29/4/2020 03:27 PM

مەرجەکانی ژاپۆن بۆ ئۆڵۆمپیاد

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، ئەستەمە رێگەبدەن لە ساڵی داهاتودا یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە تۆکیۆی پایتەخت ئەنجامبدرێت، ئەگەر تا ئەو کاتە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لەناو نەبرابێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لەمیانەی وتارێکدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "دەبێت کاتێک یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد رێکبخرێت، کە جیهانی سەرکەوتنی لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەدەستهێنابێت، ئەگەر نا ئەستەمە ئەو کێبڕکێ جیهانییە رێکبخرێت".
ئابێ ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکات ژاپۆن تێچوی ئەنجامدانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە ساڵی داهاتودا لە ئەستۆ دەگرێت.
شەوی رابردوش یشرۆ مۆری، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ بۆ ساڵی 2020 رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی پاڵەوانێتیەكە بۆ ساڵی داهاتو 2021 دواخراوە، لەوانەیە ژاپۆن جارێکی دیکە ئەنجامدانی ئۆڵۆمپیاد دوابخات، ئەگەر تا ئەو کاتە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا بەردەوامی هەبێت.
مانگی رابردو لیژنەی ئۆڵۆمپیاد نێودەوڵەتی لەگەڵ حکومەتی ژاپۆندا رێککەوتن بۆ دواخستنی ئەنجامدانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بۆ ساڵی داهاتو بەهۆی بڵاوبونەوەی فایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 218 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved