28/4/2020 11:46 AM

ناساندنی کتێبی «شوانی کورد» به‌رهه‌می عەرەبێ شەمۆ

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

ناسنامەی کتێب: «شوانی کورد»، عەرەبێ شەمۆ، پێشەکی و وەرگێڕان بۆ کوردیی ناوەڕاست د. محەممەد خزری ئەقدەم، ده‌زگای مادیار، ۱۳۹۸.
ماکسیم گورکی: “گەلی کورد بە زمانی نووسەری خۆی,واتە عەرەبێ شەمۆ دێتەدوو”.
پێگه‌ی هه‌واڵنێریی «ماڵی کتێبی کوردی»-شوانی کورد لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا وەک یەکەمین ڕۆمانی کورد پێناسە ئەکرێ، کە بەم هۆیەوە بەدەر لە چییەتی و چۆنیەتیی ناوەرۆکەکەی، خاوەن پێگەوپلەیەکی مێژووییە لەناو مێژووی وێژەی کوردیدا. ئەم کارە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۳٥ لە ئیرەڤانی پایتەختی ئەرمەنستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئینجا بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراوە و سەرەنجی بەشێ لە توێژەرانی بواری کوردناسیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، کە لەم بارەوە ئەکرێ ئاماژە بە “واسیلی نیکتین” وەک وەرگێڕی فەڕانسەیی ئەو تێکستە بکرێ. ئەم کارە هەتا ئێستا دوو جار هاتووەتە سەر پیتی “کوردی-عەرەبی”، کە جاری یەکەم لە ساڵی ۱۹۸۹ و بە سەرپەرشتیی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، لەلایەن “دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر ” و جاری دووهەمیش لە ۲۰۱۷ لەلایەن “زنارێ مەلێ”وە ئەم کارە کراوە.
عەرەبێ شەمۆ جیا لە شوانی کورد، خاوەنی چەندین ڕۆمانی ترە وەکوو “بەربانگ”، “ژیانا بەختەوەر”، ” دمدم” و ” حوپۆ”. جیا لە بواری ڕۆمان، ناوبراو قەڵمی لە شانۆنامەنووسیشدا گەڕاندووە و شانۆی” کوردێن ئەرمەنستانێ” پێ بەرهەم هێناوە. جێگای ئاماژیه‌ کە عەرەبێ شەمۆ، نووسەری یەکەمین کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بووە بە ناوی” خۆبەخۆ هینبوونا زمانێ کوردی”، کە ئەم کارەیشی لە ساڵی ۱۹۲۸ بە هاوکاریی زمانناسی ئاسووری “ئیسحاق مارگۆلۆڤ” بڵاو کردووەتەوە بۆ تێپەڕین لە پیتی “ئەرمەنی” لەناو کوردانی مەڵبەندی ئەرمەنستانا.  هاوکات لەتەک پرۆفیسۆر “قەناتێ کۆردۆ” ڕۆحێکی نوێ بەبەر بواری کوردناسی لە وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤێتدا کردووە و  یەکێ بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی  ڕۆژنامەی “ڕێیاتازە”.
شوانی کورد لە دوو بەشی سەرەکیی شوانی کرمانجان و چیرۆکی کوردانی ئەلەگەز پێک هاتووە کە لە هەر بەشدا، نووسەر خۆی قارەمان و کاراکتەری سەرەکیی تێکستەکەیە، بەڵام بە دوو ناوی جیاوازە. بەشی یەکەم وەک بەشی سەرەکیی ڕۆمانەکە دائەنرێت و بەشی دووهەمیش وەک درێژەی بەشی ئەوەڵ تواشا ئەکرێت. جیا لەم دوو بەشە کە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە پێک ئەهێنن، لەم کارەدا لەلایەن وەرگێڕەوە پێشەکییەکی بۆ دانراوە کە لەودا، وێڕای  ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەبان مێژووی پەخشانی هونەریی کوردی و دەرکەوتنی یەکەمین کورتەچیرۆک، چیرۆک و ڕۆمان لەناو کوردستاندا و هەروەها ئاماژەیەک بە ژیان و بەرهەکانی عەرەبێ شەمۆ، لە پێنج ڕەهەندی مێژوو، چین، نیشتمان، پرسی ژنان، دواکەوتووییەوە ئەم کارە شی کراوەتەوە. هەروەها، باس لە ڕێکەوتی نووسینی ئەم کارە و  جۆری گوتار و وێژمانی کارەکەیش کراوە.  لە کۆتاییی کتێوەکەشدا، فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەن دانراوە بۆ ئەوەی وا خوێنەر باشتر بتوانێ پێوەندیی لەتەک داڕشتنەوەکەدا درووس بکات.
لە بواری چۆنیەتیی وەرگێڕانی ئەم کارە، وەک وەرگێڕخۆی ئاماژەی کردووه هەر سێ مێتۆدی دەقاودەق، مەیلەوئازد و تەواو ئازاد لەو کارەیا کەڵکی لێ وەرگیراوە و لە هەندێ شوێنیش وا پێویست بووە بابەتەکە لەبەریەک کێشراوەتەوە و کەوتووەتە ناو وردەکارییەکانەوە و لە هەندێ جێگەیش خۆی لەمە پاراستووە.
هەرچەند کە فەزای بنزاراوەیەک بەسەر وەرگێڕانەکەدا تا ڕادەیەک زاڵە ، بەڵام وشە و داڕشتی زاراوەکانی تریش لەناو کارەکەدا بەرچاوە.
نزیک بە یەک سەدە لە چاپبوونی کارەکانی عەرەبێ شەمۆ و وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانەکانی تر، تەنیا ڕۆمانی “دمدم” نەبێ کە ساڵی۱۹۷٥لەلایەن نەمر مامۆستا شوکور مستەفاوە هاتووەتە سەر زاراوەی سۆرانی و کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا چاپی کردووە، هیچ کام لە بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرە و نووسەرانی تری کوردی سۆڤێت دەرگای ماڵی ئاخێوەرانی کوردیی ناوەڕاستیان لێ نەکراوەتەوە و وەرگێڕانەوەی ئەم کارە هەنگاوێکی گرنگە لەم بارەوە.
به‌شێک له‌ کتێبه‌که‌:
“لەسەر پێودانی ساڵان، لە گوندەکەمان چ شتێک نەگۆڕابوو. والی کە لای وابوو لە ئاسمانەوە بەربووەتەوە، ئێستاکەش دەستی بارتەقای قەیسەری تزاری دەڕۆیی و هەنووکەش چەرخی دەسەڵاتی لە گەڕ نەکەوتبوو. هەروابێتەوە، دەسکیس و دایکەدزەی ژاندرمان، ساڵ دوازدەی مانگێ خەریکی تێسرەواندنی کوردان، مووشە و مڵومۆ و چەمۆڵانی ماڵ و سووتمانی سامانیان بوون. لە بەرامبەردا، کەس هەترەش و نەترەی دەستکردنەوە و بەگژداچوونەوەی پێ نەمابوو. پاکی یەکسەر خۆیان ڕادەستی ئەو ملهوڕانە کردبوو؛ ئەوان وەک لە گوێی گادا نووستبن وابوو و ئاگایان لەوە نەبوو کە ئەوە شۆڕشێک لە ڕووسیا ڕووی داوە و دەسەڵاتی تزارەکان نسکۆی بە سەردا هاتووە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved