23/4/2020 02:45 PM

بەسووژەکردنی دۆخ؛ شیکارییەک لەسەر ڕۆمانی گۆڕەشار، نووسینی سەید قادر هیدایەتی

لەنووسینی: کاوان محەمەدپوور(رەخنەگری ئەدەبی، رۆژنامەوان)

ژان پۆل سارتر لە وتارێک‌ لەسەر ڕۆمانی (هەرا و تووڕەیی)ـی ویلیام فاکنێر دەڵێت: «لە کارەکانی مارسێل پرووست‌دا کات ون دەبێت و پاشان دەدۆزرێتەوە، بەڵام لە کارەکانی فاکنێردا ڕابردوو نادۆزرێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەئازار لە کاتی ئێستادایە». سارتر هەر لەم وتارەدا ئاماژە بەوە دەکا کە: «لە ڕوانگەی فاکنێرەوە، ڕابردوو هیچ‌کات لەناو ناچێت و –بەداخەوە- هەمیشە حوزووری هەیە»[۱]. ئەم ڕستەیەی سارتر جیا لە پێناسەکردنی ڕوانگەی فاکنێر بۆ کات، لە پەراوێزی خۆیدا شتێکی‌تریش شەمەند دەکا. چەمکی «کات» نیشانەیەکە بۆ گرینگی «دۆخ»، واتە بە بەرجەستەکردنەوەی «کات» هاوکات خودی دۆخ وەک هێمایەکی بنەڕەتی پێناسە دەکرێت. ئەگەر لە چیرۆکی کلاسیک‌دا نووسەر تەواوی هەوڵی لەسەر ئاوەڵ‌دووانە‌کردنی خوێنەر و کەسایەتییەکانیەتی و، جەخت لەسەر ئەوە دەکا خوێنەر تەواوکۆ لە کەسایەتییەکان نزیک ببێتەوە، ئەوە لە چیرۆکی (دۆخ‌تەوەر)ـدا، هەوڵی نووسەر نە بەرجەستەکردنەوەی کەسایەتی، بەڵکوو شەمەند‌کردنی دۆخێکی تایبەتە. ئەگەر بۆ فاکنێر ڕابردوو بەردەوام بوونی هەیە و دەموچاوی قیزەونی خۆی لە هەر ساتێک‌دا دەنوێنت، دەتوانێ هەڵگری ئەوە مانایەش بێت، وا دۆخێکی ئازاردەر هەیە کە بەردەوام پاتە دەبێتەوە یان باشترە بڵێین دۆخێک هەیە کە گۆڕانکاری بەسەر نایەت و هەمیشە یەک چەشنە، بەڵام بەڕواڵەتی‌ جیاواز خۆی ئەنوێنێت.
لە چیرۆکی دۆخ‌تەوەردا ڕۆڵی سەرەکی بە کاراکتێر نییە و هەوڵی نووسەر ئاشکراکردنی دۆخێکی تایبەتە. لەم چەشنە چیرۆکەدا کەسایەتی بەپێی چەشنی دۆخ ئەجووڵیتەوە و ئێمەی خوێنەر لەجیاتی ئاوڵ‌دووانە‌کردن لەگەڵ کەسایەتی، نوقمی دۆخەکە دەبین. چیرۆکنووسان بۆ شەمەندکردنی دۆخ‌، تاکتیک و شێوەگەلی تایبەت بەکار دێنن و بێ‌گومان ناکرێ لەم دەقەدا ئاماژە بە گشتیان بکەین. بەڵام بۆ ئەوەی باسەکە زیاتر ڕوون‌بکمەوە ئاماژە بە چەشنێک لە «دۆخ‌تەوەر»ی دەکەم کە تا ڕادەیەک نزیکایەتی لەگەڵ ڕۆمانی (گۆڕەشار) هەیە. ئەم ئاماژە بەهیچ ڕوو بەومانایە نییە کە شێوازی نووسینی ڕۆمانی گۆڕەشار ڕێک وەک ئەم نووسەرەیە، بەڵکوو جەختی من تەنیا لەسەر چەشنی بەرجەستەکردنەوەی دۆخە لە ناو چیرۆک‌دا. یەکێک لەو نووسەرە بەناوبانگانە کە زۆر جار «دۆخ» تەوەری سەرەکی چیرۆکەکانیەتی، (میلان کۆندێرا)ـیە. لە چیرۆکەکانی کۆندێرادا، هەریەک لە کەسایەتییەکان، هێمای دۆخێکی تایبەتن. واتە جیا لەوەی کەسایەتی لە دۆخێکی تایبەت‌دا هەڵسووکەوتی تایبەت دەنوێنێت، خودی کەسایەتیش دەبێتە هێمای دۆخەکە. بۆ نموونە ئەگەر فڵانە کاراکتێر، گاڵتەی لێ دەبێتە ڕاستی و یان ئاکارێکی عاشقانە لەخۆی دەنوێنێت، ئەوە بەم واتایە لە «کۆی گێڕانەوەی چیرۆک‌«دا پێناسە دەکرێت کە ئەم کەسایەتییە هێمای فڵانە دۆخە نە فڵانە کەس. لێرەدا جیاوازی لەوەدایە خوێنەر ناتوانێت بڵێت ئەم کەسایەتییە هێمای فڵانە چەشن لە کەسایەتی دەرەکییە، بەڵکوو کۆی گشتی چیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت کەسایەتییەکە هێمای دۆخێکی‌ تایبەتە لە دەرەوەی چیرۆک. کەواتە لە چیرۆکی کۆندێرادا، دۆخ لە جەستەی کەسایەتی‌دا خۆی ئەنوێنێت و ئەبێتە دۆخێکی تایبەت. کۆندێرا بەم تەکنیکە لانیکەم دوو مەبەست دەپێکێت: یەکیان پێناسەکردنی دۆخێکی‌ تایبەت و خەجتی بەردەوام لەسەر ئەو ڕوانگە کە مرۆڤ دەرهاویشتەی دۆخەکانە. دووهەم ئازاد هێشتنەوەی خوێنەر لەمەڕ دۆخی ئاماژە پێکراو. یانی بەپێچەوانەی چیرۆکە کلاسیکەکان نووسەر بەهیچ شێوەیەک نایهەوێت خوێنەر ڕێک وەک کەسایەتییەکەی بیر بکاتەوە یان هەڵسووکەوتێکی هاوشێوەی کەسایەتییەکانی لە خۆی نیشان بدات، بەڵکوو بەشێوەیەکی هێمایین پێی دەڵێت: تۆی خوێنەر دەبێ لە کۆتاییدا تەنیا و تەنیا خۆت بیر بکەیەوە و خۆشت هەڵبژێری[۲].
لە درێژەی ئەم دەقەدا هەوڵ دەدەم (دۆخ‌تەوەری)ـی ڕۆمانی گۆڕەشار شی کەمەوە و ئەوە نیشان بدەم کە نووسەر چڵۆن کەسایەتی لە ڕواڵەتی کلاسیکی خۆی بەتاڵ دەکا و وەک هێمای دۆخێکی تایبەت ئەیناسێنێت.
گێڕانەوەی «ئازاد» هێمای کردەوە و سیاسەتی میدیا
گۆڕەشار بەسەرهاتی چوار ڕۆژی نەخۆشێکی دیالیزییە بە ناوی «ئازاد». «ئازاد» لە کاتی قسەکردن‌دا زمانی دەگیرێت و بەباشی ناتوانێ باسی هەست و پێداویستییەکانی بکا. لەم چوار ڕۆژەدا لەگەڵ هەندێک ڕووداوی بچووک بچووک و ئاسایی بەرەوڕوو دەبێنەوە کە هیچ‌کامیان نە سرنجراکێشن نە کۆتاییان دێت. ناوەندی‌کردنەوەی[۳](Focalization) چیرۆک، هەموویان ناوەندی‌کردنەوەی ناوەکین و لەلایەن کەسایەتی ئازادەوە دەکرێت. واتە ئەوەی وا خوێنەر لە ڕۆمانی گۆڕەشاردا ئەیخوێنێتەوە، لە دەلاقەی (ئازادە)وەیە. فیلتێری(Filter) ڕەوایی «ئازاد» باڵی بەسەر گشت کەلێن و قوژبنەکانی چیرۆک‌دا کێشاوە و ئێمەی خوێنەر ڕێک وەک ئەوەیە لە ناو مێکشی «ئازاد»دا دانیشتبێتین و وێنە و بەسەرهاتەکان لەوێوە چاولێبکەین.
چیرۆکی(Story) گۆڕەشار، چیرۆکێکی ئاساییە. ئەگەر ئایدیای[۴] چیرۆکیی گۆڕەشار لەگەڵ دوو ڕۆمانی پێشوویی نووسەر (تۆقی عەزازیل و گابۆڕ) بەراورد بکەین، گۆڕەشار چیرۆکێکی‌ تایبەت و سرنجراکێشی پێ‌نییە. بەڵام لە نەبوونی چیرۆکێکی سرنجراکێش‌دا، چ تایبەتمەندییەکی‌تری هەیە کە خوێنەر سەرقاڵی خۆی بکا؟، وڵامی من بۆ ئەم پرسیارە (شێوەگێڕانەوە)ـی گۆڕەشارە. شێوەی گێڕانەوە تەنانەت چیرۆکێکی ئاساییش، تا ڕادەیەکی بەرچاو بۆ خوێنەر چێژبەخش دەکا و دەبێتە هۆی سەرقاڵی خوێنەر بە ڕەوایەتی چیرۆکەوە. ئەم وڵامە-کە لە ڕوانگەی گێڕانەوەناسەکانم وەرمگرتووە- بەتایبەتی جەخت لەسەر (پێکهاتە) و (کەرەستەکانی گێڕانەوە) دەکا. شێوازی گێڕانەوە و چۆنییەتی بەکار هێنانی کەرەستەکانی گێڕانەوە (وەک گێڕەوە، گۆشەنیگا، چەشنی ناوەندی‌کردنەوە، مەودا، ڕاوەستان، درێژەدان و…) ڕادەی سەرقاڵی خوێنەر بە چیرۆک دیاری دەکا و نووسەر لە ڕیگەی ئەوانەوە دەتوانێ تا ڕادەیەکی زۆر کەموکووڕی نەبوونی ئایدیایەکی سرنجراکێش قەرەبوو بکاتەوە. هەڵبەت لە چیرۆکی پۆست‌مۆدێرنیستی‌دا نووسەر ئاگاهانە ئایدیایەک بۆ چیرۆک هەڵدبژێرێت کە ئاسایی بنوێنێت و لەڕێگەی پلۆت، کارەکتێرسازی و کەرەستەکانی گێڕانەوە، شتێک زیاتر لە خودی ناوەرۆکی چیرۆک شەمەند دەکات. ڕەنگە باشترین نموونە بۆ گرینگی (شێوە گێڕانەوە)، گێڕانەوەی (جۆک) بێت. لەوانەیە هەموومان دیبێتمان کەسێک جۆکێک ئەوەندە ناخۆش بگێڕێتەوە کە پێی بڵێین: (جۆکەکەت خراپ کرد، تامی نەما)، یان کەسێکی‌تر هەر ئەو جۆکە ئەوەندە بە تامەوە ئەگێڕێتەوە کە داوای لێ بکەین جارێکی‌تر بیگێڕتەوە. ئەم نموونە بچووکە پێمان دەڵێت (شێوەگێڕانەوە)ـی بەسەرهات، بیرەوەری، جۆک، چیرۆک یان هەر ڕەوایەتێکی‌ترە کە منی خوێنەر یان بیسەر سەرقاڵی خۆی دەکا. بووتیقای ڕەوایەت، کە بریتییە لە پێکهاتە و فۆرم و ناوەرۆک و کەرەستەکانی گێڕانەوە، ئەم پێناسەیە بەرجەستە دەکا کە «گێڕانەوە» جیاواز لە شێوە‌ی گێڕانەوە و وێکچوویی لەگەڵ ناوەرۆکی چیرۆکی نییە. ئەمە بەهیچ ڕوو بەمانای گرینگی نەدان بە ناوەرۆکی چیرۆک نییە، بەڵکوو ڕێک بەپێچەوانەیە. کاتێک شێوەگێڕانەوە –واتە تەواوی بووتیقای بەرهەمێکی ڕیوایی-دێنینە بەرباس، یەکێک لە پرسیارەکان پێوەندیی نێوان فۆرم، ناوەرۆک و شێوەگێرانەوەیە، کەواتە تەنیا بەکارهێنانی چەند تەکنیک یان فۆرم نییە کە ئاستی هونەری چیرۆکێک بەرز دەکاتەوە، بەڵکوو یەکگرتوویی ناوەرۆکی چیرۆک و شێوازی گێڕانەوە و فۆرمی بەکارهاتووە کە چیرۆک بەهێز دەکا. ئەگەر ئەم سێ چەمکە لەگەڵ یەک لە پێوەندیدا نەبن، پلە و ئاستی هونەریی چیرۆک نزم دەبێتەوە.
(گۆڕەشار)، لە نەبوونی ئایدیای چیرۆکێکی سرنجڕاکێش‌دا، شێوەگێڕانەوەیەکی تایبەت بۆ گەیاندنی پەیامی ڕەوایەتەکەی دەگرێتە بەر. هەروەک لە پێشەکیدا ئاماژەم پێ‌دا، ئەم پەیامە لە بەرجەستەکردنەوەی دۆخێکی‌ تایبەت دایە. بەڕای من ڕۆمانی گۆڕەشار لەو دەگمەن ڕۆمانە کوردییانەیە کە بەجێگەی شەمەند‌کردنی چیرۆک یان کەسایەتی، (دۆخ) بەرجەستە دەکاتەوە و دەکرێت بەناوی ڕۆمانی (دۆخ‌تەوەر) ناوزەد بکرێت. بەو مانایە کە پێناسەکردنی دۆخێکی تایبەت بە بەراورد لەگەڵ کەسایەتی یان بەسەرهاتەکان گرینگییەکی زیاتری هەیە و جەخت نە لەسەر چیرۆک، نە لەسەر کەسایەتی، بەڵکوو لەسەر دۆخە.
«ئازاد» -وەک کەسایەتی سەرەکی گۆڕەشار- خۆی هێمای هیچ کەسایەتییەک لە دەرەوی چیرۆک نییە، بەڵکوو هێمای دۆخێکە. نیشانەی دۆخێکە وا لەودا لەمپەر و بەربەست لەمەڕ (وتووێژ)-واتە یەکێک لە سەرەکی‌ترین تەوەرەکانی زمان- بوونیان هەیە. دۆخێکی لەو چەشنە –کە لەناو ڕۆماندا وشیارانە بە مەجازی مەعکووس ناوی «ئازاد»ـی بۆ هەڵبژێردراوە- پێوەندییەکانی مرۆیی سست دەکا و مرۆڤ دەخاتە گێژەنێکی تاک جەمسەرییەوە. ئەم تاک جەمسەرییە لە گۆڕەشاردا، شێوەی(کردەوە و سیاسەتی میدیا)یە. مەبەست لە کردەوە و سیاسەتی میدیا، شێوەی هەڵسووکەوت و تاک جەمسەری کردنەوەی ئاکارەکانە. واتە لە وەها چەشنە ئاکارێک‌دا، بەربەستێک لەمەڕ دەنگەکانی‌تر دائەنرێت و تەنیا یەک دەنگ و یەک ئەخلاق و هەڵسووکەوت دەرفەتی خۆنواندنی بۆ ئەرەخسێت. ئاماژەی بەردەوامی مێشکی «ئازاد» بە موبایل، ئێموجی، دووربین، تێلێگرام، ستیکێر، هەواڵ، وێنە و… گەڕاندنەوەی مێشکی خوێنەرە بۆ ئەم شێوە کردەوانە. تەنانەت، چ باوکی ئازاد(ناسر) و چ ئاغای سەلیمی(بەرپرسی نەخۆشخانەکە)، کردەیەکی تاک جەمسەری وەک میدیا دەنوێنن.
لە سەردەمی سیاسەتی میدیاکاندا لانیکەم دوو کردەوە زیاتر لەوانی‌تر خۆ ئەنوێنن: یەکیان، تاک جەمسەری و نەبوونی هیچ وتووێژێکە،-دەنگ تەنیا لە میدیاوە دێت و ئێمە تەنیا بیسەرین. دووهەم، وێنە و هەواڵ و قسەکان، گشتیان بە شێوەیەکی ئاڵۆز هەناردە دەکردێن. ڕەنگە تەنیا دە خولەک سەیر کردن و گۆڕینی کاناڵەکانی ماهوارە، یان سەردان و گەڕان لە کەناڵ و گرووپەکانی تێلێگرام‌دا ئەم ئاڵۆزی و زۆربڵەییەمان بەباشی نیشان بدات. ڕیک وەک ئەوە وایە کەس مۆڵەتی قسە بەوەی‌تر نەدا و هیچکام لەوانیش قسەکەیەن تەواو نەکەن. هەر بۆیە لە مێشکی «ئازاد»دا-کە هێمای ئەم دۆخەیە-، مۆڵەت بە گۆڕینی گۆشەنیگاکان نادرێت و گشتیان بەردەوام قسەدەکەن و هیچ قسەیەکیش کۆتایی پێ‌نایەت. مێشکی «ئازاد» دۆخی تەژی لە ڕووداو و ڕوانگە و قسەیە، بەڵام هیچکام لەم قسە و ڕوانگانە مۆڵەت بە یەک نادەن و لە ڕواڵەتێکی ئاڵۆزدا گشتیان پێکەوە هەن و خوێنەر بە وێنە و بەسەرهاتەکان بۆردمان دەکەن. تەنانەت لە کاتی گۆڕینی گۆشەنیگادا، نووسەر دەستکاری پاڕاگراف یان هێڵەکان ناکا و بێ ئەوەی ناوی کەسایەتییەکە بێژێت یان فەزا و کەشێکی‌ تایبەتی بۆ برەخسێنێت، وتەکانیان ئەنووسێتەوە. ئەمە هەمان دۆخی ئاڵۆزی سیاسەتی میدیایە، بێ ئەوەی هێڵێ بپچرێت یان مۆڵەت و فەزایەک هەبێ گشت کەناڵە میدیایەکان قسە دەکەن.
«ئازاد»- یان باشترە بڵێن دۆخێک بەم ناو- جیا لەوەی لە ماڵەوە زمانی ناگیرێت، لە کاتی گۆڕانی وتن، شێعر و باسی فیلم و کتێبیش‌دا زمانی ناگیرێت و ئاڵۆز دەرناکەوێت. «“ لە دەستەگەرمەکانی تۆ، کە منداڵی ئاوەڵ‌دووانەی ناو باوەشمن، چیها قسەم پێیەبیکەم-لە ئینسانێک کە هەر خۆتی. هەزار چیرۆک دەگێڕمەوە“ چاو دەکەمەوە، هەموو ڕەق ڕاوەستاون و گوێیان ڕاگرتووە و زەق چاوم لێ دەکەن»(ل:٦٢)[۵] یان وەختێ ئاماژە بە ڕستەی ناو فیلمەکان دەکا هەر بەم شیوەیە: «جەنابی پادشای جۆرجی نازانم چەندە،” کەوابوو ئەو گرێیەی تۆ هەمیشەیی نییە؟”» (ل:١١٦). ئەمە چەشنێک لە بەسووژەکردنی دۆخی فەرهەنگییە. ئەم حاڵەتە لە گۆڕەشاردا ئاماژەیە بەسەر ڕێک و پێکی و بێ‌گرێوگۆڵی هەڵوێستی فەرهەنگی یان ڕەخنەگرانە لەهەمبەر ئاڵۆزی و بێ‌سەروبەری کردەوەی میدیا.
کاتێک بیرەوەرییەکان بە مێشکی‌ «ئازاد»دا دێن و دەگنە باوکی، زمان گیرانی بەسەر دێت. باوکێک کە هەرگیز پێ نەگوت «بابا»، «چا ڕۆڵە گیان، بابا. با با. دوو بەشە. دا بڵێ بابا. ئا غا. ئەو کوڕە زۆر سەیرە دەڵێم بڵێ بابا دەڵێ ئاغا»(ل:٢٨). «ئازاد» زۆرجار (ئاغا)ش بە (ئـ ئاغا) واتە بە گیرانەوە دەڵێت. لێرەدا باوک هێمای چەشنێک لە تاک جەمسەری میدیایە. ئەو تاک جەمسەری و بەربەستە لەهەمبەر وتووێژی ئەوی‌تردا، لەلایەن باوکی «ئازاد»ـەوە،کاتێک بەڕوونی خۆ دەردەخا کە بە تووندی ڕەخنە لە کەسایەتی شۆڕش‌گێری (سەیران) دەگرێت -بڕوانە بەشی کۆتایی ڕۆمان.
هەر وەک ئاماژەم‌دا، «ئازاد» لە ماڵەوە زمانی ناگیرێت و تەنیا لە دەرەوەیە کە تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت. بۆ ئەو، ماڵ وەک هێمای سەرپەنا، شوێنێکە وا دەنگەکان و سیاسەتی میدیا ناتوانن دزە بکاتە ناویەوە. لە ڕستەیەکدا نووسەر بەشێوەی ئیرجاعی مەعکووس و لە قاڵبی مەجازی تەوساویی‌دا، ئاماژە بە ڕستە بەناوبانگەکەی هایدیگەر سەبارەت بە زمان دەکا: «وایە ئـ ئاغا قەبووڵمە بەشەر یانی ز زمانی، لە بیرم نایە لە کەیەوە دایکم بە من دەڵێ پەپوو. فە فەیلەسووسووفێک دەڵێ ز زمان ما ماڵی بوونی بـ بەشەرە.»(ل:١٥). ئەم ئاماژەیە زمان وەک سەرپەنا و ماڵێک بۆ «بوون» پێناسەدەکا و بەشێوەیەکی مەجازی، «ئازاد» تەنیا لە ماڵی خۆیانە کە زمانی تووشی گیران نابێت و لەوێ بەباشی خۆی دەردەخات. بەواتایەکی‌تر، دۆخێک کە لە کەسایەتی «ئازاد»دا خۆ نیشان دەدا، تەنیا لەو کاتەدا تووشی ئاڵۆزی و لێک‌پڕژاوی نابێت کە بگاتەوە ئەسڵ و ئەساسی خۆی و لە شێوەی کردەوەی میدیایی دوور بکەوێتەوە. میدیا زمان بەرەو ئاقارێک دەبا کە داهێنان بێ‌نرخ دەکا و تەنیا لە دارشتنی هەندێک دەستەواژە و لەحنێکی تایبەت‌دا پوختەی دەکاتەوە. -بۆ ئەم باسە سەرنجی میدیاکان (وەک بی‌بی‌سی یان ڕووداو) بدەن کە چلۆن لە دەستەواژەی تایبەت بۆ هەواڵەکانیان کەڵک وەردەگرن. ئەم سیستەمی‌کردنەوەیە بەڕادەیەکە تەنانەت لەحن و هەڵسووکەتی پێشکەش‌کارەکانیش یەک جۆرە.
دەرەوەی ماڵ، واتە شەقام، نەخۆشخانە، مەدرەسە و… گشتی سیاسەتی تاک جەمسەری میدیا پەیڕە دەکەن و جیا لە یەک دەنگ، گشت دەنگەکان دەخاتە پەڕاوێزەوە. هەڵبژاردنی ناوی «ئازاد»لە لایەن نووسەرەوە بۆ وەها دۆخێک، هەڵبژادنێکی وشیارانە دەنوێنێت. «ئازاد» ئیرجاعێکە بۆ نەبوونی ئازادی، واتە دۆخێک بەناوی ئازاد هیچ‌کات ئازاد نییە و تەنیا لایەنی فەرهەنگی و ڕەخنەگرانەی «ئازاد»ـە کە دەتوانێ وەک دژکردەوەیەک لەمەڕ سیاسەتی میدیا و تاک جەمسەری ڕوانین‌دا ڕاوەستێ. «ئازاد»، وەختێ ڕەخنە لە هەڵسووکەوتی بەرپرسی نەخۆشخانە دەگرێت، بۆ یەکەم جار زمانی لە دەرەوەی ماڵ ناگیرێت-یان تەواو ناگیرێت- و دەتوانێ قسەی خۆی بکا(لاپەڕەکانی:١٣٥-١٣٧)، بەڵام دووبارە لە بەشی چوارەمی ڕۆماندا، شێوەگێڕانەوەی مێشکی «ئازاد»، هەر وەک بەشەکانی‌ پێشوویە و گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەوە لە حاڵێکدایە، «ئازاد» توانیویەتی بۆ یەکەم جار لەدەرەوەی ماڵ قسەی خۆی بکات و دژ بە کردەوەیەکی ناعادڵانە بوەستێت. ئەمە جارێکی‌تر ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە «ئازاد» کەسایەتی بەمانا ئاساییەکەی نییە، چون ئەگەر وابوایە لە پاش ئەو ئاڵۆگۆڕەی لاپەڕەکانی (١٣٥-١٣٧)ـدا، شێوەگێڕانەوەیی مێشکیشی گۆڕانی بەسەردا دەهات. «ئازاد» یەک دۆخە، دۆخێک کە بەردەوام بوونی هەیە و دەنگەکانی‌تر تێیدا دەکەونە پەڕاوێزەوە. ئەم دەنگانەش، بەتایبەتی دەنگە رەخنەگرەکانن.
لە دۆخێک‌دا کە «ئازاد» هێمایەکەتی، گۆشەنیگاکان بەردەوام بەشوێن یەکدا دێن و هیچ قسەیەک دەرفەت بە ئەوەی‌تر نادا. بەڵام وەها دۆخێک چۆن ئەکرێ خۆی بگێڕێتەوە؟ یان «ئازاد» وەک هێمای دۆخێکی بێ‌زمان و تاک جەمسەر لە چ ڕیگەیەکەوە خۆی پێناسە دەکا؟. نووسەر بە دانانی (بەردەنگی گێڕانەوە)[۶] (Narratee) ئەم کێشە چارەسەر دەکا. گشت بەسەرهاتی چوار ڕۆژی نەخۆشخانە و ڕابردووی «ئازاد»- کە (هەمیشە حوزووری هەیە)- بۆ کەسێ بەناوی (ماریا) دەگێڕدرێتەوە. ئێمە بە بۆنەی ماریاوە، گوێمان لە بەسەرهاتەکان دەبێت. ماریا لێرەدا (بەردەنگی گێڕانەوە)یە. بەکار هێنانی بەردەنگی گێرانەوە ئەو دەرفەتە بە کاراکتێر ئەدات، بەبیانووی ئەوەوە، دۆخی نائاسایی، بەو گشتە ئاڵۆزییەشەوە بگێڕێتەوە. «ئازاد» لە مێشکی خۆیدا قسە بۆ ماریا دەکا، ئەوە بەو مانایەیە کە دۆخی بێ‌زمان و تاک‌جەمسەر لە ڕێگەی کەسێکی‌ترەوەیە خۆینیشان ئەدات و نەبوونی ئەم کەسە، بەربەستێکە بۆ گێڕانەوەی دۆخەکە. وەها خۆ نواندنێک لە مانای گشتیی خۆیدایە کە واتامەند دەبێت، بە وتەیەک هیچ یەک لە ڕووداو و قسەکانی مێشکی «ئازاد» بەتەنیا مانایەکی تەواوکەر یان ڕەخنەگرانەی لێ‌نابێتەوە، بەڵکوو لە کۆی گشتی گێڕانەوە بۆ (ماریا)یە کە تەواوی وێنە و ڕووداوەکان مانا دەگرن. ئیرجاعی ئەم واتامەندییە لە کاتێکدا ڕوون‌دەبێتەوە وا ماریا لە جەستەی نووسەرێک‌دا دەر دەکەوێت: «ئەمن چیرۆکێکم بە دەوستەوەیە. دەستت نێوی گۆڕەشارە کەسایەتییەکەی دەستمان زمان دەگرێ.» (ل:٤٦)
ئەو دۆخەی نووسەر لە قاڵبی کەسایەتی «ئازاد»دا ئاماژەی پێدەکا، دۆخی بێ‌کوتاییە، یان لانیکەم لەم سەردەمەدا کە ئێمەی تێداین، کۆتاییەکەی وێنا ناکرێت. بەردەوام بوونی هەیە، مێشکەکان بوردومان دەکا و ڕێگە لە دەنگەکانی‌تر ئەگرێت. نەخۆشخانەکەی ئاغای سەلیمی پڕە لە وێنە و ڕستەی (بێ‌دەنگ بن)، هیچ کەس بۆی نییە لە وەها جێگەیەک قسە بکا، تەنیا دەبێ گوێ بگرێت. گوێ گرتنیش لەم هەمووە دەنگە، سەرلێشێواوی و ئاڵۆزییەکی لە ڕادەبەر بەرهەم دێنێت. «ئازاد» هەر وەخت هەندزفێریەکەی لە گوێ دەکاتەوە و گوێ لە مووسیقی ناگرێت ئەم ئاڵۆزییە زیاتر دەبێت، رێک وەک ئەوەی دەنگی مووسیقی-هەڵبەت نەک هەر مووسیقایەک- بە هۆی ڕێک و پێکی و دیسیپلینی پێکهاتەکەی، لەمپەرێ بێت بەرامبەر شێواز و کردەوەی میدیایی.
وەک ئاماژەم دا، گۆڕەشار ڕۆمانێکی (دۆخ‌تەوەر)ـە و هەوڵی نووسەر بەرجەستەکردنەوەی دۆخێکی تایبەتە لە جەستەی کەسێکدا بەناوی «ئازاد». ئەم ڕۆمانە ڕەنگە بۆ خوێنەرانی ڕۆمانی کلاسیک چێژبەخش نەبێت، هۆی ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕۆمانی پۆست‌مۆدێرنیستی لە هەوڵی ئەوە دایە، ئاماژە بە دەرەوەی چیرۆک بکات نە خودی چیرۆک. واتە بەجێگەی ئەوەی خوێنەر گیرۆدەی کەسایەتی و ڕووداوەکان بکات، بەپێچەوانەوە هەوڵ دەدات خوێنەر چاو لە دەرەوەی چیرۆک و ژیانی ئاسایی/نائاسایی خۆی بکات. ئاماژەکانی ئەو هەمیشە بە جیهانی دەرەکین نە جیهانی چیرۆک، ئەم ئاماژانە لە کۆی گشتی و پەیامی سەرەکی ئەم چەشنە لە ڕۆمانە دایە. لە یەک ڕستەدا ئەوەمان پێ دەڵێت: چاو لە ژیانی خۆت بکە!، ئایا ڕێک ئەوە نییە کە من هەوڵم دا بگێڕمەوە؟!.
_________________________
[۱] . یادداشتی از ژان پل سارتر بر خشم و هیاهوی ویلیام فاکنر. ترجمە ابوالحسن نجفی. روزنامە اعتماد. شمارەهای ١١٤٢ و ١١٤٣. تیر ١٣٨٥
[۲]. بۆ درێژەی ئەم باسە بڕوانە کتێبی: هنر رمان، میلان کوندرا، ترجمە: پرویز همایوون‌پور. نشر قطرە.
[۳]. پرسیار بۆ دیتنەوەی ناوەندی‌کردنەوە، پرسیار لەوەیە کە کێ دەرکی-فامی- دەکا؟. واتە کاتێک چیرۆک دەگێڕدرێتەوە گێڕەوە لە گۆشەنیگای-سیلەی ڕوانینی- کێوە هێڵی چیرۆک دەباتە پێش-(لە چاوی کێوە رووداو دەبینێت و فامی دەکا؟). بۆ نموونە زۆرجار، وەختێ گێڕەوە دەست دەکا بە گێڕانەوە، لە گۆشەنیگای یەکێ لە کاراکتێرەکان رووداوەکە دەگێڕێتەوە، یانی بەردەنگ ئەو جار نە قسەی و شێوە ڕوانیی گێڕەوە بەڵکوو شێوەڕوانین و دەرکی کاراکتێر دەبینێت. بەڕوانگەی ژێرار ژۆنێت سێ چەشنی ناوەندی‌کردنەوەمان هەیە: ناوەندی‌کردنەوەی سیفر، ناوەندی‌کردنەوەی ناوەکی و ناوەندی‌کردنەوەی دەرەکی.
[۴]. سێ ئاستی گێڕانەوەمان هەیە. چیرۆک-یان ئایدیای چیرۆک-.، دەقی ڕەوایی، شێوەگێرانەوە.
[۵]. ئاماژەکانی بەم شێوە (ل:…) لە ڕۆمانی گۆڕەشار، سەید قادر هیدایەتی، چاپەمەنی خانی، سەقز(١٣٩٨)، وەرگیراون.
[۶]. بەردەنگی گێڕانەوە یان بیسەری گێڕانەوە، مەبەست ئەو بەردەنگەیە کە چیرۆکێک لەناو چیرۆک‌دا بۆ ئەو دەگێردرێتەوە. بەردەنگی گێڕانەوە خۆی دوو چەشنی هەیە:یەکیان بەردەنگی گێڕانەوەی دەرەکییە کە خۆی دەورێکی لە ناو ئەو چیرۆکەی بۆی دەگێڕنەوە نییە. دووهەم بەردەنگی گێڕانەوەی ناوەکییە کە خۆی بەشدار و کاراکتێری ئەو چیرۆکەیە کە بۆی دەگێڕنەوە، ئەم چەشنە دەبێتە بەردەنگی گێڕانەوە-کەسایەتی.

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved