23/4/2020 02:42 PM

ماریا نازانم تۆ منت لەو گۆڕەشارە هەتاهەتاییه‌دا چی لێکردووه؟-وتار

خوێندنەوەیەکی ڕۆمانی گۆڕە شاری سەید قادر هیدایەتی
له نووسینی: فەرهاد بابۆڵی

گۆڕە شار دوایین ڕۆمانی نووسەری کورد سەید قادر هیدایەتییه کە ئەو ڕۆژانە له ژێر چاپ هاتە دەر و کەوتە بەر دیدی خوێنەران. خوێنەری کورد ئێستا له نێو ئەدەبیاتی زەبەلاحی جیهانی و خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆکی دەرەکی‌دا  ، هەمیشه به سیلەی چاوانیشەوە دەڕوانێتە زەین و قەڵەمی نووسەرانی خۆماڵی و به دەرکەوتنی مانگی بەرهەمی زبانەکەی شاگەشکە و خەنی دەبێت. زۆر له مێژ نییه له بۆکانی مەکۆی وێژە و ئەدەب ، له ڕۆژهەڵاتی وڵاتێکی بێ‌سەر و خاوەن‌ زبان‌دا هەر بە قەڵەمی بەڕێز سەید قادر هیدایەتی چاوەمان به ڕۆمانی گابۆڕ ڕوون ببۆوە و دە نێو خولیا و ئاواتە قەتیس ماوەکانی کەریم و عەبدولموتەلیبیش دا کاڵ ببووە. له وێش دا نووسەر به کەڵک وەرگرتن له توانا و پتانسییەلەکانی زبانی کە میرات گری وێژەیەکی کۆن و لە مێژینەی زارەکی و ئەزموونە ناسکەکانی نویسارییه جیهانێکی هەستەکی ، ئەزموون خواز و شک ورووژێن له هەمبەر حەقیقەتی پێک هێناوە و گوتارێکی دیکەی ڕەخنەیانە و جوانی ناسانەی بۆ بەستێنی ڕۆمانی کوردی به دیاری هێنا.

شار له نێو جیهانی داستانی وڵاتان‌دا به گشتی، گونجاو بووە بۆ ڕوودانی ڕووداوە چیرۆکییەکان و زۆر گەوره ڕۆمانی جیهانی ، واقیعه داستانێکەی له نێو ئەو دەستکردە نوێیەی شارستانییەتی مۆدێڕن‌دا پێک هاتووە. له شارەکانی ئامریکای ناوەند و لاتین وەکوو مێکزیکۆ ، لیما ، ماکۆندۆ و ... بگره تا دەگاتە شار و ویلایەتەکانی ئامریکا و پاریس ، لەندەن ، پڕاگ و ... له ئەورووپای خێو و زێدی سەرهەڵدانی ڕۆمان و هەتا ڕۆژهەڵاتی دوور و تۆکیۆی شاری کافکا و نائۆکۆی مووراکامی و ... هەر هەموویان به خەڵکی قەرە و دەست ڕۆیشتوو ، به کۆشک و تەلار و ژووره تەنەکەییەکان و دیوە داڕماوەکانی قەراخ و بیجاخی ڕەش و ڕووتەکان بوونەتە شوێنی بیچم گرتنی جیهانێکی هونەری و ئەدەبی کە له زەینی کەڵە نووسەرانی وڵاتەکانی خۆیان پێک هاتووه.

بەڵام شار له گۆڕە شاردا ، شارێکی تایبەت و بەر بەست کراو و ئاماژە پێکراو نییه ؛ چەمکێکی بەرفراوان له کەشێکی گشتی دایه ، مەجازێکە له جوغرافیایەکی نادیار و غەریب کەوتوو ، مەجازێکە بۆ شوێنی ژیانێکی لێک دوور کەوتوو ؛ شوێنێک کە دەکرێ له هەموو جێگایەک‌دا کە دانیشتووەکانی دنیایەکیان یاسا و ڕێسا و خولیا و ئاوات و پێکەوە ژیانێکی جیاوازی جیهانێکی ڕۆنراو له سەر بنەماکانی ئایدیالۆژی ، تێکنۆلۆژی ، کەڵان ڕەوایەت و... دامەزراندووە پێک بێت. شار لێرەدا وڵاتە ، شار لێرەدا جێهان بینییە ، شار لێرەدا دۆخ و بەسەرهاتە تەنانەت دەتوانێ به سەر کەسایەتی ئازاد دا دابسەپێ و جۆرێک سەر لێشواوی و  ون بوون و بزربوونی بۆ بنیاد بنێت.
هیچ داپۆشراو نییه کە ڕۆمان بەرهەمێکی زبانییه و واقیعه داستانییەکەی له سەر زبان دامەزراوە . گێڕانەوە ، وێنەکان، وێناکان ، هەڵس و کەوت و تەنانەت جیهانی زەینی و عەینی کەسایەتییەکان به زبان و نیشانە زبانییەکان ساز دەکرێن. زبان له نێو ڕۆمان دا لە وەش بەرە ژوورتر دەڕوات و جودا له پردی پێوەندی نێوان نیشانەکان ، وشەکان و رستەکان و لێکەوتەی دەلالەتە ماناییەکان له زەین و مێشکی خوێنەر و بەردەنگ بۆخۆشی دەبێتە هێما و مانا و خوازەیەکی بەر چاو کە هەر خۆی له خوێ دا کەسایەتی دەگرێ. جودا له کەسایەتی بگێڕەوە کە خەریکە له ڕوانگەی یەکەم کەسەوە رەوایەت دەگێڕێتەوە بە باوەڕی من جۆری تایبەتی زبانی گێڕەڕەوە کە بە گیران و دابڕین و پچڕان ئاوێتە بووە ڕۆڵێکی مەیلەو کەسایەتیانە دەگێڕێت. ئەو زبانە دەکرێ له‌هجە دار بێت بەڵام نەک له جۆری لەهجەی زارەکی کە دە گۆ کردن و بێژ کردن دا خۆ نیشان دەدات بەڵکوو لەهجەیەکی مانایی ؛ ئەو لەهجەیەی ژێر خانەکانی هێما و خوازە بۆ خوێندنەوەی خۆی هەموار دەکات. گێڕەڕەوەی یەکەم کەس هەر له سەرەتای ڕۆمان تا کۆتایی خەریکە هەم له باری زبانی و هەمیشه لەباری زەینی تووشی گیران و دابڕانی زبانی له کاتی گێڕانەوە‌دا دەبێ.
واتا هەم زبان و هەمیش زەین تووشی ترازان و دابڕان له حاڵەتە یاساییەکەی خۆی دەبێتەوە. گیرانی زبان دەکرێ هۆکاری دەروونناسانەی هەبێت و بگەڕێتەوە بۆ ترس و تۆقین و دڵەڕاوکێی دەورانی منداڵی کە لێرەشدا ئەو حاڵەتە هاتۆتە پێش و کەسایەتی ئازادیشی گرتۆتەوە ؛ کاتێک هەر له زەمەنی منداڵی دا سێبەره ڕەشه‌کە بەدوای دا دێت و ئاکواریۆمی ماسێکان دەشکێت و له پێش چاوی کەسایەتی گێڕەڕەوە ماسییەکان کە هاودەمی کایه و یارییەکانی ئەون له حەوشەی ماڵێیان‌دا پەڕژ و بڵاو دەبن و به جۆرێک بە جینگڵ دانیان ئەزموونێکی ناخۆش و پڕ مەترسی بۆ ساز دەکەن. ئەو ئەزموونە دە نێو زەین و مێشکی منداڵانەی ڕاوی دا بیچم دەگرێ و دەبێتە هۆی گیرانی زبان و بیلامانێ میز دە خۆ کردن. بەڵام گیرانی زبان تەنیا به پێناسەیەکی دەروونناسانەدا کۆتایی نایەت و نابڕێتەوە. کاتێک باسی مانای له‌هجەدار دەکەین ئەوەمان مەبەستە کە دەبێ له زرووفه قووڵەکانی مانا و دەلالەتە هێمایێکانی کەشێکی ئەوپەڕ فەردی و تاکە کەسی بگەڕێین. واتا ئەوە زبانی شارێک و جوغرافیایەکە تووشی گیران دەبێ و زەمینەکانی دەڕبڕینی لێ دەستێندرێتەوە. به تایبەت ئەو گیرانە له دەرەوی چوارچێوەی خۆی‌دا واتا له دەرەوی ماڵ و خێزان کە دەکرێ وەک جیهان ژینی خسووسی له هەمبەر جیهانێکی دەرەکی و دەرەوەیی پێناسه بکرێ زۆرتر و بەرچاوتر زەق بۆتەوە. ڕەنگە بتوانین وای بۆ بچین کە گوتاری زبانی و کەسایەتی زبانی له ئامباز بوونەوەی مافەکانی نەتەویی خۆی‌دا نەیتوانیوە دەرفەتێکی بۆ دەڕبڕینی هەوێتی و بوون ناسانەی خۆی ڕێک خست بێ و پێک هێنابێت.

هەڵبەت له سەراسەری ڕۆمانەکە دا کەسایەتی ئازاد تەنیا جارێک ، ئەویش کاتێک نەخۆشەکانی دیالیز دەیانهەوێ بۆ وەدی هاتنی داواکانیان مان بگرن لە دەرەوەی خێزان دێتە قسە کردن و بێ گرێی گیرانی زبان دەئاخوێ . بەڵام بەرهەم و لێکەوتەی ئەو قسە کردنەش کاردانەوەیێکی ناخۆش و نالەباری بۆ ساز دەکات و هەم له لایەن باوک و هەمیش له لایەن بەشی دیالیز سەرکۆنە دەکرێ و گرفتی بۆ ساز دەبێت. لێرە دا دیسانیش ئەو بانگەشەیه پشت ڕاست دەبێتەوە کە پرسی گیرانی زبان له باری ماناییەوە پرسێکی ئەوپەڕ فەردییە و هێمایانە و خوازەیانە زەین بۆ دەلالەتە ماناییە شاردراوەکانی جیهانی ڕۆمان دەبات.

دووپات بوونەی وشەکان لە کاتی گێڕانەوەدا ، تێک ئاڵقانی قسەی کەسایەتییەکان ، پچڕانی بەردەوامی زەینی بگێڕەوە له کاتی ئێستا بۆ ڕابردوو‌دا ، دووپاتەی له ڕادە بەدەری " نازانم وەک چی" لە نێو ئاخنی گێڕانەوە دا هەموویان باس لەو حەقیقەتە دەکەن کە به گشتی دەستەمۆ کردن حەقیقەت ئەستەمە و له حەقیقەت بەدەره.
ـ ئێستاش بە سەدان ژن و منداڵ له دەستی نازانم کوێ‌دا یەخسیرن.
ـ دڵم به زمانمەوە چی لێ‌کراوە دەستم بە دەستتەوە چی لێ‌کراوە گۆڕە شار چییه ترپە و فڕکەی دڵمە یان...
ـ به هەموو ئیشتای نازانم کوێی خۆم دەنگم هەڵێنا و دایکم زۆری حەول دا نازانم کوێم بکێشێ و نازانم بڵێ چی. نازانم پێم عیب بوو چی؟

زۆر جار گوتراوە له چیرۆک و ڕۆمانی مۆدێڕن‌دا واقیع به پێچەوانەی چیرۆکی نەریتی کە له جیهانی دەرەکی وەردەگیرێ ؛ له زەینی کەسایەتییەکاندا خۆی نیشان دەدا و لە بنەڕەت دا واقیع دەبێتە دیاردەیەکی زەینی ؛ واتا گێڕانەوە له جیهانی زەینی کەسایەتییەکان‌دا کاکڵ دەگرێت. له ڕۆمانی گۆڕە شاردا ئەوە کەسایەتی ئازادە کە زۆر ڕوون و ئاشکرا بە نووسەر واتا ماریا دەڵێ خەریکە زەینی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە و ئەوە ئەمن وەک کەسایەتی چیرۆکی تۆم ماریا و نازانم تۆ منت لەو گۆڕە شارە هەتا هەتاییە‌دا چی لێکردووە ؟ ئەوەیکە چیرۆک یا ڕۆمان بێت و باسی چۆنییەتی ساز بوونی خۆی بکات له ڕەخنەی ئەدەبی‌دا ئەوپەڕ چیرۆکیان پێکوتووە. کەسایەتێک داڵ بە داڵ خەریکە له نووسەرەکەی دەگڕێ و بە دوای دۆزینەوەی حەقیقەت و ڕاستی ڕووداوەکان و چییەتی چاڕەنووسییەتی. ئەوەی کە تەنانەت کەسایەتی ڕۆمانیش له هەمبەر چۆنییەتی ڕاستییەکان‌دا دۆش داماوە یەکێکی دیکە له تایبەتمەندییەکانی چیرۆک و ڕۆمانی مۆدێڕنە. دۆزینەوەی ڕاستی و حەقیقەت وەک دۆزینەی چارەنووسی مڕۆڤ له ژیانیدا ڵێڵ و تەماوییە و له تاریکایی دایه. نووسەری بەردەنگی کەسایەتی ئازاد، له هیچ شوێنێکی ڕۆماندا دەورێکی ڕاستەوخۆی نەگێڕاوە . دوور و نادیار و نەبەدییە. دەق خەریکە له کاتی نووسین دا نووسەر له دەست دەدا و تووشی مەرگ و بێ سەر و شوێنی دەبێت . هەموو دەسەڵاتی گێڕانەوە دەکەوێتە ئەستۆی دەق و کەسایەتییەکانی . ئەوانە هەموویان پێشاندەری ئەو ڕاستییەن کە تێزێک ڕۆندراوە و وەپێش تێزی مەرگی نووسەری بارتیش کەوتووە کە دەڵێ پاش هاتنە دەری دەق نووسەر دەسڕدرێتەوە و ئەوە پێوەندی دەق و خوێنەرە ڕاڤە و هێرمۆنۆتیکی فڕه جۆری لێدەکەوێتەوە. بۆیە کوتمان وەپێش تێزەکە کەوتووە چون لێرەدا پێش دەرچوونی ڕۆمان و تەنانەت دە گەرمەی ڕووداوەکان‌ نووسەر واتا ماریا بێ سەر و شوێن کراوە.👇👇
ـ ...سەرم دەخورێنم ماریا بۆ دیار نییه کوا له کوێی چیرۆکەکەت‌دا ون بووی لێم و؟
ـ باسی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە؛ هەمیشه له گەڵمی، کێ تۆی دەرکرد؟ بردوویانی بۆ کوێ؟ چیرۆکەکەت چی بەسەر هاتووە؟ ئەوەی وا گوتت نێوی گۆڕەشارە و کەسایەتییەکەی زمان دەگرێ. ماریا پێموانییە هیچ نووسەرێک ئەوەندە له چیرۆکەکەی‌دا حزووری بووبێ کە تۆ له زەینی من‌دا.
نووسەر دەچێتە زەینی کەسایەتی و ئەوەش فۆڕم و پێکهاتەیەکی تایبەتی خولقاندووە. ئەو بەشەی ڕۆمانەکە فۆڕم بەرجەستە دەکات و خەریکە بانگەشەی تواناییەکانی نووسەری سەرەکی دەقمان بۆ دەردەخات کە سادقانە و نەترس بەشێک له توێژە پێکهاتەییەکان شی دەکاتەوە و وا وێدەچێت بێ منەت و ڕوون و ئاشکرا بانگەشەی ڕۆنانی جیهانێکی دەستکردی هونەری دەکات.

تایبەتمەندێکی دیکەی فۆڕمی ڕۆمانەکە گرێ دراوە به چەمکی نێوان دەقێتی. دەنگی دەقی تر وەک چیرۆک ، وەک گۆرانی ، وەک کتێبی پیرۆز و تەنانەت ویدیۆ و  هەواڵی کاناڵە ئاسمانییەکان خزاوەتە ناو ڕەوایەت و له هەڵس
و کەوت و دیالۆگ و ئاخاوتنی کەسایەتییەکان و بە تایبەت تاک بێژییە زەینییەکانی گێڕەڕەوە ـ ئازاد ـ دا بەدی دەکرێ. ئوستوورەی گیرانی زبان له دەقی ئایینی و کەسایەتی موسای پێغەمبەر دا نێوە نێوە له خۆ بەراوەرد کردنی ئازاد و شێوە زبانەکەی وەبیر دێتەوە . موسی به ئاگر له ماڵی فیرعەون‌دا زبانی دەسووتێ و پێی گەورە دەبێ و ئەو کەمایەسییە ڕواڵەتییه نابێتە لەمپەر بۆ بەگژدا چوونەوەی ئەو له هەمبەر ڕانەهاتنی خۆ بە زل زانانی چەمکی حەقیقەت له ناو کەڵان ڕەوایەتی ئایینی‌دا. "وەحلوول عوقدتا من لسانی" . ئازاد ، موسای وەبیر دێتەوە و ورە دەگرێتە خۆ و حەول دەدات گرێ و زیبکەی بن زبانی ڕابهێنێت و ڕەوانی کات. زبان یانی بوون یانی ئەمن هەم و خەریکە بە دەربڕینی هەوێتی خۆم و هەموو خولیا و ئاواتەکانم دەسەلمێنم. ئازاد کە له قوتابخانە نەیتوانیوە له ژێر پەروەردەی فەرمی زبانێکی تر دا فێره خوێندنەوە بێت ، ئەوە له ماڵ‌دا خۆرسک و خۆڕاناو فێرە خوێندن بووە و خەت بە خەت داستانی حەزرەتی مووسا دەخوێنێتەوە. موسا دەبێتە هێمای سەرکەوتنی ئیرادە بە سەر گرێ و عوقدەی زبان‌دا.
ـ وەره با بڕۆینەوە ماریا. ئێره بەشی دیالیزه. وەحلوول. بیکەوە[....] عوقدەتەن. قفڵی دەرگا. ئەوە زمانم بۆ وا دەکا؟ قفڵە زمانم.
ـ ئازاد بەشەر یانی سەختی و کوێرەوەری. دەبێ به تاقەت بێ. مووسا کوێی سووتا.

دەنگێکی تر کە توانیوێتی له سەر کەسایەتی ئازاد شوێن دانێت و زەینی راکێش کات . چیرۆکی "ماسییە ڕەشە بچکۆلانەکە"ی سەمەدی بێهڕەنگییه. ئەو ماسیانەی له پێش چاوی ئازاددا دەبنە قوربانی و زمان و گۆی لێ ناقیس دەکەن بەردەوام دەگەڵ ماسییە ڕەشەکە تێکەڵ دەبن و نێوان دەقێتی پێک دێنن. ئازاد بەسەرهاتی ئەو ماسییه ڕەشەی خوێندۆتەوە و دەیهەوێ بە سەر ڕەوگەی پڕ چەرمەسەری گیرانی زمان‌دا سەرکەوێ و بگاتە دەریای مەندی رزگار بوون له حوقدەتەن مین لیسان.
 ـ ... وەختێک ماسییە ڕەشە چکۆلەکەم خوێندەوە زۆرم پێ سەیر بوو. زۆر وەک ماسییه ڕەشه چکۆڵەکەی سەردەمی منداڵی من دەچوو.

ئەو ویدیۆیەی له دنیای مەجازی دا بڵاو بۆتەوە و ئازاد دەیبینێت و ڕاکێشی دەبێ. هەواڵێکی سیاسی له پارڵمانتارێکی کورد له بەشیکی تری وڵات دا کە بێ گیرانی زمان و بێ گرێ پووچکە داوای ڕەوای خۆی دەورووژێنێت و هیچ ترس و دەسەڵاتێکیش ناتوانێ زمانی کە ئامرازی دەربڕینی ناسنامە و هەوێتی و ئەڤینەکەیەتی ببەستێ. ئەوانە هەمووی ئەو دەق و دەنگانەن کە به جۆرێک  دەبنە سەرچاوەی ورە وەخۆنان بۆ رزگار بوون له مەینەتی سانسۆڕێکی خۆیی و ئەوی تر. گیرانی زمان هێمای سێبەری ڕەشی سانسۆرە بۆ خۆ دەربڕین ؛ ئەو سانسۆرەی یا به زۆره ملی ئەوی‌ تر یا بە خۆ پارێزی داسەپاوە و ڕێگای چوونە دەریا و تێک شکانی ئوستووره‌ی فیرعەونەکان ئەستەم دەکات.
ـ نازانم گوتی بایدیمیر چی؟ ... ئەوەتا . ئەوەتا. ئەوەتا لێرەدایه. له دڵم‌دا. ...بەڵام هەر ناسڕدرێتەوە نازانم بۆ وایه.

یەکێکی دیکە له تایبەتمەندییەکانی رەوایەت نیشاندانی دەرکەوتە و کردەوە هاوکاتەکانە له نێوان کەسایەتییەکان‌دا. زۆر ئەستەمە هونەری زبانی وەک هونەری سینەما بتوانێت بە سانایی له یەک کات دا چەند ڕووداو پێکەوە تۆمار و وێنا بکات. کەسایەتی سەرەکی و سەرجەم کەسایەتییکانی دیکە هەر کامیان له جیات خۆیان دێنە قسە و ڕۆڵ دەگێڕن. دەنگەکانی تر بۆڵد دەکرێن و شاڵاوە زەینییەکانیش له هەر کوێیەک بخورووشێن و بێرکێشەکی بکرێن ڕێگایان لێ‌ناگیرێ و بەربەستیان بۆ ساز ناکرێ و ڕێک له کاتی خۆی‌دا دێنە نێو دەق و ڕەوایەت و گێڕانەوە. ئەو خسڵەتە دەبێتە هۆی زیندوو مانەوەی ڕەوایەت و مۆری ڕاستگۆیی و تاقانەیی پێ‌دەبەخشێت.
ـ ئااای ئەوە ئەوڕۆ بۆ هەر نۆرەمان نەهات، بوو بە چی؟ ڕۆڵە بمبەنەوە ژوورێ. دایه توانیم و . ئافەریم ئازاد ئەوە بۆ تا ئێستا قسەت نەدەکرد؟ زمانم گرێی نەماوە...
لەو بەشەی سەرەوە کە وەک میناک هاتووە رستە بۆڵدەکان نەخۆشەکانی دیالیزی و رستە ئاسایەکەش بەشی زەینی ئازادە کە وا نیشان دراوە هاوکات دەگەڵ یەک ساز دەبن و کەشێکی فرە لایەن بۆ خۆ لەبەر یەک کێشانەوەی وێنا سازییەکان دەلوێت.

لە کاتی بەرەوڕوو بوونەوە دەگەڵ کەسایەتییەکان‌دا و بینینی هەستان و دانیشتنیان و بیستنی قسە و ڕا و بۆچوونەکانیان دەتوانین به تایبەتمەندی کەسایەتی هەر کامیان بگەین و دەگەڵیان ئاشنا بین و لێیان تێبگەین. پەروەردە کردنی کەسایەتی له نێو ڕۆماندا به دەکارکردنی چەندین تەکنیک و ڕێ و شوێن بەستراوەتەوە کە یەکێک له سەرەکی‌ترین ئەو تەکنیکانە دیالۆگ و مۆنۆلۆگە. کاتێک کەسایەتی دە نێو جەرگەی ڕووداوەکان‌دا دێتە ئاخاوتن و قسە کردن جا چ دەگەڵ خۆی و چ دەگەڵ ئەوی دیکە ئیدی پێویستی به گۆشە نیگایەکی دەرەکەی هەموو شت زان نییه کە تەنیا ئەو کەسەکانمان نیشان دات و هەموو شتێک پەسیو و هەموو دەنگێک کپ کات. دە کاتی گوت و بێژەکان دا ئەوان ڕاستەوخۆ دێنە بەر چاو و زەینی خوێنەر و تەنیا پردی پێوەندی کە زمانە نزیک‌ترین و جێی متمانە‌ترین پردیشه کە بەم شێوەیه له نێوان کەسایەتی و خوێنەر ساز دەبێت. هەڵبەت تاک بێژی دەروونی و زەینیش ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت و دەتوانی بارستایی زۆری پەروەرده کردنی کەسایەتی نێو ڕۆمان وە ئەستۆ بگرێت.
هەر وەک ئاماژه کرا کەسایەتە سەرەکی ڕۆمانی گۆڕه شار ، ئازاد کوڕێکی لاو دە خێزانێکی مام ناوەندی دایه. ئەو تووشی نەخۆشی گورچیله بووە و حەوتووی دوو جار دەبێ بچێتە دیالیز چونکی هێشتا نەیانتوانیوە پێوەندی گورچیله‌ی بۆ بکەن. ئەو له دەورانی منداڵێوە تووشی گرفتی گیرانی زبان بووە بە تایبەت له دەرەوی خێزانەکەی خۆیان ئەو گرفتە چەن پات دەبێتەوە. ئازاد دوو جار ڕۆڵی کەسایەتی نێو چیرۆکی بینیوە ئەو هەم کەسایەتی چیرۆکی ماریایه و هەمیش کەسایەتی ڕۆمانی گۆڕە شاری هیدایەتییه. کوڕێکی تیژ و وریا و چاو کراوە دێتە بەر چاو. بەڵام هێندێک ڕووداوی زەمەنی منداڵی له سەر کەسایەتی ئازاد شوێن دانەر بوونە و لێی بۆتە گرێیەکی دەروونی و زبانی و ئێستاشی دەگەڵ بێت هەر دەگەڵی دایه و بۆی بوونە بەربەست و ڕێگر بۆ خۆ دەربڕینی خولیا و راستییەکانی ژیانی. گرینگ‌ترین شتەکان کە بوونەتە هۆی ئەویکە ئازاد نەتوانێ بپشکوێ و خۆی بدۆزێتەوە ، تەزاد و ئاڵۆزی و ناڕێکی چەمکەکانی دەوروو بەرێتی. تەزادی نێوان زمانی دایک و زمانی خوێندن ، تەزادی نێوان گیرانی زبان و سەرکۆنەکردنی قسە کردن.
کەسایەتییەکی تر ، نیشتمان خوشکی ئازادە ، له سەرەتادا نیشتمان کچێکە هۆگری دەنگی خۆش ، گۆرانی، دەف لێدان و گوێ بیستی ڕازە دڵدارییەکانی ئازاد دەبێ بەڵام له درێژە دا به هۆی ئاشنا بوونی دەگەڵ خوشکانی نازانم کێی و کێ فکر و باوەڕی دینی دێتە مێشکی و تەنانەت نێویشی له نیشتمان ڕا بۆ راحیله دەگۆڕێت و ئێستا زۆر شت له ڕوانگەی وی نەهی لێکراوە و ئازاد و سۆعدای دایکیشی دەبێ وەک ئەرکی دینی ڕەچاوی گرن. ئەو لە جێگایەک دا زۆر توندڕەوانە و بێ گوێ دان به خواهیشەکانی ئازاد و دایکی دەفەکە دەشکێنێت و وەک شتێکی حەرام ناوی دەبات. ڕەفیقەکە کۆنەکان وەڵا دەنێت و دۆستی تازه و هاو فکر دەگرێت.
نیشتمان گیرۆدەی فکری ئایینی دەبێت و لە ژێر کارتێکەری خوشکانی نازام چی‌دا بە گژ هەوێتی و شوناسی خۆی‌ ، دێتەوە. نیشتمان له ڕووبەر و توێی ژێرەوە دالێکە دەکرێ مەدلوولی دیکەش بگرێ و  دەلالەتێک بێ له جوغرافیایەکی ناسیاو ؛ ئەو جوغرافیایەی هێشتاشی دەگەڵ بێ نەیتوانیوە گوتارێکی زاڵ و سەربەخۆ له چوار چێوەی شوناسدا بدۆزێتەوە. هەر دەم نا دەمێک له سەر هەوایەک ڕۆیشتووە و نەیتوانیوە یا نەیانهێشتووە بوون و چییەتی خۆی بناسێت.
ـ به هەزار حاڵە حاڵ له‌و ئیدارەیه نێوی نیشتمانیان لێ قبووڵ کردم. [...] ئێستاش تۆ دەچی دەیگۆڕی؟
کەسایەتییەکانی ئاغا (بابی ئازاد) ، مامه غەفوور و دادە سەیرانیش دەکرێ به جودا باسیان لێ بکرێ. بەڵام ئەوەی له هەموانیان دا ڕوونە ئەوەیه کە زۆربەیان به گرێ و عوقدەێکی تایبەت بە خۆیان گەورە بوونە و دەگەڵی ژیان و نەیانتوانیوە ویستە منداڵیەکانی خۆیان وە دەست بهێنن ؛ بۆیەش جا چ بۆ خۆیان چ گوشاری دەورووبەر بۆتە هۆی سەرکوت کردنی ئەو ویست و ئاواتە و وەک کەمایەسییەک کەسایەتی هەر کامیانی پێک هێناوه.

دە کۆتایی دا دەبێ بڵێم گۆڕە شار ، له زۆر ڕوانگە و گۆشە نیگای دیکەوە دەکرێ بخوێندرێتەوە و قسەی له سەر بکڕێ. زۆر کەڵێن و قوژبنی دیکەی هەن نەمتوانی یا دەرفەت نەبوو لێی بچمه ژوور.
ڕۆمان خۆی پێ ڕاناگیرێت و دەتوانێ به هەموو زمانێک جیهانی خۆی ڕۆ بنێت. تەنانەت ئەو نەتەوانەی زبانیشیان دەگیرێ ، ئەو شوناسانەی بۆ ژیان و مانەوە پێویستییان به دیالیزیش هەبێ ، دەتوانن ڕۆمان بخولقێنن و دە نێو ڕووبەری بێ سنووری ئەو ژانره ئەدەبییە‌دا خۆیان و حەز و ئاوات و چییەتیان بدۆزنەوە. یەکێک له گرینگ‌ترین نبووغەکانی ڕۆمان دۆزینەوە حاڵەتەکانی هەستی و بوونە. زمانی ڕۆمان زمانێکی جیهانییه کە له زمانی هەموو گەل و نەتەوەیەک سەرچاوەی گرتووە.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved