13/5/2020 10:34 PM

ئەزمەڕو گۆیژە لە مەترسی ئاگرکەوتنەوە دەپارێزرێت

قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت: بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، ئاگربڕ لەنیوان دارەكانی چیای ئەزمڕو گۆیژە دروستدەكەن و لە ئەگەری سوتان دەیپارێزن و دەشڵێن: هەر كەسێك هۆكاربێت بۆ كەوتنەوەی ئاگر روبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا، قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی نوێنەران و بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كۆبوونەوە، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی داراستان و پوش و پاوانی چیای ئەزمڕو گۆیژە لە ئەگەری ئاگركەوتنەوەو سوتان.

لە كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، ئاگربڕ لەنیوان دارەكانی چیای ئەزمڕو گۆیژە دروستدەكەین و لە ئەگەری سوتان دەیپارێزن، لە ئێستاوە بە دانانی بەرنامەی تۆكمە بۆ پاراستنی چیای ئەزمڕو گۆیژە لە مەترسی سوتان دادەنیێن و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیشی راسپیارد لەمرووەوە هەنگاوی پێویستی پێشوەختەو بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما ئامادەبكەن.

وتیشی: لە نزیكترین كاتدا تیمەكان دەستبەكار دەبن و لە سەرەتاش ئاگربڕ له‌ چیای ئەزمڕو گۆیژە دروستدەكرێت.

قائیمقامی سلێمانی لە ئەگەری ئاگركردنەوەی بەئەنقەست هۆشیاری دەدات و ئاماژەی بەوە كرد: هەر كەسێك هۆكاربێت بۆ كەوتنەوەی ئاگر روبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

بۆ كەمكردنەوەی ئەو مەترسیتانەی كە ساڵانە لەسەر چیای ئەزمڕو گۆیژە دروستدەبێت، تیمێكی پۆلیسی دارستان و بنكەیەكی ئاگركوژینەوە لەسەر چیای ئەزمڕو گۆیژە جێگیر دەكرێت كە ئەركیان پارێزگاریكردن دەبێت لە چیاكەو رێگریكردن لە مەترسی ئاگركەوتنەوە، هەروەها تیمەكانی بەرگری شارستانی سلێمانیش لە حاڵەتی ئامادەیی تەواودا دەبن بۆ پاراستنی چیاكە.

قائیمقامی سلێمانی داوا لە ڕاگەیاندنەكان دەكات ڕۆڵی زیاتریان هەبێت لە هۆشاركردنەوەی هاووڵاتیان لە پاراستنی دارستان و پوش و پاوانی چیاكانی كوردستان تا بە هەموومان پارێزگاری لە سروشتی وڵاته‌كه‌مان بكه‌ین.

خاك - قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved