22/4/2020 12:00 AM

لقی سلێمانی پیرۆزبایی له ڕۆژنامەنووسان دەكات

وێڕای پیرۆزباییمان لە سەرجەم ئەندامانی لق ورۆژنامەنووسانی سنووری لقەكەمان، داوای لێبووردنی زۆریشیان لێدەكەین كە ئەمساڵ لەبەر ئەو هۆكارانەی لە دەرەوەی تواناو دەسەڵاتمان بوون، نەمانتوانی وەك پێویست یادی 122 هەمین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی كوردی بكەینەوە..

بەنیازی ئەنجامدانی زنجیرەیەك سیمنارو كۆڕو كۆڕبەندی باڵا بووین، دەكرێت لەپاش ئاسایی بوونەوەی دۆخەكە ئەو چالاكیانە پێشكەشبكەین، ژمارەیەك كەسایەتیمان هەڵبژاردبوو رێزلێنان و مەراسیمیان بۆ بكەین، پۆستەرو بروشەرمان ئامادە كردبوو، بەرنامەی ئەلبومێكی شەست ساڵ تەمەنی رۆژنامەنووسی سلێمانی مستەفا ساڵح كەریم هەر پرۆژیەو تەنها كاتەكەی دوادەكەوێت، سەردانی خێزانی رۆژنامەنووسە شەهیدەكان و كۆچكردوان دوادەخەین بۆ كاتێك رێگامان گوڵرێژ بێت و بەبێ دەستكێش و دەمامكەوە سەردانیان بكەین..

لەم یادە پیرۆزەدا سوپاسی سەرجەم ئەو رۆژنامەنووسانە دەكەین كە دڵسۆزانەو خۆنەویستانە لە دوومانگی رابردوودا ئەركەكانیان گەیاند و سڵیان لە دەردو پەتا نەكردەوە، ئیمەش لەكاتی خۆیدا پێزانینمان بۆیان هەبوو..
ئەمڕۆ 122 ساڵ بەسەر تەمەنی رۆژنامەگەریی كوردیدا تێپەر دەبێت، بەمافی رۆژنامەنووسانی دەزانین داوای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ بكەین و بڵێین كاتی ئەوە هاتوە كە:
1- كاری رۆژنامەنووسی بكرێتە پیشەو وەك هەر كارو پیشەیەكی تر تەماشا بكرێت..
2- رۆژنامەنووسی تەنها بۆ رۆژنامەنووسان بێت و كەسانی تر ئەو ناوە بەكارنەهێنن..
3- رەوشی خراپی بارو گوزەرانی ڕۆژنامەنوسان بەجددی چارەسەر بكرێت..
4- بیمەی بێكاری ودڵنیایی كۆمەڵایەتی بۆ رۆژنامەنووسان دابرێژرێت لەچوارچێوەی یاسای كاردا.
5- كار بۆ ئەو میدیاكارانە بدۆزرێتەوە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئیشەكانیان لەدەست داوە.
6- قەرەبووی زەرەرو زیان و نەخۆشی و بەركەوتەی جەستەیی رۆژنامەنووسان بكرێتەوە.
7- لە گرێبەستی كاركردندا رەچاوی مرۆڤبوونی لایەنی دوەم بكرێت و جیاوازی لە كۆپی سەندیكاو كۆپی كەناڵەكەدا نەبێت.
8- یاسای خانەنشینی ڕۆژنامەنووسان، بەشێوەیەك رێك بخرێتەوە لەگەڵ دارایی و سەردەمی ئێستادا گونجاو بێت..
9- کاركردن بەیاسای کاری ڕۆژنامەنوسی و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری لەسەرجەم دادگاكانی كوردستاندا سەنگی مەحەك بن بۆ كەیسەكانی میدیا.
10- یەكسانی لەماف و ئیمتیازاتی رۆژنامەنووسانی مێیینەدا بەراود بە رۆژنامەنووسانی نێرینە لە موچەو پاداشتو سەعاتی كاركردندا.
11- بەپێی گرێبەستی كاركردن، رۆژنامەنووسانی دایك مۆڵەتی مناڵبوون و دایكایەتیان بەیاسایی بكرێت.
12- حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شارەوانی، بەجددی بیر لە شوێنی نیشتەجێبوونی رۆژنامەنووسان بكەنەوە، یان بەپێی ئەو لیستەی سەندیكا داویەتی بە حكومەت پارچە زەوی ببەخشرێتە میدیاكارە شایستەكان.
13- ستایشی سەرجەم ئەو کەناڵ وڕۆژنامەنوسانە بكرێن كە له بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی كۆرۆنادا سەرسامیان كردین ولێبڕاوانە لەم قەیرانەدا هۆكاری خێر بوون و رۆڵی ئیجابیان گێڕا..
14- داوا دەكەین حكومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووساندا دەرعی دەستگیرۆیی ببەخشێتە ئەو رۆژنامەنووسانەی كە باری گوزەرانیان ئێجگار خراپەو هاوكاری مادیان بكات..
بۆ سەرجەم ئەوانەی كە باس لە چاككردن و راستكردنەوەی میدیای كوردی دەكەن، مەرجە ئەم خاڵانەی باسكران بە بێ جیاوازی بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسان جێبەجێ بكرێن، نەك كۆمەڵێك لەچەوراوی نازو نیعمەتدا بژین و زۆرینەی میدیاكارانیش ژەمە نانی خۆیان و ماڵو مناڵیان مسۆگەر نەبێت..
سەربەرزی بۆ راستی.. جوانی بۆ مێژووی پرشنگداری رۆژنامەنووسیمان.. مردن بۆ دوژمنانی ئازادی


لقی سلێمانی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
22/4/2020

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved