30/5/2020 03:24 PM

گەورەترین فڕۆکەی کارەبایی جیهان

کۆمپانی "ماگنیکس/ MagniX" توانیویەتی یەکەمی فڕینی گەورەترین فرۆکەی کارەبایی جیهان بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. ئەم سەکەوتنە دەستکەوتێکی گەورەیە لە بواری تەکنەلۆژیای بزوێنەرە کارەباییەکاندا.
لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکە کارەباییەکان بەڵام تێچووی زۆر، کێشی زۆری باترییەکان و ناکارامەیی ئەم بزوێنەرانە بە براورد لەگەڵ بزوێنەرە ئاساییەکان ئەم رەوتەی خاو کردۆتەوە. یەکێک لە هیوابەخشترین هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەی ئەیرباس E-Fan X بوو لەسەر بنمەمای فڕۆکەی Abe146 بە بزوێنەرێکی کارەبایی(لە کۆی 4 بزوێنەر)، کە دواجار لە مانگی 4ـدا بەهۆی کۆرۆناوە هەڵوەشایەوە.
کۆمپانیای ماگنیکس کە لە سیاتێلی ئەمریکا هەڵکەوتووە، بۆ ئەم فڕۆکەیە بزوێنەری کارەبایی magni500ـی بەکارهێناوە کە هێزەکەی 750 ئەسپە. هەڵبەت بەپێی قسەی بەرپرسی باڵای ئەم کۆمپانیایە، ئاستەنگییە هەنووکەییەکانی تەکنەلۆژیای باتری بۆتە هۆی ئەوەی کە تەنها بیر لە سەفەری کورت‌ماوە(نزیکەی 160 کیلۆمەتر) بکەینەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە نموونەی ئاسایی(بەنزینی) ئەم فرۆکەیە بە ئاسانی 1982 کیلۆمەتر ئەپێوێت. لەم فڕینەی دواییدا هیچ مسافیریک سواری فڕۆکەکە نەبووە چونکە باترییەکان زۆر قورس بوون و نەکراوە کەسی لێ سەرکەوێت.
ئامانجی سەرەکی ماگنیکس لەم پرۆژەیە یەکەم پاراستنی ژینگە و دواتر دابینکردنی سیستەمێکە کە خەرجی کەمتر بێت. ئەم کۆمپانیایە هەروەها دەیهەوێ بەرەو بازەرگانیی گواستنەوە و گەیاندنی ئاسمانی هەنگاو بنێتەوە.

 

سەرچاوە: CNN

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved