"سۆرێنتۆ" توانیویەتی ئەنتیبادیی کۆرۆنا بدۆزێتەوە کە دەتوانێت ببێت بە دەسکەوتێکی گەورە. بەپێی دەرەنجامی تاقیگەیی، ئەم نەنتیبادییە دەتوانێ چالاکیی کۆڤید-19 بەتەواوی لەناو ببات. ئەم دەرەنجامەی ئەم کۆمپانیایە دەستەبەری کردووە هێشتا لەسەر مرۆڤ تاقی نەکراوەتەوە و لە دۆخێکی تەواو تاقیگەییدا ئەنجام دراوە. ئەم کۆمپانیایە رایگەیاندووە کە پەرەپێدانی ئەم ئەنتیبادییە درێژە دەدات بۆ ئەوەی بتوانێ شێوازێک بۆ چارەسەریی ئەم پەتایە بدۆزێتەوە. بە بڕوای "سۆرێنتۆ" ئەم ئەنتیبادییە کە بە ناوی "STI-1499"ـەوە دەناسرێت، بەهۆی تواناییەکانی بۆ داخستنی تەواوی کاریگەریی پرۆتینەکانی ئەم ڤایرۆسە لەسەر خانە مرۆییەکان، کارکردێکی باشتری بەنسبەت ئەنتیبادییەکانی دیکە هەیە. کارکردی ئەم "دژەتەن"ـە بە جۆرێکە کە ڤایرۆسەکە ناتوانێ بە خانە تەندروستەکانەوە بنووسێت و دزە بکاتەوە ناویان و هەر بۆیە جەستە تووشی هەوکردن نابێت. بە بڕوای "سۆرێنتۆ" ئەم نموونەیە یەکەم "دژەتەن"ـی پەرەسەندووە کە لە ریزی ئەنتیبادییەکانی "کۆکتل"ـدا جێگیر دەکرێت. بە واتایەکی دیکە دەرمانەکەی سۆرێنتۆ لە کۆمەڵێک ئەنتیبادی دروست بووە کە دەتوانێ شاخە پرۆتینییەکانی کۆرۆنا لە کار بخات. ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن کەسێکەوە بگوازرێتەوە بۆ کەسێکی دیکە، ئەم ئەنتیبادییە ناهێڵێت کەسی دووەم تووش بێت. یەکێک لەو پرسیارانەی کە زۆرینەی توێژەرانی سەرقاڵ کردووە، رادەی مۆتاسیۆنی ئەم ڤایرۆسە، چونکە زۆرینەی ڤایرۆسەکانی بنەماڵەی کۆرۆنا بۆ نموونە ڤایرۆسی هەڵامەت حەزیان لە مۆتاسیۆنە. بە سەرنجدان بەم بابەتە، پەرەپێدانی دەرمانی ئەم ڤایرۆسە دەتوانێ ببێت بە کارێکی ئەستەم. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین هێشتا دەرمان یان ڤاکسینێکی کارامە بۆ لەناوبردنی کۆڤید-19 بەرهەم نەهاتووە، بەڵام توێژران و کۆمپانیاکانی سەرانسەری جیهان لەم بوارەدا چالاکن.
سەرچاوە: techcrunch
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure