11/5/2020 10:33 PM

بڕێكی زۆر چكلێت و نه‌سته‌له‌و چه‌ره‌سات له‌ناوده‌برێت

به‌هۆی خراپی و نه‌شیاوی بۆ خواردن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ره‌سات و شیرینیدا ده‌گرن.

بێوه‌ی ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی 2ی سه‌ر به‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی خراپی و نه‌شیاوی بۆ خواردن، له‌ كۆگایه‌كی عه‌مباركردنی خوارده‌مه‌نی له‌ نابازاڕ لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر (240) كیلۆگرام عه‌لی باباو شه‌ش فه‌رده‌ ناوكه‌ كوله‌كه‌و (64) كارتۆن نه‌سته‌له‌دا گرتووه‌، كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی ماوه‌ی به‌سه‌رچوونه‌كه‌ی درێژكردووه‌ته‌وه‌.

وتیشی: ته‌واوی چه‌ره‌ساته‌ ده‌ست به‌سه‌ردا گیراوه‌كه‌ به‌سه‌رچووه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ نه‌سته‌له‌كه‌ش ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌، به‌ڵام خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیاز بووه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا ساغیبكاته‌وه‌.

روونیشیكردوه‌وه‌: سه‌رپێچییه‌كی تری خاوه‌نی شوێنه‌كه‌، ده‌ستكاریكردنی لیبڵێ كارتۆنی نه‌سته‌له‌كه‌یه‌ كه‌ به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونی درێژكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش فێڵی بازرگانییه‌و یاسا سزای توندی بۆ سه‌رپێچیكاران دیاریكردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی كۆگاكه‌ داده‌خرێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌هۆی فێڵكردن و ده‌ستكاریكردنی به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونه‌كه‌ی، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر شیرینی جۆراوجۆردا ده‌گرن و هۆشیاریش به‌ هاووڵاتیان ده‌ده‌ن.

له‌ بازاڕی شاری سلێمانی، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر شیرینی (چكلێت و نه‌سته‌له‌)ی جۆراوجۆردا گرتووه‌ كه‌ به‌هۆی فێلێكردن له‌ هاووڵاتیان و له‌ڕێی گۆڕینی به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونه‌كه‌یه‌وه‌، ماوه‌ی به‌كارهێنانیان درێژكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا ساغیبكه‌نه‌وه‌.

هه‌میشه‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان جه‌خت له‌ به‌كارنه‌هێنان و نه‌خواردنی ئه‌و خوارده‌مه‌نیانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی خواردن و به‌كارهێنانیان به‌سه‌رچووه‌، چونكه‌ به‌ها خۆراكییه‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه‌ به‌هۆی گۆڕانی پێكهاته‌كه‌ی.

هه‌روه‌ها به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق، هه‌موو ئه‌و كاڵاو شمه‌كانه‌ی هاورده‌ ده‌كرێن و له‌ بازاڕه‌كان به‌ هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێت، به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوونی به‌شێوه‌ی لێزه‌ر له‌سه‌ر چاپكرابێت و هه‌ركه‌س و شوێنێكیش ده‌ستكاری لیبڵ و زانیارییه‌كانی بكات روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

لیژنه‌كان داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، له‌كاتی بازاڕكردن و كڕینی كاڵاو شمه‌كه‌كانتان به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا له‌ رۆژانی جه‌ژن نزیكده‌بینه‌وه‌، چاوكراوه‌تر بن له‌كاتی كڕینی چكلێت و شیرینییه‌ هه‌ڵڕژاوه‌كاندا به‌وردی سه‌رنج بده‌ن له‌ به‌رواری دروستكردن و به‌كارهێنانی، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێك له‌و شیرینیانه‌ی به‌وجۆره‌ ده‌فرۆشرێن ماوه‌ی به‌كارهێنایان به‌سه‌رچووه‌، له‌كاتی هه‌بوونیدا لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

‌به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی، ته‌واوی ئه‌و شیرینیانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved