30/5/2020 03:16 PM

کۆچی دوایی پیرترین پیاوی جیهان

رۆبێرت ویتەن، ئەندازیاری و مامۆستای زانکۆی شاری "هەمپشر" لە باشووری بەریتانیا، رۆژی پێنجشەممە لە تەمەنی 112 ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەوە، بە ئارامی و لە کاتی خەودا چاوی بە رووی جیهاندا داخست.
ویتەن لەدایکبووی 29ـی 3ـی 1908ـی باشووری بەریتانیایە و پاش مردنی "چیستێتسۆ واتابانە"ـی ژاپۆنی لە مانگی 2ـی ئەمساڵدا بە فەرمی نازناوی پیرترین پیاوی جیهانی پێ بەخشرا. ئەم نازناوە هەڵبەت بۆ ویتەن هیچ گرنگ نەبوو و دەیگوت شتێکی ئاساییە و من بە هەڵکەوت ئەوەندەم تەمەن هەیە.
ویتەن لەگەڵ ئەوەی 10 کارتی پیرۆزبایی لەلایەن شاژنی بەریتانیاوە وەرگرتووە بەڵام کارتی پیرۆزبایی ئەمساڵی وەرنەگرت و گوتی حەز ناکات بە بۆنەی کارتێکی لەم چەشنەوە لە دارایی گشتیی وڵات خەرج بکرێت.
رۆبێرت ویتەن لە تەمەنی 16 ساڵیدا وەکو فێرخوازی ئەندازیاری دەریا دەست بەکار دەبێت. دواتر دەچێت بۆ تایوان و زمانی چینی فێر دەبێت و لە قوتابخانەیەک وانەی ئایینی دەڵێتەوە. ساڵی 1937 لەگەڵ "ئەگنەس" کە هاوکاری بوو زەماوەندیان کرد و دوو ساڵ دواتر گەڕانەوە بۆ بەریتانیا.
بەم حاڵەوە، سەرەتای ژیانی هاوبەشی ئەم دوو مامۆستایە هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی جیهانیی دووەم و ئەم بنەماڵەیە رەوانەی کەنەدا کران و پاشان ماڵەکەیان گواستەوە بۆ ئەمریکا ولەوێ لە کۆمپانیایەکی فڕۆکەسازیدا دامەزران کە پشتگیری لە بەریتانیا دەکرد لە شەڕەکەدا. ئەم خێزانە ساڵی 1945 دواجار گەڕانەوە بۆ بەریتانیا. ویتەن دەستی کرد بە وانە گوتنەوە لە زانکۆ و هاوسەرەکەی لە 1995ـدا کۆچی دوایی کرد. ویتەن 2 مناڵ و 10 نەوە و 25 نەتیجەی هەیە.
بنەماڵەی ویتەن دەڵێن: "ئەم پیاوە نموونە ئەخلاق، تێکۆشان و وەفاداری بوو و بەهۆی ئەزموونە رەنگاڵە و جۆراوجۆرەکانیەوە ئێمە وەکو سەرچەشن لێمان دەڕوانی. "

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved