27/4/2020 08:14 PM

بڕێكی زۆر چپس لەناوبرا

بەهۆی نەبوونی بەرواری دروستكردن و بەسەرچوون، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بڕێكی زۆر چپس لەناودەبەن.

هاوڕێ محەمەد سەرۆكی لیژنەی كۆگاكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی نەبوونی بەرواری دروستكردن و بەسەرچوون لە كۆگاكانی فرۆشگای مەبەست لیژنەكە دەستی بەسەر 141 كارتۆن چپسی (كیرۆز)دا گرتووە.

وتیشی: بەپێی تایبەتمەندی بازرگانی لە عیراق، پێویستە ئەو كاڵاو شمەكانەی لەناو بازاڕەكاندا دەفرۆشرێن، كاتی دروستكردن و بەسەرچوونی بەسەرەوە بێت و بەشێوەی لێزەر لەسەری چاپكرابێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

وتیشی: رۆژانە لیژنەكە‌ سەردانی كۆگاكانی عەمباركردنی ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانە دەكات بازرگانەكان لە بازاڕی شاری سلێمانی بە هاووڵاتیانی دەفرۆشن و پشكنینی فیزیایی دەكەن، لە حاڵەتی هەبوونی گومان لە كاڵایەك، بە نووسراو نموونەی رەوانەی تاقیگەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی و زانكۆی سلێمانی دەكەن بۆ پشكنینی كیمیایی و بەكترۆلۆجی تا دڵنیابوونەوە لێی.

روونیشیكردەوە: لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی وەڵامی پشكنینەكان دەكەن بە بنەمای بڕیاردان لەسەر ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانەی دەستی بەسەردا گیراوە كە شیاوە بۆ خواردن و بەكارهێنان یان پێویستە لەناوببرێت.

سەرۆكی لیژنەكە داوای لە دایكان و باوكان كرد، بە وریاییەكی زیاترەوە ئاگاداری ئەو خۆراكە ماددانە بن مناڵەكانیان لە دوكانی گەڕەكەكان دەیكڕن، لەكاتی هەبوونی گومان لەسەر هەرجۆرە خۆراكێك، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لەڕێی ژماره مۆبایلی‌ (07708677777) لێ ئاگاداربكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو چپسەی دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن كەسانی پسپۆڕو شارەزاوە لە ناوچەی دوو‌ر لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان لەناودەبرێت.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved