2/6/2020 04:58 PM

حەسەن سەلاح سۆران

حەسەن سەلاح سۆران لە 23/9/1941ـدا لە ئاوایی ساروقامیش، لە ناوچەی بۆکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. بابی لە بنەماڵەی بوداق سوڵتان (لە فەرمانڕەوایانی موکری) و دایکی لە بنەماڵەی ئەردەڵانە کە بنەماڵەی ئەردەڵانیش چەند سەدە فەرمانڕەوای کوردستانی گەورە بوون. (باوکی حەسەن خان، واتە برایم سەلاح، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە بووە لە کۆماری کوردستاندا) سۆران بێجگە لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە شاری لەندەن لە کولیژەکانی ( Trinity، Sent Jorj، Dtanford) لە ئینگلستان زمانی ئینگلیسی خوێندووە و وەک پسپۆڕی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیسی لە تاران کار کردووە و لە ساڵی 1965ـەوە وەک شاعیر و نووسەر و وەرگێڕ بەرھەمەکانی بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە. ڕۆژی 16ـی ئەیلوولی 2009  لە ماڵی خۆی لە تاران کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گشتیی شاری بۆکان، لە نزیک گڵکۆی شاعیرانی کورد عەباس حەقیقی و عومەر سوڵتانی ئەسپەردەی خاک کرا.
حەسەن سەلاح سۆران لە سەرەتای لاوییەوە دەستی بە نووسین و لێکۆلینەوە لەسەر زمان و مێژوو و وێژەی کوردی کرد و لە بوارەدا ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی لە دوای خۆی بە جێھێشتووە. ھەروەھا بەسەر زمانی ئینگلیزیدا زاڵ بوو و چەندین بەرھەمی بەو زمانە نووسیوە و وەرگێراوە. و بە سەدان بەرھەمی کورت و درێژی لە سایتەکاندا بلاوکردبووە. سەرەتای بەرھەمەکانی بە رستەی «بە ناوی کوردستانی گەوروە» دەستی پێدەکرد. حەسەن سەلاح سۆران کوڕی برایم سەلاح و برای عەلی گەلاوێژ بوو.

بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:
*شەجەرەی بنەماڵەی بەگزادە بە زمانی فارسی لە ساڵی 1956 لە شاری تەورێز چاپ کراوە.
*دیوانی سۆران، ھەڵبژاردەی ھونراوەکانی لە ساڵی 1966 لە تەورێز چاپ کراوە.( ئەم کتێبە و کتێبی" چریکەی کوردستان"ـی حەسەن زیرەک تاقە کتێبن کە لە دەورەی دەستەڵاتداریەتیی رژێمی پەھلەوێدا چاپ کراون. ئەوەی چۆن سەرەڕای یاساغبوون ئەم دوو کتێبە چاپ کراون پرسیارێکە کە نووسەر حەسەن سەلاح سۆران لە نووسراوەیەکدا وڵامی دەداتەوە و خانم مێدیا زەندیش لە کتێبی زمانی دوولا دا باسی لێوە دەکات).
*ئەشکەنجە و کوشتاری بنەماڵەیەکی کورد، بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 1978 لە لەندەن چاپ کراوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved