1/5/2020 11:21 PM

هۆکاری بومەلەرزەکەی چەند شەوی رابردوو چی بووە؟

پسپۆڕی جیۆلۆجی لە بواری چینەكان و نیشتەنییەكان لە زانکۆی سەڵاحەدین، هۆکاری بومەلەرزەکەی کە چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ لێكترازانی ناخی زەمینی.

پڕۆفیسۆر د.عەلی مەحمود سوورداشی، زاناو پسپۆڕی جیۆلۆجیی لە بواری چینەكان و نیشتەنییەكان لە بەشی جیۆلۆجیای كۆلێژی زانست لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەمشێوەیە شیكردنەوەیەكی زانستی بۆ روودانی بوومەلەرزەكەی چەند شەوی رابردوو كردووەو دەڵێت: بومەلەرزەكەی ئێوارەی 2020.4.29 ی ناوچەی بازیان - تەكیە لەسەر هێڵی لێكترازاوی ناسراو بە تاسلوجە – بازیان – چەمچەماڵ لە قووڵایی 12.5 كیلۆمەترو بە گوڕی 4.6 بە پێوەری رێختەردا روویداوە، لەرووی زانستییەوە هۆكاری روودانی ئەو بوومەلەرزەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان هۆكاری روودانی بوومەلەرزەی پێشووی ناوچەی چەمچەماڵ و باشووری رۆژئاوای هەولێرو تەقتەق كە لە 2020.4.9 روویداو هەروەها ئەو بوومەلەرزەی لە رۆژی 2020.3.16 لە رۆژئاوای هەولێر لە ناوچەی گعێتل و بووشیتەو هەروەها ئەو بوومەلەرزەیەی كە لە ئەیلولی ساڵی 1989 لە باكووری رۆژهەڵاتی (چەمچەماڵ)دا روویدا، ئەم بوومەلەرزانە هەموویان لەسەر هەمان هێڵی بوومەلەرزەیی بوون.

وتیشی: زیاتر لەوەش زنجیرە بوومەلەرزەی تۆماركراوی 1980.12.18 كە لە (تەقتەق و سلێمانی و چیای ئەزمەڕو نزیك میشراق و فەتحە لە باشووری مووسڵ)دا روویاندابوو بەهەمان هۆكار بووە.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو هۆكارەی ئاماژەی پێدەدەین بریتییە لە چالاكبوونی جووڵەی زەمینی زنجیرەیەك لێكترازانی ناخی زەمینی كە لە باكووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو باشووری رۆژئاوایەكەی درێژبوونەتەوەو لە قوڵایی زەوی ئەو ناوچەیەدا، زۆنێكی شكست پێكدەهێنێت و لەرووی جێۆلۆجییەوە ئەو زۆنە دابەزیوەتە سەر چینێكی بنكەیی بنچینەیی ژێرەوەی خۆی كە لە بەردی گۆِراو و ئاگرینی لەژێر چینە نیشتووەكانی چاخە جیۆلۆجییەكانی ناسراو بە (بالیۆزیك و میسۆزویك و سینوزویك) كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەستووراییەكەی دەگاتە نزیكی 12 كیلۆمەتر، بۆیە لێرە بەدواوە، لەسەر ئاستی ئەو هێڵانە، بەڵام لەسەر رووی زەویدا، دەبێت ئەو ناوچەیە بە زۆنێكی چالاك ئەژمار بكرێت و لەكاتی بونیاتنانی هەر پڕۆژەیەكی ئەندازیاری ستراتیژی و گرنگ پێویستە تایبەتمەندێتی ئەو ناوچەیە لەبەرچاو بگیرێت.

خاك - کەشناسی هەرێم





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved