23/4/2020 02:48 PM

خانی لەپ زێڕین

میر قەرەتاج کە بە ئەمیرخانی یەکدەست (خانی لەپ زێڕین) ناسرابوو، میری میرنشینی برادۆست بوو، ئەم میرە دۆستێکی زۆر نزیکی شا تەھماسپی یەکەم، پاشای دەوڵەتی سەفەوی بوو، بۆیە شا تەھماسپ میر قەرەتاجی کردە حاکمی ناوچەکانی ورمێ و شنۆ. لە دوای مردنی شا تەھماسپی یەکەم، زۆربەی میرانی میرنشینەکانی ئەودەمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی میر عومەری میرنشینی سۆران، چوونە پاڵ دەوڵەتی عوسمانییەکان، بەڵام میر قەرەتاج کە میری میرنشینی برادۆست بوو، نەچووە ژێر باری میر عومەر و بەمەش شەڕ و پێکدادان لەنێواندا بەرپا بوو کە لەو شەڕەدا میر قەرەتاج دەستی پەڕێنرا، ئیتر لەو کاتەوە بە ئەمیرخانی یەکدەست ناسرا. دوای ئەوەی شاعەباسی یەکەم بووە پاشای دەوڵەتی سەفەوی، دەستێکی لە زێڕ بۆ دروست کرد و بەمەش نازناوێکی بۆ زیاد بوو کە (خانی لەپ زێڕین) بوو. میر قەرەتاج جگە لە ناوچەکانی ورمێ و شنۆ، کرایە فەرمانڕەوای قەڵای مەرگەوەڕ و تەرگەوەڕ، قەڵای ورمێی پەسند نەبوو بیکاتە ناوەندی دەسەڵاتەکەی، چونکە پێیوابوو قەڵای ورمێ توانای بەرگەگرتنی لە بەرامبەر ھێرشی دوژمنان نییە، بۆیە لە شوێنی قەڵای دمدمی سەردەمی ئیمپراتۆریی ساسانی، دووبارە بە ھەمان ناو قەڵای دمدمی دروست کرد. ئەم کارەیشی وای لە میرانی ئێران کرد، بکەونە بەربەرەکانێی میر قەرەتاج، یەکێک لەو میرانە میری ئازەربایجان بوو کە ناوی میر پیربداغ بەگ بوو، تەنانەت میرانی ئێران لای شاعەباسی یەکەم بۆیان تێچاند کە میر قەرەتاج نیازی وایە لە شاعەباسی یەکەم یاخی بێت و سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕابگەیەنێت، ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم داوای لە میر قەرەتاج کرد دەست لە دروستکردنی قەڵای دمدم ھەڵبگرێت، بەڵام میر قەرەتاج داواکەی پشتگوێ خست و بەردەوام بوو تا تەواوی کرد. ئیتر شاعەباسی یەکەم کەوتە پیلاندانان لە دژی میر قەرەتاج و چەندین جار ھێرشی سەربازیی کردە سەر، بەڵام شکستی ھێنا، تا ئەوەی کە بیست کەسی ھۆزی جەلالیانی کوردی باکور لە دەستی دەوڵەتی عوسمانییەکان ھەڵاتبوون و پەنایان بۆ دەوڵەتی سەفەویی ئێران ھێنا، شاعەباس ئەوەی بە دەرفەت زانی کە نزیکەی 10 ھەزار کەسیان لەگەڵ حەسەن خانی والی ھەمەدان بە سوپاکەیەوە ناردە لای میر قەرەتاج، بەڵام میر قەرەتاج ئەو داوایەی ڕەت کردەوە. ئەوەبوو شاعەباسی یەکەم سوپایەکی گەورەی بە سەرکردایەتیی ئیعتمادودەولەی وەزیری ناردە سەر میر قەرەتاج و داوای لێ کرد خۆی بەدەستەوە بدا و قەڵاکەیش چۆڵ بکات، بەڵام میر قەرەتاج کەوتە توندکردنی قەڵاکە و بەمەش لە بەرەبەیانی 5/12/1608 شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای میرنشینی برادۆستی کوردی و سوپای دەوڵەتی سەفەوییەکان دەستی پێ کرد و نزیکەی 7 بۆ 8 مانگی خایاند. ئەوەش وای کرد داستانی قەڵای دمدم چووە ڕیزی مێژووی داستانە نەمرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد. گەلێک چیرۆک و ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا کە ناودارترینیان ڕۆمانی داستانی قەڵای دمدمی نووسەری بەناوبانگی کوردی ڕووسیا عەرەب شەمۆیە کە بە زمانی روسی نووسراوە و نووسەری بەناوبانگی کورد شکور مستەفا وەریگڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved