9/5/2020 01:30 PM

مشک سەرچاوەی نوێی نەخۆشی هیپاتیتە لە مرۆڤدا

کارناسانی نەخۆشییە هەوکردووەکانی زانکۆی هۆنگ کۆنگ لەگەڵ نەخۆشێکی سەیرەسەمەرە رووبەڕوو بووەنەوە. ئەم نەخۆشە پیاوە تەمەن 56 ساڵە کە نەشتەرگەریی جەرگی بۆ کرابوو، جەرگی بە بێ هیچ هۆکارێکی روون کارکردێکی ناسروشتی هەبوو.
تاقیکارییەکان روونیان کردەوە کە سیستەمی بەرگری ئەم پیاوە خەریکی دژکردەوەیە بەنیسبەت نەخۆشیی هیپاتیت، بەڵام کارناسان جۆری مرۆیی ڤایرۆسی هیپاتیت(HEV)ـیان لە خوێنیدا نەدۆزیەوە.
هیپاتیت نەخۆشییەکە کە جەرگ دەگرێتەوە و دەتوانێ ببێتە هۆی تالێهاتن و گەورەبوونەوەی جەرگ. ئەم ڤایرۆسە چوار جۆری جیاوازی هەیە کە لە ئاژەڵە جۆراوجۆرەکاندایە و تا ئەو کاتە تەنها یەک جۆر لەو چوار جۆرە لە جەستەی مرۆڤدا ناسرابوو.
کاتێک تێستی تایبەت بە بوونی جۆری مرۆیی ڤایرۆسی هیپاتیت لە جەستەی ئەو پیاوەدا نیگەتیڤ دەرچوو، توێژەران بە دووبارەکردنەوەی تاقیکارییەکە، بۆ یەکەم جار لە مێژوودا هیپاتیتی مشکی کێوی(Rat HEV)ـیان لە مرۆڤدا دەستنیشان کرد.
سەرەتا زانایان لایان وابوو ئەو پیاوە حاڵەتێکی تایبەتە و لە کاتێکی هەڵەدا لە شوێنێکی هەڵە بووە، بەڵام ئەم رووداوە دووبارە رووی داوە.
لە کاتی ئەنجامدانی یەکەم توێژینەوەوە، تێستی هیپاتیتی مشکی کێوی لە 10 هاووڵاتی هۆنگ کۆنگی دیکەدا پۆزەتیڤ دەرچوو. نوێترین حاڵەتی ئەم نەخۆشییە هەفتەی پێشوو روویدا و دەرکەوت پیاوێکی تەمەن 61 ساڵ کە جەرگی بە باشی ئیشی نەدەکرد و وڵامی تێستەکەی پۆزەتیڤ بوو. توێژەران دەڵێن لەوانەیە سەدان کەسی دیکەش تووشی ئەم ئازارە بووبێتن و بۆخۆشیان ئاگادار نەبن.
تا ئێستا کەس نازانێ ئەم چەند کەسە چۆناوچۆن تووشی ئەم جۆرە تایبەتە لە ڤایرۆسی هیپاتیت بوون. زانایان دوو ساڵە خەریکی ئەوەن بزانن ئەم ڤایرۆسە چۆناوچۆن لە مشکی کێوییەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ. ئەوان تا ئێستا بەو دوو وڵامە گەیشتوون، یەکەم: نەخۆشەکان ئاوی ژەهراویان خواردۆتەوە یان ئەوەی کە لەگەڵ شتێکی ژەهراوی بەرکەوتنیان بووە.
جێێ سەرنجه لە ماڵی نەخۆشە تەمەن 61 ساڵەکە ئاسەواەری پیسایی مشک نەدۆزراوەتەوە، هیچ کام لە ئەندامانی خێزانەکەی نیشانەی ئەم نەخۆشییەیان نییە و ئەم پیاوە لەم دواییانەدا هیچ گەشت و دەرەوەچوونێکی نەبووە!

 

سەرچاوە: cnn

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved