18/5/2020 09:23 PM

خوێندنی باڵا بۆ دبلۆمی باڵاو ماستەرو دكتۆرا بڕیاریدا

بە سەرپەرشتی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، كۆبوونەوەی ژمارە (٧)ی ئەنجومەنی وەزارەت بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی بۆ رەوشی ئێستای  بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو رێككارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی بۆ رێگریگریكردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە خستەڕوو، بۆ ئەمەش سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ رێككارەكان و دەستخۆشیشی لە زانكۆو دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد بۆ هەوڵ و كارەكانیان و پاڵپشتی دامودەزگاكانی تری تەندروستی بۆ ڕوبەڕووبونەوەی پەتای كۆڕۆنا.

لە تەوەری یەكەمی بەرنامەی كاری كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لێكەوتەكانی و ژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردەو ئەگەرەكانی بەردەم وەزارەت و زانكۆكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون، لە ڕاپۆرتێكدا بە داتاو ئامار وردەكاری پلانی وەرگرتن و توانای زانكۆكانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) خستەڕوو، بەپێی ئاماژە سەرەتاییەكان پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) زیاتر لە (٩٠,٠٠٠) دەرچووی ئامادەیی داواكاری بۆ زانكۆكانی كوردستان پیشكەشبكەن، كە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانكۆكانە، هەربۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاریدا بە مەبەستی بەرچاوڕوونی ڕاپۆرتێكی وردو زانستی دەربارەی كێشەو ئاڵنگارییەكانی بەردەم زانكۆكانی كوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بكات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختیكردەوە كە بەبێ دەستەبەركردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكان، ئەستەمە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندكاران لە زانكۆكانی هەرێم جێگا بكەینەوە. 

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزارەت لەژێر ڕۆشنای دوا ئامارو تەشەنەكردنی پەتای كۆڤید -١٩ تاووتوێی پرسی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی (٢٠١٩-٢٠٢٠)ی كردو لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانكۆ (حكومی و تایبەتەكان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم بەمەرجێك لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیكردنەوەكان تەواو بكرێت.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا پرسی پێشكەشكارانی  خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بە وردی تاووتوێ كراو بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانكۆكان و پاراستنی كواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندكرد:

1. پڕكردنەوەی سەرجەم كورسیيە بەتاڵەكانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
2. چارەسەركردنی داواكاری ئەو پێشكەشكارانەی كە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوون و بەهۆی كەمی یان نەبوونی كورسییەوە وەرنەگیرابوون.
3. لە چوارچێوەی داواكاری ئەو پێشكەشكارانەی كە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی سەركەوتوو نەبوون، بڕیاردرا بە پڕكردنەوەی هەموو كورسییە بەتاڵەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لەڕێگای میكانیزمی زانستی گونجاو و رەچاوكردنی رەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشكەشكاران.

بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردەكرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانكۆكان بۆ جێبەجێكردنی، هاوكات كۆبوونەوە جەختیكردەوە كە ئەم بڕیارانە لەدوای تەواوكردنی پرۆسەی پەڵپ و سكاڵاكان و پەسەندكردن و راگەیاندنی  ئەنجامی كۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved