7/5/2020 11:25 AM

سێبەرەکانی جەستە کەنارەکانی حەز

ئیدریس عەلی
ڕۆمانی (سێبەرەکانی جەستە، کەنارەکانی حەز) لە لایەن نووسەری کۆچکردووی عێراقی (سەعد محەمەد ڕەحیم) نووسراوە و نووسەر و وەرگێڕی ناودار (سەباح ئیسماعیل) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەک زۆربەی هەرە زۆری کارە وەرگێڕانەکانی پێشووتری، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە بەرجەستەی واقیعییەتی قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوی عێراق بە گشتی و بەغدای پایتەخت بە تایبەتتر دەکات، قۆناغێک کە تیایدا ڕژێمی سەرکوتکەری بەعس ڕووخاوە و قۆناغێکی دیکە لە مێژووی سیاسی و حکومڕانی لە وڵاتدا دەستپێدەکات، مێژوویەکی نوێ کە ئازارو برین و کێشەی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەم ڕۆمانە کتومت بەرجەستەی ژیانی مرۆڤەکان و کۆی گشتی وڵاتەکە و پێکهاتە و بونیادە سیاسی و حکومڕانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤی ئەم قۆناغ و دۆخە نوێیە دەکات، کە تیایدا بەهۆی دروستبوونی باند و گرووپە تیرۆرسیتی و جیهادی و مشەخۆرەکانەوە، ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵکیان کردووە بە دۆزەخ و کەس لە هیچ شتێک دڵنیا نییە، بازرگان لە بازرگانییەکەی دڵنیا نییە، پزیشک لە نۆرینگەکەی خۆیدا دڵنیا نییە، مامۆستای زانکۆ لە هۆڵەکانی محازەرەدا و خوێنەر لە کتێبخانەکاندا و لەشفرۆش لە ماڵەکانیاندا و تەواوی چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، هیچیان لە هیچ شتێ دڵنیا نین و هەر ساتێک ئەگەری ڕفاندن و کوشتن و تەقینەوە، نزیکتر ئەگەرن لە ژیان و چارەنووسی تاکەکاندا. نووسەری ئەم ڕۆمانە، کە پێشتر یەکێکی تر لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکانیمان بە ناوی (کوژرانی کابرای کتێبفرۆش)ەوە خوێندۆتەوە، تا ئەندازەیەک ئاشناین بە دونیابینی و زمانی شیعرئامێز و تەکنیکی باڵا و شێوازی گێڕانەوە و خوڵقاندنی کەش و فەزای هونەریی ناو ڕۆمانەکانی و چارەنووسی کارەکتەرە هیلاک و غەمگینەکانی، ڕۆمانەکەی پێشووتریشی بە هەمان شێوە تێماکەی لەسەر ڕووداوەکانی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ و بە دیاریکراوی پاش نەمانی بەعسە، لێرەشدا، واتە لە ڕۆمانی (سێبەرەکانی جەست، کەنارەکانی حەز) بە تەکنیکێکی تا ئەندازەیەکی زۆر لە چاو ڕۆمانە عێراقییەکانی تردا جیاوازتر، تەنانەت لە ڕووی گێڕانەوە و ڕووداو و بونایدی کەسێتییەکانەوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە و خوێنەری وریا هەر لە بەشی یەکەمدا هەست دەکات کە لە بەردەم تێکستێک و گێڕانەوەیەکی بەرزدایە. ڕۆمانەکە بێئەنداز عێراقییە، شوێن و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان عێراقین، کێشەکان کێشەی عێراقن و تەنانەت خەون و حەز و عەشقەکانیش عێراقییانەن، بە ڕووکەش وا دەردەکەوێت ڕۆمانەکە بە لای ئەوێنێکی مایە پووچ و دەستبەتاڵدا کە کچێکی فریودەر لە ڕێی کۆمەڵێک پەیوەندی ناجۆر و ناسروشتییەوە نمایندەی دەکات دەشکێتەوە، ساتەوەختی دەستپێکی ڕۆمانەکە لە ناو کتێبخانەیەکدایە و دیمەنێکی ئەوینداری و حەز و خولیای گێڕەرەوە، کە شا پاڵەوانی تێکستەکەیە پیشان دەدات، کەچی لەگەڵ ڕەوتی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکاندا، دنیایەک نهێنی و کۆدی دیکە لەبەردەم خوێنەردا قوت دەبنەوە و ناچارمان دەکەن پڕۆسەی خوێندەوەکەمان بڕێک ورد تر و بە دیقەتتر ئەنجام بدەین و پێ بە پێی گێڕەرەوە هەنگا و بەسەر ڕێگای ڕووداوەکان و چارەنووسی کارەکتەرە جۆراوجۆرەکاندا بنێین، خوێنەری ئەم ڕۆمانە هێندەی خودی نووسەر و گێڕەرەوە پشکی لە ڕووداوەکاندا هەیە، ئەمە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشی ڕۆمانەکە و زیرەکی نووسەر پیشان دەدات، کە خوێنەر بکاتە هاوبەشی تێکستەکە، ئەویش بەوەی پێچەوانەی خولیا و حەزی خوێنەر، کە هەمیشە چاوەڕێن نووسەر وەک چۆن سەرەتا و ناوەڕاست بۆ چیرۆکەکە دادەنێت، بەو ئاوایە کۆتاییش دابنێت و لە کۆتاییدا کۆی کۆدەکان بۆ خوێنەر بکاتەوە وتیشک بخاتە سەر لایەنی تاریکی چیرۆکەکان و چارەنووسی کارەکتەرەکانمان بۆ دیاری بکات، بە پێچەوانەوە نووسەر لێرەدا کێشەکانی خستوونەتە ڕوو و خوێنەری خستۆتە ناو ڕووداوەکانەوە و کارەکتەرەکان و جێگە و ڕێگە و باری سایکۆلۆژی و ئاستی چینایەتی و هۆشیاری پێگەی کۆمەڵایەتییانی دیاری کردووە، بەڵام خوێنەریشی ئازاد کردووە بەوەی خەیاڵ و هۆش و هزری خۆی بخاتە گەڕ و کۆتایی چیرۆکەکە بە ویست و مەزەنەی خۆی دیاری بکات. ڕەنگە ئەم شێوازە پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە نووسەر پێمان بڵێت: عێراق چیرۆکێکی ناکۆتا درێژە و هەموویشی لە یەک دەچێت، ڕۆژگار و مرۆڤەکان و کێشەکان و ڕووداوەکان وەک یەک وان، ئەگەر و قەدەر و چارەنووس و ڕیکەوتەکان چوون یەکن و تەنها ناوەکانیان جودان، ئێمە هەموومان خەریکین پڕکێشی دەکەین و چیرۆکی یەکتر درێژ دەکەینەوە و گوێ لە دەنگی تەقینەوەکان دەگرین، خەریکین چیرۆکە هاوبەشەکەی خۆمان دەنووسینەوە و هەواڵە ناخۆشەکانی ڕفاندن و نائارامی و تێکوپێکشکاندی مرۆڤەکان دەبینین، چیرۆكەکانی مرۆڤی ناو وڵاتی جەنگ و قەیرانەکان، چ جیاوازییەکیان لەگەڵ یەکدیدا نییە و هەموومان لە ناو یەک مەنجەڵداین و مەنجەڵەکەش لەسەر ئاگرێک دەکوڵێ بە ناوی عێراقی نوێ، عێراقی دوای داگیرکاری، عێراقی سەردەمی دەیان هێزی میلیشیا و توندڕەو، عێراقی بەریەککەوتنە ئاگرین و خوێناوییەکانی نێوان مەزهەبەکان، نێوان نەتەوەکان، نێوان بۆچوونە جیاوازەکان، عێراقێک کە تەنانەت ناوەندە ڕۆشنبیریی و کولتوورییەکەیشی تێکچووە و شاعیرەکانی بەرگەی ئەو دۆخە ترسناکە ناگرن و جێی دەهێڵن، یاخود خۆیان دەکوژن، یان دەکوژرێن، عێراقێک کە ئیدی هێدی هێدی خەریکە سیما شارستانی و مەدەنییەکەی لە نێو دووکەڵی جەهل و شەڕخوازیدا دەسڕدرێتەوە و دەگات بە شوێنێک کە ئیدی فڕەڕەنگی ببێتە کێشەیەکی خوێناوی و هەموو هێزە چەکدار و بێ چەکەکان، خەریکی ڕەنگکردنی کۆمەڵگە و بەرامبەرەکەی خۆیان بن بەو ڕەنگەی کە خۆیان دەیانەوێت، دواجار جگە لە ڕەنگی ڕەش و تاریککردنی وڵات، هیچ شتێکی دیکە نییە. بە گشتی ئەم ڕۆمانە بە سروشتی خۆی ئاگادارمان دەکاتەوە لە خۆمان، لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەمان، ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەم وڵاتەدا چ گەمەیەکی شێتانە بە ناوی سیاسەت و خوداوە دەکرێت، قوربانییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن و لە شوێنێکدا ئیدی ژمارەکان دەوەستن و کۆی وڵاتەکە لە بەرگێکی قوربانی و ماتەمدا دەردەکەوێت، بەڵام ئەستەمە ئەو تەکنیکە بەرز و شێوازی گێڕانەوە و زمانە سادە و شاعیرانەیە سیخناخمان نەکەن لە چێژی ئەدەبی، ئەمەیش ئەگەر لە لایەکەوە بۆ خودی باڵادەستی نووسەرە عێراقییەکە بگەڕێتەوە، لە لایەکی دیکەوە بۆ زیرەکی و شارەزایی وەرگێڕ (سەباح ئیسماعیل) دەگەڕێتەوە، کە هەمیشە لە دۆزینەوەی دەنگی جیاواز و شاکاری ئەدەبیدا، بە وەرگێڕانەکانی سەرساممان دەکات، خوێنەر لەبەردەم ئەم ڕۆمانەدا تووشی گومان دەبێت بەوەی ئایا لە بنەڕەتدا تێکستەکە بە کوردی نووسراوە، یان بە عەرەبی، ئەمەش بێ شک و گومان سەرکەوتنی وەرگێڕەکە پیشان دەدات.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved