20/5/2020 11:27 PM

گەنجێک لەسەر هەڕەشەی ڤیدیۆی نەشیاو دەستگیردەکرێت

گەنجێکی ٢١ ساڵان کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی کچێکی کردبوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتان‌و خێزان لە سلێمانی دەستگیرکرا.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتان‌و خێزان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (مقدم/شۆڕش عەلی ڕەشید) لێپرسراوی نوسینگەی ڕۆژئاوای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ئافرەتان‌و خێزان تۆمەتبارێکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەناوی (ب.أ.ف) تەمەن (21) ساڵ دەستگیر كرد، پاشئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كچێكی تەمەن (17) ساڵ بەناوی (د.م.ا) هەبووە.

دوای ئەوەی پەیوەندییەكەیان گەیشتۆتە ڕادەی چونە دەرەوەو وێنەگرتن‌و ناردنی ڤیدیۆ لە دواجاریشدا داوای وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی لە كچەكە كردووەو كچەكەش بۆی ناردووە، تۆمەتبارەکە ئەم هەلەی قۆستۆتەوەو داواكاری تری هەبووە لەسەر كچەكە، لە بەرامبەر ڕازینەبوونی كچەكەدا تۆمەبارەکە وێنە‌و ڤیدیۆكانی بۆ ڕازیكردن‌ و هەڕەشەلێكردنی كچەكە بەكارهێناوە بە بەردەوامی، كچەكەش لەترسی ئابڕونەچوونی خۆی‌ و پێنەزانینی كەس‌وكاری هەوڵی خۆلەناوبردنی داوە، بەڵام لە دواجاردا سەردانی نوسینگەی ڕۆژئاوای كرد بۆ تۆماركردنی سكاڵا.

دوای بەدواداچوون‌و لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیر بكرێت‌ و دەست بەسەر سەرجەم وێنەو ڤیدیۆكاندا بگیرێت‌ و ڕوبەڕووی سزای یاسایی بكرێتەوە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved