22/4/2020 04:17 PM

کوردانی ئەرمەنستان

کوردانی ئەرمەنستان بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەشی ڕۆژئاوای ئەرمەنستان دەژین. کوردەکانی یەکێتی سۆڤێتی جاران سەرەتا کوردییان بە ئەلفوبێی ئەرمەنی نووسیوە لە 1920ـدا، لەپاش ئەوە بە لاتینی لە 1927ـدا، پاشان بە سیرلیک، و ئێستا بە هەردوو سیرلیک و لاتینی. کوردەکان لە ئەرمەنستان پەخشێکی ڕادیۆیی کوردییان لە یەریڤان و ڕۆژنامەیەکی کوردی بە ناوی ڕێیا تازە. بەشی کوردی لە دەزگای هەرێمیی یەریڤان بۆ خوێندنە ڕۆژهەڵاتناسییەکان. کوردەکانی ئەرمەنستان پێشەنگبوون لە دەستکەوتنی میدیای وەک ڕادیۆ، پەروەردە، و ڕۆژنامە بە زمانی زگماکی خۆیان، بەڵام گەلێ کورد لە 1939 بۆ 1959 بە دانیشتووی ئازەری و تەنانەت ئەرمەنیش لەقەڵەمدراون.
هەریەکە لە جەنەراڵ دراستامات کانایانی ئەرمەنی کە ناسراوە بە درو لەگەڵ سەنجیر ئاغا، کە کوردێکی ئێزیدی بووە، پێکەوە لە 1918 بۆ 1920 لە شەڕی باش-ئاپاران لە دژی سوپای تورکیا  شەڕیان کردووە، بەڵام لە 21ـی ئایاری 1918، سوپای تورکیا کۆماری ئەرمەنستانی داگیرکرد. جێی ئاماژەیە  کە بەپێی سەرژمێری 2011، نزیکەی 35,271 ئێزیدی لە ئەرمەنستان دەژین. ئێزیدییەکانی ئەرمەنستان پێشتر لە زۆر شەڕدا پشتگیری سوپای ئەرمەنیان کردووە و تەنانەت لێشیان کوژراوە.
مامەڵەی مێژوویی ئەرمەنستان لەگەڵ کوردەکان و بەتایبەتی کوردە موسوڵمانەکان بەم شێوەیەیە کە ئەرمەنستان بەهۆی بەشداری کوردەکان لە شەڕ بە دژی ئەرمەنەکان لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا لە کوردەکان بەگومان و بێ‌هیوان، بەڵام ئەوەش دەزانن کە لەم کۆمەڵکۆژییەدا سەرجەم خەڵکی کورد بەشدار نەبووە و تەنانەت زۆر یەک لە ئەرمەنەکان لەکاتی جینۆسایدەکەدا لەلایەن کوردەکانەوە داڵدە دراون.
لە کۆماری دیموکراتی ئەرمەنستانی 1918-1920 دا، کوردەکان مافە سیاسییەکانیان بەدەستهێنا و نوێنەرێکی کورد هەڵبژێردرا بۆ پەرلەمانی ئەرمانستان و هەندێ کورد بوونە ئەفسەر لە سوپای ئەرمەنیدا و یەکەی کوردە خۆبەخشەکانیان ڕێکدەخست.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved