4/5/2020 03:02 PM

چەند زانیاری گرنگ سەبارەت بە مۆز

مۆز، بەهۆی ئەو پێکهاتە خۆراکیانەی تێیدایە توانای پاراستنی جەستەی هەیە لە بەشێکی زۆر لە نەخۆشییەکان، بەتایبەتی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و سودی گرنگ بە جەستە دەگەیەنێت. لەدرێژەدا چەند زانیاری سەبارەت بەم میوە بەتام و سوودبەخشە ئەخەینە روو.

مۆز دەوڵەمەندە بە پێکهاتەی خۆراکی گرنگ
مۆز سەرەڕای تامە خۆشەکەی دەوڵەمەندە بەچەند ماددەیەکی خۆراکی گرنگ، سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ بەدەستهێنانی مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، ڤیتامین C و B6.
بەهۆی پێکهاتە خۆراکیەکانی یارمەتی کەمکردنەوەی سترێس دەدات، هەروەها هەوکردن کەمدەکاتەوە، مەترسی توشبون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەمدەکاتەوە.

رێژەیەکی کەم لە پرۆتین و چەوری تێدایە
پرۆتین،  یارمەتی بەهێزبونی سیستمی بەرگری دەدات، پارێزگاری لە ئێسک دەکات و بەهێزی دەکات، ماسولکەکانی جەستە بنیاد دەنێت.
چەوری، وزەی جەستە دەستەبەردەکات، پارێزگاری لە تەندروستی مێشک دەکات، رۆڵی هەیە لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکانی جەستە.
بەهۆی ئەوەی مۆز رێژەیەکی کەمی لە پرۆتین و چەوری تێدایە، ناتوانرێت لەبری ژەمەخۆراکەکان بخورێت و پشتی پێببەسترێت، بەڵام دەتوانرێت لەگەڵ خۆراکی دیکە بخورێت وەکو چەرەسات، هێلکەی کوڵاو، یان ئەو خۆراکانەی چەوری و پرۆتینی تێدایە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی ماددە خۆراکیەکان بکات.

زۆر خواردنی زیانی هەیە
لەگەڵ ئەوەی مۆز یەکێکە لە میوە سودبەخشەکان، بەڵام وەکو هەر خۆراکێکی دیکە ئەگەر زیادەڕەوی لە خواردنیدا بکرێت زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.
مۆز رێژەیەکی زۆر لە کالۆری تێدایە ئەگەر زۆری لێبخورێت دەبێتە هۆی قەڵەوی، بەڕێژەی %90ی کالۆری مۆز لەرێگەی کاربۆهیدراتەوە بەدەست دەهێنرێت.
هەروەها زۆر خواردنی کاربۆهیدرات ئەگەر لەگەڵ پرۆتین و چەوری هاوسەنگ نەکرێت، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکری خوێن، مەترسی توشبون بە شەکرەی جۆری دوەم زیاد دەکات.

پێویستە رۆژانە چەند مۆز بخورێت؟
جەستە سیستمێکی ئاڵۆزە، ناتوانرێت بە تەواوی دیاریبکرێت چەند مۆز بۆ جەستە پێویستە،  چونکە بەپێی پێویستی کەسەکان دەگۆڕێت، هیچ رێژەیەکی دیاریکراو نییە کە بزانرێت چەند مۆز بۆ جەستە پێویستە.
بەگشتی توێژەران لەسەر ئەوە کۆکن کە خواردنی 1 بۆ 2 مۆز بۆ جەستەیەکی تەندروست پێویستە لە رۆژێکدا

 

سەرچاوە: healthline

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved