26/4/2020 03:35 PM

کات لە باڵەخانە بەرزەکاندا خێراتر تێپەڕ ئەبێت

"تۆکیۆ سکای تری" یەکێک لە بەرزترین باڵەخانەکانی جیهانە کە لەم دواییانەدا توێژەرانی ژاپۆنی بۆ توێژینەوەکانی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە. بەپێی ئەم توێژینەوەیە، کات لە سەرەوەی ئەم تاوەرە بە بەراورد لەگەڵ سەر زەوی، ٤ چرکە خێراتر تێپەڕ ئەبێت.
توێژەرانی زانکۆی تۆکیۆ رێکەوتی 7ـی 4 دەرەنجامی توێژینەوەکانی خۆیان لە چوارچێوەی وتارێکدا لە گۆڤارێکی ئینگلیزی بە ناوی Nature Photonicsـدا بڵاو کردەوە. زانایان بە کەڵک وەرگرتن لە کاتژمێرێکی ئەتۆمی کە قەبارەکەی بە ئەندازەی سەلاجەیەکە، سەلماندیان کە ئەم دیاردەیە بەهۆی جیاوازی لە رادەی هێزی راکێشانی زەوی لە بەرزاییە جۆراجۆرەکاندایە. زانایان لەو چالاکییانەی کە پێشتر لە تاقیگەکاندا ئەنجامیان داوبوو توانیبوویان جیاوازیی شێوەی تێپەڕبوونی کات لە ماهوارە GPSـەکان و شوێنەکانی دیکەی بۆشایی ئاسمان و سەر زەوی بناسن.
سەرەڕای تاقیکارییەکان لە تاقیگە، بۆ یەکەم جار دیاردەیەکی لەم چەشنە لە شوێنێکی گشتی تاقیکراوەتەوە و خەڵکیش سەیریان کردووە. زانایان بەهۆی بوونی ئەو کاتژمێرە ئەتۆمییەوە توانیان بگەن بە دەرەنجامێکی ئاوەها. ئەم جۆرە کاتژمێرانە قەبارەیان گەورەیە و زۆر ئەستەمە لە شوێنێکی داخراوی وەکو تاقیگەدا بکاری بهێنیت.
یەکێک لە ئەندامانی ئەم پرۆژەیە دەڵێ: "خەڵک کاتژمێر بۆ ئاگاداری لە کات بەکاردەهێنن، بەڵام ئەم کاتژمێرە تایبەتە ئامرازێکە بۆ پێوانی کات و شوێن بەپێی تیۆری رێژەیی."
بەپێێ تیۆری رێژەیی "ئەلبێرت ئەنشتاین"، شێوەی تێپەڕبوونی کات لەژێر کاریگەریی هێزی راکێشانی زەویدایە و ئەم بابەتە ئەوە دەسەڵمێنی کە کات لە بەرزاییەکاندا کە ئەم هێزە کەم ئەبێتەوە، خێراتر تێپەڕ ئەبێت.

 

سەرچاوە: asahi

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved