەڵمانیا ئەوانەی کە ئاستی بیرکردنەوەیان لاواز بوو،  دەیانخستنە ناو کوورەی ئاگرەوە، چونکە پێیان  وابوو کە ئەمانە بارگرانیین بۆ خەڵکی.  دواتر مەسەلەی خەڵکی " گەمژە" و دژایەتیکردنی، هەمیشە هەستی راسیزمی هێناوەتە ئاراوە، پێش چەند ساڵێک تیلۆ زاراتسین کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کتێبێکی بڵاوکردەوەو تێیدا داوای جیاکردنەوەی موسڵمانەکانی لە ئەڵمانەکان کردبوو و لە قووتابخانەکاندا، چونکە بە قسەی ئەوبێت، موسڵمانەکان گەمژەن و خەریکە ئەڵمانەکانیش گەمژە دەکەن. جا تۆ وەرە ئەوەندە  دەماغ سست  و رووقایم بیت    5 ملیۆن هاوڵاتی وڵاتەکەی خۆت  بە گەمژە دابنێیت و خۆشت بە کەسێکی زیرەک و سیاسەتەمداریش دابنێیت!.
بۆچوونی خەڵكی گرنگ نییە
شۆپنهاوەر لەسەرەتادا زۆر گرنگی بەوە دەدات کە مرۆڤ تەنها دەبێت بۆخۆی بژیی و بۆچوونی خەڵکی تر گرنگ نییە، بەڵام لە باسەکانی دواییدا باس لە گرنگی ئابڕوو ، متمانە دەکات، ئەو پێی وایە ئەمانەش گرنگن بۆ کەسایەتی مرۆڤ. باشە گەر کەسێک گوێ نەداتە بۆچونی خەڵكی، ئیتر ئابڕووی بۆچییە؟ یان متانەی خەڵکی بۆچییە؟ لەبەرئەوە دژبەیەکییەک لەمەدا دەبینیت.

خۆبەلزانین گرنگە یان نا
لەگەڵ ئەوەی نووسەر زۆر دژی کەسانی لووتبەرز و خۆ بەزلزانە و بە کەسانی گەمژە وەسفیان دەکات، کەچی لە لایەکی ترەوە داکۆکی لە بوونی خۆبەلزانی بۆ کەسایەتی مرۆڤ دەکاتەوەو دەڵێت:
_ بێ فیزیی و خاکەڕایی، نەنگی و بێ رێزی بەدوای خۆیدا دێنێ، وەکو رۆمانییەکان دەڵێن: بەراز بۆتە مامۆستای دانا. ئەو پەندە عەربییە جوانەی کە دەڵێت: گاڵتە لەگەڵ کۆیلەدا مەکە، چونکە هەر زوو پاژنەی خۆیت پیشان دەدات، ل107
ئەمەش دژبەیەکییەکی تری بۆچوونەکانی شۆپنهاوەرمان بۆ دەردەخات.
بلیمەتی و رەشبینی
وەکو وتم شۆپنهاوەر کەسێکی رەشبین بووە، لەم  کتێبەشیدا رەشبینی بە سیمایەکی باش دادەنێت بەتایبەتی بۆ کەسانی سیاسەتمەدار، فەیلەسووف، هونەرمەند. دیارە ئەمەش راست نییە، جارێک لەپێش هەمووکەسێکەوە، سیاسەتمەدارە زیرەک و قارەمانەکان بەوە ناسراون، کە کەسانی گەشبینن، چونکە گەر باوەڕیان بە دوارۆژ نەبێت، ناتوانن سیاسەت بکەن. بەهەمانشێوەش بۆ هونەرمەندانیش راستە، چونکە کاری هونەری ، گوزارشت لەناخی هونەرمەند دەکات، گەر هونەرمەند رەشبین بێت، ناتوانێت کارێکی جوان بخوڵقێنێت.

دەرئەنجام
هەموو ئەو کەسانەی شارەزاییان لە مێژووی فەلەسەفدا هەیە دەزانن کە شۆپنهاوەر کاریگەری گەورەی بەسەر فەلەسەفەی جیهان بەگشتی و ئەڵمانی بەتایبەتی هەبووە،بەتایبەتی لەسەر فەیلەسووفانی پاش خۆی لەپێش هەمووشیانەوە نیتچە. بۆچوونەکانی شۆنهاوەر لەبارەی گرنگی " ئیرادە، باوەڕ بەخۆبوون، ئایین، دەوڵەت" زۆر گرنگن، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆرجار نابێت وەکو تووتی هەموو بۆچوونەکانی بەراست بزانین و ببینە دەروێشی، چونکە ئەویش پێش هەموو شتێک مرۆڤ بووە، مرۆڤیش شایستەی هەڵە کردنە.
لەکۆتایشدا دەستخۆشی لە کاک ئارام شوانی دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە جوان  و گرنگەی شۆپنهاوەر، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم.

سەرچاوە:
ئارسەر شۆپنهاوەر. حیکمەتی ژیان. وەرگێڕانی ئارام ئەمین شوانی. چاپی دووەم. لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی فێربوون. 2019



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved