6/5/2020 03:33 PM

فیراریەکەی عودەی!

پاش یەک هەفتە گەڕان، ئۆتۆمبێلی کوڕەکەی سەدام لە جۆری فیراری F40ـە دۆزرایەوە. هەفتەیەک لەمەوبەر چالاکێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتوب بە ناوی Ratarossa خەڵاتێکی بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلە گرانبایی و بەهێزەکەی کوڕەکەی سەدام دیاری کردبوو و هەر بۆیە زۆر کەس کەوتنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە کە خاوەنەکەی کوڕە بەدناوەکەی سەدام حوسێنە واتە "عودەی. عودەی ساڵی 2003 بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکاوە کوژرا.
پێشتریش کۆمەڵێک وێنە لەم ئۆتۆمبێلە تۆز لێنیشتووە لە میدیاکاندا بڵاو ببۆوە، بەڵام کەس بە شوێنەکەی نەدەزانی. پاشان دەرکەوت کە ئەم ئۆتۆمبێلە بە مەبەستی چاککردنەوە رەوانەی ئیتاڵیا کراوە. لەکۆتاییدا کارناسێکی بواری ئۆتۆمبێل بە تاوتوێکردنێکی وردی ئەو وێنانەی کە لەم ئۆتۆمبێلە بڵاو ببوونەوە بەو ئاکامە گەیشت کە ئەم ئۆتۆمبێلە ئێستا لە "هەولێر"ـی پایتەختی هەرێمی کوردستانە.
ئەم کارناسە کە ناوی "کریس سمیت"ـە و خاوەنی کەناڵێکی یوتوبە و زۆریشی لایەنگر هەیە، لە ساڵانی پێشووشدا لە گەشتێکدا بۆ عیراق ئەم ئۆتۆمبێلەی دیبوو، بەڵام گوتوویەتی بەهۆی ئەوەی تۆزێکی یەکجار زۆری لەسەر نیشتبوو و هەندێک لە سیستەمەکانی لەکار کەوتبوون، نەدەجووڵا.
نرخی ئۆتۆمبێلەکەی عودەی حوسێن زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلارە و تەنها 4000 کیلۆمەتری بڕیوە. "رەغد حوسێن" خوشکی عودەی و کچی سەدام لە تویتەردا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر کەسێک دەستێوەردان لە داراییە بنەماڵەییەکانمان بکات رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە.

 

سەرچاوە: 9news

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved