27/4/2020 10:30 AM

ئەو ڕووبارە بۆ وا دوورە؟

رۆژهەڵاتی كوردستان ساڵانێكە چالاكی رۆشنبیریی زۆر زێدەتر بووە لە هەموو بەشەكانی كوردستان بە باشووری ئازادكراویشەوە، تا بەرلەپەیدابوونی نەخۆشی كۆرۆناش رۆژانە سیمینار و كۆڕ و چالاكی لەو بەشەی كوردستاندا سازكراوە، سەرباری هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی هەیانە چالاكی نووسین و كتێب و كۆڕ بەردەوام بووە. چەندین بەرهەمی باش و ئاست بەرز بڵاوبووەتەوە. یەكێك لەوانە كۆمەڵە چیرۆكی ئەو ڕووبارە بۆ وا دوورە؟ ی چیرۆكنووس قادرعەلیخایە، یەكێكە لەو چیرۆكنووسانەی بە كوردییەكی جوان و پاراو دەنووسێ قادر عەلیخایە، نوێترین بەرهەمیشی ئەم كۆمەڵە چیرۆكەیە.  
ئەو ڕووبارە بۆ وا دەڕوا رەوتی رۆیشتن و شاڵاوی گێڕانەوەی چیرۆكنووسێكی جوان نووسی رۆژهەڵاتە، كە چیرۆكی رووداوە سادەكانی ژیانی مرۆڤی كورد دەگێڕێتەوە بە تەكنیكی هونەری چیرۆكنووسی. ئەم بەرهەمە لە كۆمەڵێك چیرۆك پێك دێ، چیرۆكەكان تابڵێی زمانێكی جوان و پاراویان هەیە، بەكوردییەكی جوان و شیرین چیرۆكی كوردی و كوردانەی نووسیوە، چیرۆكەكان بۆن و بەرامەی كوردەوارییان هەیە و سەردەكێشنە وەتاغی كوردانەوە و رەوتی ئاسایی و ژیانی خەڵكی دەگێڕێتەوە، یان ئەوەتا چیرۆكی بەدبەختی مرۆڤی كورد دەنووسێتەوە، لێ بەشێوازێكی هونەری و شارەزا بە هونەری چیرۆكنووسین، نەك چەشنی حیكایەتی گوێ ئاگردان، بەڵكە وەك چیرۆكی ئەدەبی. كۆی ئەم چیرۆكانەشی لە دووتوێی ئەم كتێبەكەدا هەن لە بیست و شەش چیرۆك پێكدێن. لەوانە چیرۆكی خەڵووز، هەراسان، هیوا، سێبەری بێزاری، سروودی مەلە سوورەكان، چی لە شێتی چاكترە، مردن نەبێ؟ و ئەمانە چەندین چیرۆكی دیكە. كە كۆی ئەم ئەزموونە چیرۆكی ترش و تاڵی مرۆڤی كوردە، وەك نووسەر بۆخۆشی لە پێشەكییەكەیدا ئاماژەی پێداوە كە ئەو بە شێوازی هونەری چیرۆكنووسی چیرۆكی نەهامەتی  هاوتەمەنەكانی دەگێڕێتەوە. چیرۆكی ژان و خوێن و ئازارە تێكەڵ بە خەیاڵ و دیوی سەخت و تاڵی ژیانی راستەقینە و خەیاڵی چیرۆك. لەكۆتاییدا دەستخۆشی لێ دەكەم و هیوام وایە كاری دیكەی لێ ببینم.
مەحمود نەجمەدین




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved