20/5/2020 11:18 PM

پەروەردە هۆشداری دەداتە خوێندنگەو پەیمانگا ناحكومیيەكان

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، هەر خوێندنگەو پەیمانگایەكی ناحكومی پابەند نەبێت بە داشكاندنی نرخی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە رێگای پێنادرێت خوێندكار وەربگرێت.

بۆ گشت قوتابخانەو پەیمانگا ناحكومیەكان

بابەت ـ داشكاندنی كرێی خوێندن

پاش فەرمانی وەزاری ژمارە ٦۱ لە رێكەوتی ۱۱ی ٥ی ۲۰۲۰، بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بكەینەوە پابەندبن بەم خاڵانە، بەپێچەوانەوە هەر قوتابخانەو پەیمانگایەك سەرپێچی بكات جیا لە سزای دارایی، رێگای پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە قوتابی وەربگرێت:

۱ـ داشكاندنی ۱۰٪ پەیوەندی نیە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، كێبركێی نرخ، یان هەستكردن بە بەرپرسیارێتی خۆتان وای كردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان كەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم داشكاندنە نەكەن.

۲ـ نابێت بەهیج خانەوادەیەك بوترێت كە منداڵی یەكەم شمولی داشكاندن دەكات و منداڵەكانی دیكەت شمول ناكات، چونكە ئەمە پەیوەندی بە داشكاندنەوە نیە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانەو ناچێتە خانەی داشكاندنەوە.

۳ـ بەهیچ جۆرێك نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحكومی بكرێت لەپای داشكاندنی نرخی خوێندن هەمان رێژە لە موچەكانیان ببڕدرێت، فەرمانی وەزاری روونە كە دەبێت موچەی مامۆستایان وەك خۆیان بدرێت.

٤ـ پارەی نانخواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژە پێكراو بەڕوونی باسی لێوەكراوە، پێویستە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

بەڕێوبەرایەتيیە گشتیيەكانی پەروەردە لە پارێزگاكان و بەرێوبەرایەتی خوێندنی ناحكومی لە وەزارەت هەموو سەرپێچیەكان تۆمار دەكات و پاشان رێككاری پێویستی لەبارەوە دەگیرێتەبەر، هەر بەڕێزێكیش روبەرووی ئەوە بوەوە مافی خۆی پێنەدرێت دەتوانێت نامە بنێرێت بۆ ئەم ژمارانەی ڤایبرو واتس ئاپ، كە ژووری ئەلیكترۆنی سكاڵای وەزارەتی پەروەردەیە.

07505103232
07505106262
07505106363
07505106464

بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەو پەیمانگا ناحكومیەكان ـ وەزارەتی پەروەردە

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved