28/4/2020 10:33 PM

بۆ یەكەمجار لە هەرێم كۆرپەیەكی دوو سەر دەستنیشانكرا

دوای ئەنجامدانی پشكنینی سۆنەر بۆ ژنێكی دووگیان لە قەزای رانیە، دەركەوت كۆرپەكەی ناوسكی دوو سەری هەیەو لە رەگەزی مێیە.

د.فەرەیدون سەعید پزیشكی پسپۆڕی تیشك و سۆنەر رایگەیاندووه: دوای ئەنجامدانی پشكنینی سۆنەر بۆ ئافرەتێكی دووگیانی دانیشتوی قەزای رانیە، دەركەوت كۆرپەكەی ناوسكی كۆرپەیەكی نائاساییەو لە زانستی پزیشكیدا بە (conjoined twin) واتا دووانەی پێكەوە نوساو ناسراوە، ئەم حاڵەتەش چەند جۆرێكی هەیە.

وتیشی: ئەو حاڵەتەی تۆماریكردووە بریتیيە لە (كۆرپەیەكی دووسەر) كە لە زمانی پزیشكیدا بە (Dicephalic para pagus) ناسراوە، ئەمەش حاڵەتێكی زۆر دەگمەنەوەو ئەگەری روودانی بە جۆرێكە كە لە سەرو یەك ملیۆن ژنی دووگیان تەنیا لە یەك ژنی دووگیان روودەدات.

ئەوەشی خستەڕوو: هۆكاری روودانی ئەو حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ پیتاندنی یەك هێلكە لەلایەن دوو سپێرمەوە لە منداڵدانی دایكداو پاشان جیانەبوونەوی ئەو هێلكە پیتراوە لە یەكتری، واتا هۆكارەكە زگماكیە نەك هۆكاری دەرەكی وەك هۆكاری ژینگەیی و كاریگەری بەكارهێنانی دەرمان.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو كۆرپە دوو سەرە رەگەزی مێیەو ئێستا تەمەنی 18 هەفتەیەو تەندروستی زۆر باشەو لە هەردوو كەللـە سەرەكەدا مێشكەكانی تەواو دروستبووەو كۆرپەكە یەك دڵ و دوو گورچیلەو یەك جگەری هەیەو تەندروستی دایكەكەش زۆر باشەو جێگیرە.

خاك - بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved