26/4/2020 10:02 AM

ئەستێرەیەک بە سنگی بەر دەرکی سەراوە

ئەستێرەیەک بە سنگی بەر دەرکی سەراوە
١٩٤٢ – ٢٠١٣
دەوەن مەعروف
کاکە عومەری مەکتەبە، مێژوویەک لە یاخی بوون.

لەدامێنێ سەرا، دوکانێک ھەیە تەوقدراوە بەبۆنی کتێب و قسەی نەستەق. ھەر ڕێبوارێک بەو نێوەدا گوزەر بکات، بەناچاری نیگاکانی دەخاتە سەر ئەو کتێبانەی کە وەک فەرشی کاشان، بە جامخانەی دوکانەکەدا ڕیزکراون. ڕەفەکانی دەرەوەی وەک باخچە ھەڵواسراوەکەی نەبووخەد نەسر، بە بەرگی کتێب دانسقەکان ڕازاوەتەوە. بەیانیان بەرلەوەی تیشکی خۆڕ، دانەوێتە ناو سەرا، کتێبەکان وەک ئینجانەی بەر حوجرەکەی بێخود، لەشانی یەک دانراون. ھەموو بەیانییەک پیاوێک بە سەتڵێک ئاوی سەرچاوەکەی سەرچنارەوە، بەر دوکانەکەی ئاوپڕژێن دەکا، تا کتێبەکان تۆزیان لێ نەنیشێت. بۆنی خاک و بۆنی وشەو ڕستە، ئەو ناوە قان دەدەن و ڕێبواران ناچار دەبن دەستەکانیان بۆ کتێبەکان ڕاکێشن و ھەواڵی ڕۆمانێکی نوێ بپرسن. ھێشتا سەتڵە ئاوەکەی بەدەستەوەیە، دیلان دێت و سڵاوێک دەکا.
- کاکە عومەر بەیانیت باش، ئەوە کەی بەربوویت؟ ویستم بێم بۆ ماڵەوە بۆلات! چۆن لەدەست ئەم زاڵمانە ڕزگارت بوو؟
سەرێکی بەرزکردەوە! دەستی ڕاستی بڵند کرد، خەریک بوو داوی چاویلکەکەی لە سەتڵەکە گیر ببێت.
- کاکە حەمە ساڵح گیان، ئەمانیش وەک ئەم داوی چاویلکەیە وان. ھەرلەخۆیانەوەو بێ ئەوەی گوناحت کرد بێت، دەتخەنە تەپکەی خۆیانەوە. چی بکەین، بەڵایەکەو ھاتووەو دەبێت ئەو ئازارە بچێژین تا کۆتاییان دێت.
کاک حەمە ساڵح، کەمێک ھات پێشەوەو دەستی بردو تەوقەیەکی گەرموگووڕی لەگەڵدا کرد. ھێشتا دەستیان لەنێو دەستی یەکتردا بوو. بە چەند ھەنگاوێک چوونە نێو مەکتەبەکە.
- بێ قەزا بی، تۆ نابێت ئاگات لە خۆت بێت، زەمانێک تێ کەوتووین کەس متمانەی بەکەس نەماوە. ئەوە ماوەی چەند ڕۆژێکە چامەیەکی تازەم نووسیوە بەناوی (سێبەری پەرت) حەزدەکەم چەند دێڕێکت بۆ بخوێنمەوە!
- بەرلەوەی بیخوێنیتەوە، با بە حاجی شەریف بڵێم دوو چاییمان بۆ بێنێت.
حاجی شەریف، چاییەکانی ھێناو دیلانیش کاغەزەکەی لە گیرفانی دەرھێنا، سڵاوی کردو ڕۆیشت. دیلان قومێکی لە چاییکەی دا. پیاڵەکەی خستەوە نێو ژێرپیاڵەکە. سەیرێکی کاک عومەری کرد.
- دەستخۆش کاک میرزا گیان، ئەمەیە تامی چای سنووق.

گڕەی چلەکەی ئیمساڵ گەرم بوو... سکڵ باران بوو
بای باوەشێنی جاران نەرم بوو... شنە ھێنان بوو
سێبەری خەستی ئارەق فڕێن بوو... لەو شاخ و داخە
پشووی ژێر گەڵای گڕە بزێن بوو... لەو دۆڵ و باخە

ئیتر تا ئێرە بەسە، لەدوای ھەڵچنی، جارێکیتر کە ھاتمەوە بۆلات بۆت دەخوێنمەوە. من دەبێت سەرێکی نێو بازار بدەم. ماڵئاوا کاکە عومەر گیان.
- سەرچاوانم ھاتی، تکایە کە دیوانەکەت چاپ کردەوە با ئەم چامەی تیا بێت!
کاک حەمە ساڵح، ئاوڕێکی دایەوە، کە لەوسەر گەڕامەوە نامەیەکم ھەیە بۆ دکتۆر مارف خەزنەدار، گەر کەسێکی خۆمانەت دەستکەوت، بۆم بنێرە.
- بەچاوان، ھاورێی باشمان ھەن بەمزووانە دەچن بۆ ھەولێرو بۆت دەگەێنن. ئەم مەکتەبەیە تەنیا شوێنی کتێب نەبوو، بەشێکی زۆر لە پیاوە ناسراوەکانی شار و ئەدەیبەکان ڕوویان تێ دەکرد. کورد وتەنی: ژووانی کوردپەروەران بووە. لەسەر دەمی بەعسییەکان و حکومەتی ھەرێمدا کاکە عومەری مەکتەبە، یازدە جار گیراوە. ھەموو جارەکان لەسەر ئەو کتێبانە بوون، کە پێشەنگی بیریی ئازادیخوازان بوون. تا ئێستاش ئەو ژووانە بەردەوامەو نەوە لەدوای نەوە ئازادیخوازان نوێ دەبنەوە. وێنەی کاکە عومەر نەک ھەر لەناو مەکتەبەکەیدا ئەدرەوشێتەوە. بەڵکو لەنێو دڵی شار و ھەمووماندا زیندووە. ھەزاران چەپکە گوڵ بۆ یاد و یادەوەریی کاکە عومەر عەبدولڕەحمان، ناسراو بە کاکە عومەری مەکتەبە. کتێبخانەی سلێمانی لەساڵی ١٩٦٨ بنیادنراوە. لەدوای ژیانئاویی کاکە عومەر، کاکە جوتیار وەک خاڵە دڵسۆزەکەی بەدەم خەندەو پێکەنینەوە بەرەو پیری میوانەکانەوە دەچێ و ھەروەک ئەوسا ھەموومان وەک کاک حەمە ساڵەح دیلان، چاییەکەش دەخۆینەوە. مامۆستا ئازاد و کاکە ڕۆمانیش ھەمان ڕێچکەیان گرتووەو بە زمانی شیرینەوە کتێبەکان بۆ خوێنەران ھەڵدەبژێرن.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved