14/5/2020 02:01 PM

مامە رەحەی کەلی خان

 “ڕەحمان گەردەنە” ناسراو بە مامە ڕەحە لەدایکبووی ساڵی 1877ـی گوندی سونج بووە کە لە نێوان سەقز و بانەدا هەڵکەوتووە، بەڵام زۆربەی تەمەنی لە سەرسونجی ژیاوە کە ئەوکات 20 ماڵێک دەبوو ماڵی ئەوانیش لەپشت مزگەوتی ئاوایی بووە. لە بەھار و ھاویندا دەچووە کوێستان و گیادروون و لەنێوان ساڵەکانی 1901 تا 1951 کە لەنێوان سەقز و بانە جادە نەبووە ھەموو ڕۆژێک کاڵە و پوزڵۆکی ھەڵدەکێشا و پەستەکی لەبەر دەکرد و قایشی لە پشتوێن دەبەست و بەنێکی لەسەر ناوکی دەبەست و سەرکڵاوی دەنا و بەرەو کەلی‌خان و مامەڵخان بەڕێ دەکەوت. ڕیشی مامەڕەحە وەک بەفری کەلی‌خان سپی بوو؛ ھەمیشە یەخەی ئاوەڵا بووە و مووی سپی سەرسنگی کە لە کەوا مورادخانیەکەیەوە ھاتبووە دەر تێک ھاڵا بوو.
یەکێک لە چیرۆکە سەرنج ڕاکێشەکانی ژیانی مامە ڕەحەی کەلی‌خان چیرۆکی مردنی بووە. لە ڕۆژێکی بەھاردا کە بەفر دەتوانەوە و کوێستان خەریبوو پێدەگەشت مامە ڕەحە وەک جاران ئازا و توانا لە چەمی خانەوە تێپەڕ دەبوو چەند جارێک ڕادەوەستێت و تێر لێی دەڕوانێت و پاشان بەرەو ماڵەوە دەگەڕێتەوە. کاتێک گەشتەوە چووە ژوورەوە لەودیو کوچکاوری ناو ماڵیان شانی دایا و وتی خواحافیزیم لە چەمی ‌خان کردووە ئیتر نایبینمەوە چونکە ئەمشەو دەمرم ئیتر ناچمەوە بۆ ئەوێ. ڕووی کردە مامە ساڵەی کوڕی وتی تۆ و حاجی کەریمی کانی‌ناو (کوڕی ژنبرای مامە ڕەحە) ئەو دوانەتان دەفم بۆ لێبدەن چونکە دڵم پێی خۆش دەبێت و ئەحە خلە شمشالم بۆ لێبات و ھەردوو فاتم؛ فاتمی ژنی ڕەحیم لەگەڵ فاتمی کچم لەملاولام دانیشن بەسەرمەوە بگرین تاکوو دەمرم. مامە ساڵەی کوڕی ھەرچەن دڵی بڕوایی نەدەھات بەڵام دەفەکەی داگرت و بە دەم سڵاوات لێدانەوە دەستیان کرد بە دەف لێدان و ئامینەی بووکی دەڵێت ئەوان دەفیان لێ دەدا و شمشاڵیان دەژەند و ئێمەش لەملاولای دانیشتینین و فرمێسکمان دەڕشت تاکوو بێدەنگ گیانی دەرچوو. مامە ساڵە دەڵێت چاوەکانی بە یەکدا نابوو وامانزانی خەوی لێ کەوتووە تاکوو دوای بڕێک لە دەف لێدان و شمشاڵ ژەندن پێیان وتین مامە ڕەحە نەماوە و گیانی دەرچووە.
مامە ڕەحە لە 28ـی مارسی ساڵی 1959 و لە تەمەنی 82ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی لە سونجی خواروو نێژراوە و پاش پێنج ساڵ، خانمێ‌-ی خێزانی کۆچی دوایی کردووە. پیاوێکی قارەمانی خۆبەخش و بێ‌ئیدعا بوو کە ھیچکات خۆی بە زۆر نەزانیوە. دڵێکی گەورە و بەجەرگی کوردانەی ھەبووە کە بەپێشوازی مەرگەوە دەڕۆشت. مامە ڕەحە تەنھا یەک وێنەی دوا خۆی جێ ھێشتوە کە لە ساڵەکانی 1951 لە گرێ‌بەردانی پشت تونێلەکەی ئێستا لە تەنیشت چەند بەرپرس و کەسی ناسراوی ناوچەی بانە ڕاوەستاوە. وەک لە وێنەکەدا ھاوساری ھێسترەکەی بە دەستەوەیە پێدەچێ ڕەچەشکێن و ڕێنیشاندەری ئەو کەسانە بێت کە لە وێنەکەدا دەرکەوتوون.

 

سەرچاوە: ساکارپرێس

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved